گرنگ

"گەورەترین یاری كۆتایی"


 
"گەورەترین یاری كۆتایی"
یاری كۆتایی مۆندیال لە چاوی ئەستێرەكانی تۆپی پێ‌ و وەرزشەكانی تر
بوار: جیهان
دوای یارییە شێتانەكەی مۆندیالی قەتەر، كە زۆرێك بە گەورەترین یاری كۆتایی ناوی دەبەن، كاردانەوەی زۆر دروست بووە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان.
زۆرێك لە كاردانەوەكان، بریتین لەو یاریزان‌و ئەستێرانەی لە رابردوو یاری تۆپی پێیان كردووەو زۆرینەشیان یارییەكەیان بە شێتانەو گەورە ناوبردووە.
شەوی رابردوو هەڵبژاردەی ئەرجەنتین بە سەرۆكایەتی لیۆنێل میسی ئەستێرەی پۆتی پێ‌، دوای 36 ساڵ توانی نازناوی مۆندیال بەرێتەوە، كە ئەوە بووە هۆی ئەوەی كاردانەوەی سەر یارییەكە زیاتر بێت.
لایەنی دووەمی یارییەكە هەڵبژاردەی فەرەنسا بوو، كە دوای پێشكەشكردنی ئاستێكی باڵا لەلایەن هەردوولاوە بە كاتی یاسایی زیاد كراو بە سێ‌ گۆڵ یەكسان بوون، دواتر ئەرجەنتین بە لێدانی یەكلاكەرەوە چوار گۆڵ بەرانبەر دوو گۆڵ براوە بوو.
بەمەش دواجار لیۆنێل میسی جامی جیهانی بە تەمەنی 35 ساڵی بەرزكردەوە، كە رەنگە ئەمە دواین بەشداری بێت لە یارییەكانی مۆندیال.
لەسەر یارییەكە مایكڵ ئۆین ئەستێرەی پێشووی تۆپی پێی ئینگلیزی نووسیویەتی "یارییەكی چاوەڕوان نەكراو، بێگوان ئەمە گەورەترین یاری كۆتایی مۆندیال بوو".
هەروەها سیسك فابریگاس، یاریزانی پێشووی ئیسپانی نووسیویەتی: ئەمە جوانترین وەرزە لەسەر ئاستی جیهان پێشكەش دەكرێت، كە مەبەستی تۆپی پێ و یاری كۆتایی مۆندیالە.
لەلایەكی تر، ئیكەر كاسیاسی گۆڵپارێزی بەناوبانگی ئیسپانی لە ئەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لەسەر یاری كۆتایی مۆندیالی قەتەر نووسیویەتی، ئەم ئەنجامی بێدەنگییەكی زۆری دەوێت، دواجار ئەرجەنتین گەیشتە لوتكە.. پیرۆزە.
ئەستێرەی پێشووی میسریش، ئەحمەد حسام، ناسراو بە “میدۆ”، لە تویتێکدا نووسیویەتی: “من باوەڕم بە (ئەمە) نییە” و لە تویتێکی دیکەشدا نووسیویەتی: “ریمۆنتادا خەڵکی شێت کردووە”، كە ئاماژەیە بۆ گەڕانەوەی هەڵبژاردەی فەرەنسی دووجار بۆ ئەنجامی یەکسانبوون.
یارییەكە لە گێمی یەكەم یەكلابووەوە بۆ ئەرجەنتین، ئەوەش بە تۆماركردنی دوو گۆڵ، كە زۆرێك وایان دەبینی بەو ئەنجامەش كۆتایی دێت، بەتایبەتی دوای ئەوەی كوڕانی تانگۆ بۆ ماوەی 80 دەقیقە لە لوتكەی ئاستیاندا بوون، بەڵام یارییەكە لە 10 دەقەی كۆتایی پێچەوانە بووەوەو فەرەنسا بە تۆماركردنی دوو گۆڵ گەڕایەوە كەشی یارییەكە.
دواتریش لە كاتی زیادكراودا ئەرجەنتین پێش كەوتەوە، بەڵام دیسان فەرەنسا بە تۆماركردنی گۆڵێك یارییەكەی یەكسان كردەوە، بۆیە پەنا برایە بەر لێدانی یەكلاكەرەوە.
لای خۆیەوە، باستیان شوینشتایگەری یاریزانی پێشووی ئەڵمانی و پاڵەوانی جیهانی 2014 ڕایگەیاند، یارییەکی نایاب و ناوازەیە، پیرۆزبایی لە ئەرجەنتین دەکەین بۆ بەدەستهێنانی نازناوی مۆندیال، دواجار میسی بە ئاواتەكەی گەیشت.
هەر ئەستێرەكانی تۆپی پێ‌ نەبوون كاردانەوەیان لەسەر یارییەكە هەبوو، یاریزانانی تریش لە یارییەكانی تر هەمان كاردانەوەیان هەبوو.
لەو بارەوە ئوساین بۆڵت، یاریزانە بەناوبانگەکەی جامایکی و پاڵەوانی جیهان لە پێشبڕکێی ١٠٠ و ٢٠٠ مەتریدا، لە تویتێکدا بە وێنەیەكی خۆی بە درێسی ئەرجەنتینی لە یاریگای لوسایلەوە دەركەوتبوو، نووسیبووی، باشترین یاری کۆتایی جامی جیهانی تا ئێستا.
لای خۆیەوە، ئەستێرەی تێنسی ئەمریکی، سێرینا ویلیامز، نووسیویەتی، ئەگەر جەڵتەی دڵم هەبێت، ئەوە لەبەر ئەوەیە کە سەیری ئەم یارییەی مۆندیال دەکەم.
دوای یارییەکەش، میسی ئەفسانەی ئەرجەنتینی دووپاتیکردەوە بەردەوام دەبێت لە ژیانی وەرزشی نێودەوڵەتی دوای ئەوەی وڵاتەکەی جامی جیهانی بەدەستهێنا.
مێسی کە خەڵاتی باشترین یاریزانی پاڵەوانێتییەکە بەدەستهێناوە، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵێکی ئەرجەنتینی ڕایگەیاندووە، دەمەوێت وەک پاڵەوانی جیهان بەردەوام بم لە ئەنجامدانی هەندێک یاری تری نێودەوڵەتی.
بەڵام مێسی دانی بەوەدانا کە ژیانی وەرزشی خەریکە کۆتایی پێدێت، دوای ئەوەی دواجار ئەو جامەی، کە لەمێژە چاوەڕوان دەکرد.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color