گرنگ

لە ماوەی دە مانگدا، ۱۲٦ ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە کراوە


 
لە ماوەی دە مانگدا، ۱۲٦ ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە کراوە
تەنها ٤ ملیار و ۷۹٥ ملیۆن دۆلار بۆ حکومەتی هەرێم ماوەتەوە
تورکیا ملیارێک و ٥۰۰ ملیۆن دۆلاری لەفرۆشتنی نەوتی هەرێم دەستکەوتووە
بوار، تایبەت
لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا کۆتای مانگی تشرینی یەکەم، واتە لە ۱۰ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا حکومەتی هەرێم، بڕی ۱۲٦ ملیۆن و ۷٨ هەزار بەرمیل نەوتی فرۆشتووە، تێکڕای هەناردەو فرۆشنی نەوت لەڕۆژێکدا ٤۱٤ هەزار و ۷۳۰ بەرمیل نەوت بووە.
تێکڕای داهاتی نەوت لەو ۱۰ مانگەدا بڕی ۱۱ ملیار و ۱۰۰ ملیۆن دۆلار بووە. تێکڕای نرخی بەرمیلێک نەوت دەکاتە ٨٨ دۆلار کە نزیکەی ۱۰ دۆلار لە خوار نرخی نەوتی فرۆشراوی سۆمۆوەیە.
کۆمپانیای دیلۆیت کە کاری ووردبینی لە فرۆشتنی نەوتی هەرێم دەکات تا ئێستا تەنها داتای سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵی بڵاوکردووەتەوە کە لەو سێ مانگەدا بڕی ۳۹ ملیۆن و ٨٨ هەزار بەرمیل نەوت فرۆشراوە و داهاتەکەی ۳ ملیارو ٦۳ ملیۆن دۆلار بووە. تەنها ۱ ملیار و ۳٤۳ ملیۆن دۆلار بۆ حکومەت گەڕاوەتەوە.
لەو سێ مانگەدا کۆمپانیاکانی بەرهەمهێن و گواستنەوەی نەوت و حکومەتی تورکیا بڕی یەک ملیار و ۷۲۰ ملیۆن دۆلاریان دەستکەوتووە.
لەسێ مانگی دووەمی ئەمساڵدا تەنها فەرمانگەی میدیاو زانیاری حکومەتی هەرێم داتای بڕی نەوتی فرۆشراو و داهاتەکەی بڵاو کردوەتەوە. بەبێ وردەکاری لە سێ مانگی دووەمی ئەمساڵ حکومەتی هەرێم بڕی ۳۷ ملیۆن و ٦۱٨ هەزار بەرمیل نەوتی فرۆشتووە و داهاتەکەی ۳ ملیار و ۷۷٦ ملیۆن دۆلار بووەو ڕێژەی ٤۲٪ی بۆ حکومەتی هەرێم گەڕاوەتەوە کە ۱ ملیار و ٥۷۲ ملیۆن دۆلارە. لە بەرامبەردا تورکیاو کۆمپانیاکان ۲ ملیار و ۲۰٤ ملیۆن دۆلاریان دەستکەوتووە.
لە مانگی تەمووزدا، هەرێم ۱۲ ملیۆن و ۳٤۰ هەزار بەرمیل نەوتی فرۆشتووە و تێکڕای نرخەکەی ۱ ملیار و ۲۰۰ ملیۆن دۆلار بووەو ٤٤٪ ی گەڕاوەتەوە بۆ حکومەتی هەرێم کە نزیکەی ٥۲٨ ملیۆن دۆلار بووە. کۆمپانیاکان و تورکیا زیاتر لە ٦۷۰ ملیۆن دۆلاریان دەستکەوتووە.
لە مانگی ئابدا، بڕی ۱۱ ملیۆن و ٥٦۲ هەزار بەرمیل نەوت فرۆشراوەو داهاتەکەی یەک ملیارو ٤٨ ملیۆن دۆلار بووە. ٤٦۲ ملیۆن دۆلار بۆ حکومەتی هەرێم ماوەتەوەو ٥٨٦ ملیۆن دۆلار بۆ کۆمپانیاکان و حکومەتی تورکیا ڕۆیشتووە.
لە مانگی ئەیلولدا بڕی ۱۳ ملیۆن و ۲۲۰ هەزار بەرمیل نەوت هەناردە کراوە، داهاتەکەی ۱ ملیار و ۱٨ ملیۆن دۆلار بووەو حکومەتی هەرێم نزیکەی ٤٥۰ ملیۆن دۆلار و تورکیاو کۆمپانیاکانیش ٥٦٨ ملیۆن دۆلاریان دەستکەوتووە.
لە مانگی تشرینی یەکەم، ۱۲ ملیۆن و ۲٥۰ هەزار بەرمیل نەوت هەناردە کراوە، داهاتەکەی ۹۹٥ ملیۆن دۆلار بووە. حکومەتی هەرێم ٤٤۰ ملیۆن دۆلارو و تورکیاو کۆمپانیاکان ٥٥٥ ملیۆن دۆلاریان دەستکەوتووە.
حکومەتی هەرێم تێکڕا بۆ هەر مانگێک نزیکەی ٤٨۰ ملیۆن دۆلاری بۆ ماوەتەوە. کۆمپانیاکان و حکومەتی تورکیا تێکڕا مانگانە ٦۳۰ ملیۆن دۆلاریان دەستکەوتووە.
حکومەتی هەرێم لە کۆی پارەی نەوتی فرۆشراودا ٤ ملیار و ۷۹٥ ملیۆن دۆلاری بۆ ماوەتەوە کە دەکاتە ٤۳٪.
کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنی نەوت و کۆندێنسەیت لە هەرێم بریتین لە کارگروپ و DNOو HKNو گوڵف کیستۆن و تاقەی ئیماراتی و داناگاز و گەنەڵ ئینێرجی و گازپڕۆم و وێسترۆن زاگرۆس ووکریسنت ئینێرجی و ئوڕێکس و شاماران پیترۆڵیۆم و ئەداکسن، مانگانە وەک شایستەی دارایی تێچوی دەرهێنانی نەوت، شایستەی دارایی لە حکومەتی هەرێم وەردەگرن.
کۆمپانیای بۆڕی نەوتی هەرێم kpc کە کارگروپ و ڕۆسنەفتی ڕووسی خاوەندارێتی دەکەن لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵ، بڕی ٤ ٪ ی پارەی فرۆشتنی نەوتی هەرێمیان بۆ ڕۆشتووە.
کۆمپانیای وزەی تورکی و کۆمپانیای پترۆڵی نێودەوڵەتی تورکیا و کرێی بۆڕی لە تورکیاو کرێی کۆگای بەندەری جەیهان تەنها لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵ پتر لە ٨٪ ی پارەی نەوتی هەرێمیان بۆ ڕۆشتووە. لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا حکومەتی هەرێم بڕی ٦۲٨ ملیۆن دۆلار شایستەی دارایی ساڵانی پێشوتری داوەتەوە کۆمپانیاکانی نەوت کە وەک قەرز لەسەری کەڵەکە بوون.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color