گرنگ

#سەمای_مارەکان


 
(186)
گۆتم: چییە دەتانەوێ دیسان پێم ڕابوێرن، مام قەتۆ پێکەنی و گۆتی: سوارە بە ئاسانی وازناینی، گۆتم: تەواو، تازە بەڕاستیش ئەو شتانە ببینم کارم لێناکا، سوارە گۆتی: یاڵلا بابڕۆین، وەڵلا نەماری دووسەری لێیە نەحەزیا، هەر حەزمکرد سوحبەتەکت لەگەڵبکەم! دەستوبردمانکردو هەندەی نەبرد گەیشتینە کانییەکەی، هەندی دەمێ دەستنوێژمان شووشت و نوێژی بەیانیمانکرد، پشییەکی دە دەققەییمانداو هەستاینەوەو بەڕێکەتین، هێدی هێدی تیشکی ڕۆژێ لەچیای دەداو دنیای ڕۆناک دەکردەوە، مام قەتۆ گۆتی: ئەوەی باشە، ئەو داروبارە چڕانە وەدەکەن نە پیاوەکانی نادراغەی، نەئی قادراغەی بمانبینن، سوارە گۆتی: بەدووربینیش تەماشامان بکەن نامابیننەوە، مام قەتۆ گۆتی: جارەکی لەگەڵ نادراغەی لۆ ڕاوێ هاتمە ئێرە، هێشتا دنیا ئەوها تێکنەچووبوو، وەها بەتوندی دەستیان لە قوڕگی گوندی گیرنەکردبوو، نادراغە لەو پەنا بەردەی هەرسەکی(ورچ، هورچ)کوشت، لە هەمووی سەیرتر ئەوەبوو، گۆتیە پیاوەکانی: کەوڵیکەن و جەرگ و ناوەکەم لۆ لەشیشی بدەن! گۆتم: ئاغە ئەوە گۆشتی حەرامە، کوو دەیخۆی؟ گۆتی: ئەمن حەرامم لێدەکەوی، لەو ڕۆژیوە زانیم ئەوانە دەست لە هیچ ناپارێزن!
لەچیای ئاودیووبووین، ڕێیەکە دەچووە خوارێ، ترسی زیاتربوو، چونکە هەتا دەهات باریکتر دەبۆوە، چارەمان نەبوو و دەبایە بیبڕین، چونکە شۆڕبوونەوەبوو، لەسەرەخۆتر دەڕۆیشتین، گۆتم: بەس بگەمە ئەشکەفتی، جارێ هیچ ناکەم، هەتا تێر نەنووم، وا هەردوو چاوم کۆرەدەبی لۆ خەوێ، سوارە گۆتی: ئەمەش هەروەها، هەرچەندە ئەمن دەبی لەگەڵ حەسەنەفەندی زوو بگەڕێمەوە، نابی نادراغە گومانی ئەوەی ببا، ئەمن گوندم بەجێهێشتیە، چەندجار گەفی(هەڕەشە)لێکردیمە، ئەگەر واز لە دەربازکردنی خەڵکی گوندی نەینی دەتکوژم، بەران وەمنەکردیە بزانی، مام قەتۆ گۆتی: ئەمن ناگەڕێمەوە هەتا ئەو دوو مامۆستایەی دەربازنەکەم، ئەوانە ئەمانەتی منن، دوعای بکەن لەماوەی دوو ڕۆژی، ڕێی ئەوبەری هێمن بیتەوە، یەکسەر بەوێدا دەربازتان دەکەم، هەرچەندە گێملێبووە هێزەکی زۆری کاکەڕەشی هاتتەوێندەرێ لۆ هاوکاری قادراغەی، بەران هێشتا بەتەواوی ڕۆن نەبوویتەوە لۆ هەندێ هاتیە یان نا؟ گۆتم: ئەتوو برێی پێشی بەسە گوندی دادەن ئەوناوەی تۆپباران نەکەن؟ گۆتی: هیچ بەدووری مەبینە، کاکەڕەش دوژمنی بست بە بستی ئەو وڵاتەیە و ئەوەی لەدەستی بێ دەیکا.
بەینەکی باش ڕۆیشتین و مام قەتۆ ئاوڕەکی لەمن داوەو گۆتی: غەریبی نازەی ناکەی؟ بەینەکی بێدەنگبووم و چاوەشینەکانی نازەم بەبیرهاتەوە، کە یەکەمجار هاتە مەکتەبێ و برایەکەی هینا ناونووسی بکەین، ئەو چاوانەی هەند بەتیژی تەماشای دەکردم، ئاگری لەهەناوم بەردەدا، مام قەتۆ گۆتی: دەبینم بێدەنگی و وەرام نادەیەوە! گۆتم: نازانم لۆ لەودەمەی ئەو پرسیارەت بەخەیاری داهات، گۆتی: بەخۆشم نازانم، بەران حەزدەکەم بزانی ئەمنیش کەونە عاشقم، تەمەنی گەنجیم لەسەر کیژەکی داناو لۆشم نەبوو، گۆتم: پێمناخۆشە لۆت نەبووە، بەس لەبەرچ لۆت نەبوو؟ گۆتی: چونکە دووسێ جار داوامکرد، بابی لێی بووە منجڕی و(عەکسی)گۆتی: بمکوژن و بمبڕن نایدەم، دنیام پێوەنا، نەیداو نەیدا، ئاخیری لەتاو پێداگرتنی من لەهیکڕا ماڵی لەگوندی بارکردو ڕۆیی، دنیاوبنیام لەدووکردن نەمدیتنەوە، لە کۆڕەوەکەی چار پێنج ساڵ پێش ئێستا، خزمەکمان گۆتی: مام قەتۆ ژنەکی گوڵفرۆشم لە بۆکانێ دیت، کە زانی خەڵکی ئەو گوندەیمە، گۆتی: کەس ناناسی لەگوندی ناوی قەتۆبی؟ گۆتم: خزمی منە، گۆتی: سەلامی منی لێبکەو بڵێ ئازیز لەسەر عەهدو پەیمانی خۆیتی، کە کابرا لۆی باسکردم، بەو تەمەنەی تخوبم(حدود، سنور)بست بەبست بڕی و چوومە بۆکانێ، هەتا گەیشتمەوێ بەنەخۆشی سیلی مردبوو! مام قەتۆ بەینەکی باش بێدەنگبوو، تەماشای هەردوو چاوەکانیمکرد، دیتم وەکی بارانی بەهارێ فرمێسکی لێدەهاتە خوارێ، بەینەکی باش بێدەنگبووم و هیچ قسەم نەکرد، ئەویش وەکی من بێدەنگبوو، ئەوجە ڕووی لەسوارەی کردو گۆتی: سوارە، بینە جغارەکم بدێ، با زیاترو زیاتر ئاگر لە هەناوم بەردەم! سوارە جغارەکی لەباغەری دەریناو دایە مام قەتۆی، ئەویش بە شقاتەکەی گیرفانی پێیکردو قومەکی دورودرێژی لێدا، ئەوجە تەماشای منی کردەوەو گۆتی: پێت نەگۆتم، غەریبی نازەی دەکەی یان نا؟
مایتی.
نووسینی: ئوسامە جەمیل عەلی.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color