ئێران، یاسای حیجاب هەموار دەكاتەوە
هەوڵێكی نوێی تاران بۆ كۆتایی هێنان بە خۆپیشاندانو ناڕەزاییەكان
بوار، تاران
رژێمی ئێران دەست بە مانۆڕێكی نوێ دەكات، كە جیاوازە لە مانۆڕەكانی پێشووتری، ئەوەش بۆ كۆتایی هێنان بەو خۆپیشاندانو ناڕەزاییانەی ماوەی چەند مانگێكە لە شارو شارۆچكەكانی ئەو وڵاتە سەریهەڵداوە.
مانۆڕەكەی ئەمجارەی رژێمی ئێران بۆیە جیاوازە، چونكە دوورە لە توندوتیژیو رووبەڕووبوونەوەی خۆپیشاندەرانو سەركوتكردنیان، كە ئەویش بریتییە لە پێداچوونەوە بە یاسای حیجاب، كە سەرچاوەی ناڕەزاییو خۆپیشاندانەكانی چەند مانگی رابردووە.
خۆپیشاندانەكان لە ئەنجامی گیان لە دەستدانی كچە كوردێكی رۆژهەڵاتی كوردستان لە شاری تاران بەناوی ژینا ئەمینی هات، كە ئەو كچە بە بیانووی پابەندنەبوون بە جلوبەرگی شەرعیو حیجاب لەلایەن پۆلیسی ئەخلاقی تاران دەستگیركراو دوای ئەشكەنجەدانی گیانی لەدەستدا.
ئەوە سەرەتایەك بوو بۆ دروستبوونی زنجیرەیەك خۆپیشاندانی گەورە گەورە لە سەرجەم شارو شارۆچكەكانی ئێران، كە تائێستاش بەردەوامی هەیە، بەو هۆیەشەوە، رژێمی ئێران لە رێگەی پەرلەمانو دەسەڵاتی دادوەری، دەیەوێت گۆڕانكاری لە یاسای حیجاب بكات.
چاودێران لەو بارەوە دەڵێن ئەم هەنگاوە ڕەنگدانەوەی بێتوانایی ئێرانە لە ڕووبەڕووبوونەوەی ناڕەزایەتییەکان، هەر لەبەر ئەم هۆکارەش پەنا بۆ هەنگاوێک دەبات بۆ کەمکردنەوەی فشارەکان لە ناوخۆ و دەرەوە، بەتایبەتی دوای ئەوەی بازنەی بەشداری ژنان لە خۆپیشاندانەکاندا فراوانتر بووە.
چاودێران دەشڵێن: پرسی گۆڕانكاری لە یاسای حیجابدا هەستیارە و ئەستەمە رژێمی ئێران بتوانرێت هیچ کەلێنێکی تێدا بدۆزێتەوە، تا یاساكە ئاسان بكاتو خەڵكی ناڕازی وڵاتەكەی رازی بكات.
چاودێران هۆكاری ئەوەش بۆ ئەوە دەگێڕنەوە، كە هەم لە دەسەڵاتی یاسادانان، هەم لە دەسەڵاتی دادوەری ئێران، كەسانی زۆر توندڕەوی تێدایە، بۆیە ئاسان نییە گۆڕانكاری لەو یاسایە بكرێت، كە نزیكەی نیو سەدەیە وەك خۆی پەیڕەو دەكرێت.
لە کاتی خۆپیشاندانەکاندا خۆپیشاندەران لەچكەكانیان دەسووتاند و دروشمی دژە حکومەتیان دەوتەوەو لەدوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینشەوە، ژمارەی ئەو ژنانەی حیجاب رەتدەكەنەوە، رۆژ بە رۆژ لەزیادبووندایە، بەتایبەتی لە باكووری وڵات، كە دەكاتە ناوچەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان.
یاسای حیجاب لە مانگی پووشپەڕی ساڵی 1983، واتە چوار ساڵ دوای شۆڕشی ئیسلامی، کە ڕژێمی شای ڕووخاند دەركراو لەبەركردن جلوبەرگی شەرعیو پۆشینی حیجاب، بوو بە ناچاری.
بەقسەی محەممەد جەعفەر مۆنتەزەری، داواکاری گشتی ئێران ئێستا پەرلەمان و دەسەڵاتی دادوەری کار (لەسەر ئەم پرسە) دەکەن، بەبێ ئەوەی وردەكاری دەستكارییەكە بخاتەڕوو.
پێشتریش لەسەر ئەو پرسە، دەستەی بەرپرسی پێداچوونەوەکە لەگەڵ لیژنەی ڕۆشنبیری پەرلەمان کۆبوونەوەی كردووەو داواکاری گشتیش ڕایگەیاند، ئەنجامەکان لە ماوەی یەک دوو هەفتەدا" بڵاودەکرێنەوە.
هاوكات ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران لە وتارێکی تەلەفزیۆنیدا وتی: بناغە کۆماری و بنەما ئیسلامییەکانی ئێران لە دەستووردا بە پتەوی جێگیرکراون، بەڵام دەكرێت ئامرازەکانی جێبەجێکردنی دەستوور نەرم و نیان بكرێت.
ماوەی چەند ساڵێكە لە ئێران لەگەڵ یاسای حیجاب و گرتنەبەری رێكاری توند بۆ جێبەجێكردنی یاساكە، بەڵام ژنانو كشانی ئەو وڵاتە بە بەردەوامی هەوڵی ئەوەیان داوە بە پۆشینی جلی جۆراو جۆر ئەو یاسایە بشكێننو پابەند نەبن پێیەوە.