گرنگ

#سەمای_مارەکان


 
(183)
دەستم لێهەرشەقاندن و گۆتم ناگەڕێمەوە، هاواریانکرد: وەرە مەڕۆ، ئەو نیعمەتە بەدەست هەموو کەس ناکەوی، وەرەوە جەنابی پاشا وەرەوە! درم خورپەکی کردو گۆتم: وەچاکە بگەڕێمەوە، چم لەو سەرهێشەی گوندی و مامەستایەتی و هەرای قادراغەو نادراغەو زەیتون و شکۆی دایە، دەچم لۆخۆم دەبمە پاشای سەرتەختی ئەجندان و خۆشترین ژیان دەژیم! جرەوی هەسپەکەم سوڕاند بگەڕێمەوە، مام قەتۆ ئاوڕیداوەو گۆتی: ئەوە کێوە دەچی؟ گۆتم: بانگم دەکەن، گۆتی: کێ بانگت دەکا؟ گۆتم: ئەجندەکان، دەرێن وەرە دەتکەینە پاشای خۆمان! گۆتی: کورە دە بادەوەو وەرەوە، ئەجندەی چ و حاڵی چ، دەترسێم بەو قسانەیمە باوەڕتکردبی، ئەمە سوحبەتەکبوو لەگەڵمانکردی، دە تەماشا ڕێیەکەی کەوە بزانە هیچ دەبینی! ئاوڕمداوەو تەماشا ئەو جێیەم کردەوەو کە ئەجندەکان بە شیروتیرەوە لێ ڕاوەستابوون، هیچم نەدیت، لە تاریکاییەکی بترازێ هیچیدی دیارنەبوو، گۆتم: ئەی ئەوە چییان لێهات! مام قەتۆو سوارە تێر تێر پێکەنین و گۆتیان: ڕاستە ئەو ڕێیە ناوی ڕێی ئەجندانە، بەران ئەوەی باپیرانمان باسیانکردیە، لە خەون و خەیاڵ بترازێ هیچیدی نییە، ئەمە هەر ویستمان سوحبەتەکت لەگەڵ بکەین و تۆزەک خەمت لەبیر ببەینەوە، ئەمە گیرمان بەدەست دوو پاشایان(قادر و نادر)خواردیە، ئەوجە نۆبەتی تووە ببیە پاشاو کەڵەگا لەسەریمەو ئەجندان! گۆتم: وەڵلا ئەوەی لەگەر منتانکرد، سوحبەت نەبوو، پێڕابواردنبوو، وەڵلا هەندەی نەمابوو شێتبم، توخوا ئەوە ئیشبوو لەگەر منتانکرد، سوارە گۆتی: بەخوای برا ئەجندە لەدورو نێزیک پەیوەندی بە بنیادەمی نییە، ئەوە ئەمەینە زەندەقی خۆمان بردیە، چیدیش خۆت تاخیر مەکەو بابڕۆین! گۆتم: یەعنی ئەوەی دیتم و بەسەرمهات هەمووی خەیار(خەیاڵ)بوو؟ گۆتیان: بەڵێ! قەناعەتم نەکرد، لۆیێ دیسان ئاوڕەکم لە ڕێی ئەجندان داوەو بەینەکی ڕاوەستام، گۆتم: بزانم دیسان بەدەرناکەونەوە، کە بێ هیوابووم دەرناکەون، جرەوی هەسپەکەم گرت و سوڕاندم و دوو پێنەم لە تەنگەیداو کەتمە دوو مام قەتۆو سوارەی.
لە ڕوباری پەڕینەوەو هێدی هێدی ڕۆیشتین لۆ بناری چیایەکەی، مام قەتۆ گۆتی: ئەگەر قادراغە بەسەر گوندی دادا، لێرەوەدێ، ئێرە باشترین ڕێیە، گۆتم: ئەتوو برێی ئەو ئیشەی بکا؟ گۆتی: بەتەنێ پێی ناکرێ، بەران هەر دەیکاو بە سانایی واز لەخێروبێری ئەو گوندەی ناینی، کێ لە گوندیبی، ئەو هەوە، بڕواناکەم وەهازووش لەسەر دابەشکردنی گوندی پێکبێن، شەڕەکیدی چاوەڕێی ئەو گوندەیەو هەر کوڕی فەقیریش تێدەچی! سوارە گۆتی: مامۆستا بەگێی من دەکەی هەتا ئەو شەڕە دەستی پێنەکردیە لەگەڵ شکۆی خۆتان قورتاردەکەن، گۆتم: ئەمن بڕیاری کۆتاییم دایە، جارەکیدی ناگەڕێمەوە گوندی، دەزانم چارەنووسەکی نادیار بەرەو ڕووی ئەو گوندەی دێ.
گەیشتینە بناری چیای، دیتم دوو کەس چاوەڕێمان دەکەن، سەلاممان لێکردن و گۆتیان: دابەزن، نان داندرایە، پارە نانەکی بخۆن ئەوجە بڕۆن، سەرکەتنی چیای ماندیتان دەکا، دەبی بەتێری بەڕێبکەون، لە هەسپی هاتینە خوارێ و لەسەر چینچکان دانیشتین، نان و ماست و چایەیان دانابوو، مام قەتۆ گۆتی: بەپەلە نانی دەخۆین و دەڕۆین، دەبی پێشی ڕۆژهەڵاتێ بگەینە ئەشکەفتەکەی!
مایتی.
نووسینی: ئوسامە جەمیل عەلی.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color