گرنگ

داهاتی مانگانەی نەوتی هەرێم بۆ نزمترین ئاستی ئەمساڵ دابەزی


 
داهاتی مانگانەی نەوتی هەرێم بۆ نزمترین ئاستی ئەمساڵ دابەزی
مانگی ڕابردوو چین و سەنگاپورە، زیاتر لە سێ ملیۆن بەرمیل نەوتی هەرێمیان کڕیوە
بوار، تایبەت
بەپێی داتاکانی بارکردنی نەوت لە بەندەری جەیهانی تورکی، مانگی ڕابردوو زیاتر لە ۱۳ ملیۆن و ٦۳٤ بەرمیل نەوت فرۆشراوەو لەو بڕە هەرێمی کوردستان ۱۱ ملیۆن و ۳۷۱ هەزار بەرمیل نەوتی فرۆشتووە. ئەو بڕەی تر کە بریتییە لە ۲ ملیۆن و ۲٦۳ هەزار بەرمیل نەوتی کەرکوک، لە ڕێگای کۆمپانیای سۆمۆوە فرۆشراوە.
لە مانگی ڕابردوو حکومەتی هەرێم ئەو بڕە نەوتەی فرۆشتویەتی لە ڕێگای ۱٤ کەشتی نەوت هەڵگرەوە فرۆشراوە. بۆ یەکەمجارە لە سەرەتای ئەمساڵەوە کەمترین داهاتی لە فرۆشتی نەوت دەست کەوتووە بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە.
لە مانگی ڕابردوو هەر بەرمیلێکی نەوتی هەرێم بە ۷٨ دۆلار و ٦۰ سەنت فرۆشراوە، لە کاتێکدا کۆمپانیای سۆمۆ نەوتی کەرکوکی لە هەمان بەندەر بە ٨۳ دۆلار و ٨ سەنت فرۆشتووە.
داهاتی نەوتی هەرێم بریتی بووە لە ٨۹۳ ملیۆن و ۷٦۰ هەزار دۆلار کە دەکاتە نزیکەی یەک تریلیۆن و ٣٢٠ ملیار دینار.
تێکڕای فرۆشتنی نەوت لە ڕۆژێکدا بریتی بووە لە ۳۷۹ هەزار بەرمیل نەوت، چین و سەنگاپورە ۳ ملیۆن و ۱۰۰ هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمیان کڕیوە، بەجۆرێک سەنگاپورە ۲ ملیۆن و ٥۰ هەزار بەرمیل نەوتی لە ڕێگای دوو کەشتی نەوت هەڵگرەوە کڕیوەو کەشتەیەکیش بە یەک ملیۆن و ٥۰ هەزار بەرمیلەوە لە ٤ی مانگی ڕابردوو بەرەو بەندەری ڕیژاوۆ لە چین بەڕێکەوتووە.
وڵاتی کرواتیا کڕیاری یەکەم و ئیتالیا کڕیاری دووەمی نەوتی هەرێم بوون لە مانگی ڕابردوو و دواتر میسر و ڕۆمانیاو ئیسرائیل. هەریەکەو یەک باری نەوتی هەرێمیان کڕیووە.
چاوەڕوان دەکرێت بۆ ئەم مانگە کەمتر لە ٦۰۰ ملیار دینار بۆ حکومەت لە داهاتی نەوت بمێنێتەوە بۆ حکومەت. بەو پێیەی شایستەی کۆمپانیاکان و کرێی بۆڕی و گومرک و کۆگاو کۆمپانیای وزەی تورکی و دانەوەی قەزر بڕی ٥٦٪ ی داهاتی نەوت دەبەن.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color