گرنگ

مەلا سوننەكان بەتوندی دژی دەسڵاتی ئێران دەوەستنەوە


 
شۆڕشی مەلاکان دژی ئاخوندەکان
مەلا سوننەكان بەتوندی دژی دەسڵاتی ئێران دەوەستنەوە
بوار، تایبەت
دوای ٤۳ ساڵ لە دامەزراندنی کۆماری ئیسلامی و سەپاندنی ڕێساکانی مەزهەبی شیعە بەسەر تەواوی وڵاتدا، یەکەمجارە بەو شێوەیە شەپۆلێکی خۆپیشاندان و ناڕەزایی فراوان دژی دەسڵاتی ئەو وڵاتە دروست ببێت و سەرچاوەکەشی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە بێت و پایەکانی ڕژێم لە ئێران بهێنێتە لەرزە.
ئێستا خۆپیشاندانەکانی ئێران لە سێ مانگ نزیک دەبنەوە و لەو ماوەیەدا هەزاران کەس گیراون و سەدان کەس کوژراون لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوەو دەیان کەسیش لە هێزە ئەمنییەکان لەسەر دەستی خۆپیشاندەران کوژراون.
لەو چوارچێوەیەدا پێک هاتەی سوننە لەئێران‌و رۆژهەڵاتی كوردستان دووجار ڕووبەڕووی زەبرو زەنگی ڕژێمی ئێران بوونەتەوە، جارێک وەک هەموو هاووڵاتییەكی ئێران ناڕازین و جارێکی تریش وەک مەزهەبی سوننە مامەڵەی جیاواز و پلە دوویان لەگەڵ کراوە.
بەڵام ئەوەی جیاوازە ئەوەیە، لە خۆپیشاندانی ئەمجارەی ئێران لەناوچە سوننییەکان مامۆستایانی ئاینی وەک سەرمەشق و ڕابەری خۆپیشاندانەکان دەردەکەون و بەو پێیەی لە ئێران ئۆپۆزسیۆن نییەو تەنیا هەردوو هێڵی پارێزگار و ڕیفۆرمخواز هەن، بەپێی دووری و نزیکیان لە ڕابەری شۆڕش و سوپای پاسداران پۆلێن دەکرێن و هەموویان خۆیان بەبەشێک لە ڕژێم دەزانن.
لە ماوەی ئەو سێ‌ مانگی خۆپیشاندانە لە ئێران سانسۆرەکانی دەسەڵات لە سەر ڕاگەیاندنی بیانی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و فلتەرکردنیان بواری ئەوەی نەهێشتووەتەوە خۆپیشاندانی شارەکان پەیوەندیان پێکەوە هەبێت و بتوانن لەسەر ئاستی ئێران هەماهەنگی دروست بکەن و چالاکوانان خۆپیشاندانەکان بەڕێوە بەرن، بۆیە خەڵک مامۆستایانی ئاینی وەک ڕێبەر دەزانن و خوتبەی ڕۆژانی هەینی لە سەردەمی خۆپیشاندانەکاندا بووەتە وتارێکی پەیامداری سیاسی و ئاینی و مامۆستایانی ئاینی بوونەتە سیمبولی ناڕەزایەتیەکان دژ بە دەسەڵاتی مەزهەبی ئێران.
سوننە لە ئێران لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ئوستانەکانی کوردستان و ئازەربایجانی ڕۆژئاواو بەشێک لە کرماشان و لە باکووری ئێران لە تالش و گوڵستان و لە باشووری ڕۆژهەڵات لە سیستان و بەلوجستان هەن و بەبەراورد بە ناوچەکانی ئێران ناوچە سوننە نشینییەکان زۆرترین ناڕەزایەتی تێدا بووە.
هەر لە سەرەتای توندوتیژییەکانی هێزە ئەمنییەکانی ئێران دژی خۆپیشاندەران مامۆستایانی ئاینی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەلوجستان لە وتارەکانیاندا بەتوندی بەگژ مامەڵەی هێزە ئەمنییەکاندا چوونەوەو خوتبەی هەینی مزگەوتەکان بووەتە مینبەرێک بۆ دەربڕینی ناڕەزایی دژی دەسڵاتدارانی ئێران .
مەلاکانی کورد و بەلوج لەسەردەمی خۆپیشاندانەکانەوە جمەی مزگەوتەکانیان دێت و بەوتارە ئاینییەکانیان بەگژ دەسڵاتی ئاینی شیعەدا دەچنەوە، هەرچەندە ووتارەکانیان توندە، بەڵام دەسڵاتداران خۆیان لە هەرکردارێک دژی مامۆستایانی ئاینی بەدوو گرتووە، چونکە ترسیان لە تەقینەوەی زیاتری دۆخەکە هەیە.
بەپێی چەند زانیارییەکی دزە پێکراو لە ناو هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە بەفەرمانی عەلی خامەنەیی ڕابەری باڵای کۆماری ئێران و ئیسماعیل خەتیب زادە وەزیری ئیتڵاعاتی ئێران سەرجەم هێزە ئەمنییەکان ئاگادار کراونەتەوە ، هیچ ڕەفتارێکی توند بەرانبەر زانایانی ئاینی نەنوێنن، چونکە دۆخەکە زیاتر ئاڵۆز دەکات و زیاتر ئیتلاعات بەتایبەت و نهێنی پەیامی ئاگادارکردنەوە بۆ مامۆستایانی ئاینی دەنێرێت.
لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان زانایانی ئاینی لەشارەکانی ورمێ و سەقز و بانەو سنە و دیواندەرەو مەریوان و سابڵاخ و مهاباد و کامیاران و پیرانشار و بۆکان و دێوڵان و چەندین شاری تر ئەنجوومەنیان دروست کردووەو لەسەر توندوتیژی و ڕەفتاری هێزە ئەمنیەکان لە خۆپیشاندانی هەر شارێک بەیاننامە دەردەکەن.
وتاری هەینی مەلاکان و بەیاننامەکانیان کە چەندین مامۆستای ئاینی پێکەوە دەیخوێننەوە بەزوویی بە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بەتایبەت تێلگرام بڵاو دەبێتەوە سەرەڕای فلتەر کردن و سانسۆر کردن.
هەڵوێستی زانایانی ئاینی بۆ دەسڵاتدارانی ئێران زۆر قورسە و ئەو ڕژێمەی خستووەتە بەر تاقیکردنەوەیەکی سەخت، کە دەرچوون لێی ئاسان نییە و سەرەڕای لەدەستدانی پشتیوانی جەماوەر ئەمجارە ڕژێم پشتیوانی و هاودەنگی زانایانی ئاینی لەدەستداوە و ترسی ڕژێم لەوەیە ئەم هەنگاوەی زانایانی ئاینی سوننە بگوازرێتەوە بۆ ناو پیاوانی ئاینی شیعەو ئەوکات هەڵگەڕانەوە لە مەرجەعیەتی باڵاو لەحەوزەی قوم دروست بێت و ئەو شەرعیەتە مەزهەبیەی ڕژێمی ئێرانی لەسەر وەستاوە نەمێنێت.
بەڵام ئەوەی تۆزێك بووەتە هۆی لاوازی ئەو پەیامە ئەوەیە، پارتەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان زۆربەیان عیلمانی و هەڵگری ئایدۆلۆژیای چەپن و بوارێکیان نەهێشتووەتەوە بۆ مامۆستایانی ئاینی و تەنیا دوو ڕێکخراو هەن، کە مامۆستایانی ئاینی دەتوانن لەژێر چەتری ئەو دوو ڕێکخراوەدا خۆیان ڕێکبخەن، ئەوانیش یەکەمیان ڕێکخراوی خەباتی شۆڕشگێڕی کوردستانە، کە لەئێران یاساغە و لە ساڵی ۱۹٨۷ لە بەسەرۆکایەتی مەلاخدر عەباسی لە سازمانی خەبات جیابووەتەوە، دووەمیان مەکتەبی قورئانی لایەنگرانی ئەحمەدی موفتی زادەیە، کە لەناو ڕۆژهەڵاتدا کەزۆربەی زانایانی ئاینی لەخۆی کۆکردووەتەوەو تاڕادەیەک ڕایەڵەیەکی پتەوی لە هەموو شارو شارۆچکە سونیەکان هەیە و لەسەر هێڵێکی میانڕەوی ئیخوانی کاردەکات.
ڕێکخراوی خەبات زیاتر لەپلاتفۆڕمەکانی سۆشیال میدیا گرنگی بە خۆپیشاندانەکان و ڕۆڵی مامۆستایانی ئاینی دەدات و مەکتەبی قورئانیش ڕۆڵی کۆکردنەوەو یەکخستنی مامۆستایانی ئاینی دەبینێت.
دەسەڵاتدارانی ئێران وەک ئۆپۆزسیۆن تەماشای سونە لە ئێران دەکەن و هەمیشە بەمەترسیان دەزانن لەسەر ڕژێمەکەیان و مامۆستایانی ئاینی سونەش وەک لوتکەی ئەو ئۆپۆزسیۆنە دەبینن و بەدرێژای مێژووی کۆماری ئیسلامی ڕێگەیان نەداوە هیچ مزگەوتێکی سونە لەتاران وتاری هەینی هەبێت لەکاتێکدا تاران گەورەترین شاری ئێرانەو دانیشتوانی سەروی ۱۳ ملیۆن کەسەو مەزەندە دەکرێت دوو ملیۆن پتر موسوڵمانی سونەی لێبێت.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color