گرنگ

وردەکاریی هێرشەکەی پاریس


 
وردەکاریی هێرشەکەی پاریس
هێرشبەرەکە پیاوێکی فەڕەنسییەو تەنیا ١١ ڕۆژە لە گرتووخانە ئازادکراوە و لەژێر چاودێری دادگا بووە
بوار، پاریس
نیوەڕۆی ئەمڕۆ، ٢٣ ی کانوونی یەکەم، چەکدارێک هێرشی کردە سەر ناوەندی کولتووریی کوردی پاریس و ٣ کەسی تیرۆر کرد، ٣ کەسی دیکەشی بریندار کرد.
هێرشبەرەکە پیاوێکی فەڕەنسیی تەمەن ٦٩ ساڵە و ساڵی ڕابردوو لە مانگی کانوونی یەکەم هێرشی کردۆتە سەر کەمپێکی پەنابەران لە پاریس و دوو کەسی بریندار کردووە، بەو تۆمەتە گیراوە. تەنیا ١١ ڕۆژە لە گرتووخانە ئازادکراوە و لەژێر چاودێری دادگا بووە.
نزیکەی کاتژمێرێک دوای هێرشەکە، لۆر بێکۆ، داواکاری گشتیی پاریس گەیشتە شوێنی ڕووداوەکە و لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "هێرشەکە لەلایە پیاوێکی ٦٩ ساڵ کراوە و سێ کەس گیانیان لە دەستداوە، سێ کەسیش بریندارن، کە برینی یەکێکیان سەختە. هێرشبەرەکە لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکراوە و لەژێر لێکۆڵینەوەدایە. لە کاتی دەستگیرکردنی بڕین بە دەموچاویەوە دیار بووە”.
بەگوێرەی ڕاگەیەنراوی ئەنجوومەنی سەنتەری کولتووری کوردی ٣ کورد کە لە سەنتەرەکە بوونە بەهۆی هێرشەکەوە گیانیان لەدەستداوە (ژنێک و دوو پیاو) و ٣ کەسیش بەسەختی بریندارن و لەژێر چاودێریی چڕی تەندروستیدان.
ئەنجوومەنی ناوەندی کولتووریی کوردی داوای لە کوردەکان و دۆستانی کورد کردووە کە لە بەردەم ناوەندەکە گردببنەوە. تەنیا چەند خولەکێک دوای بەیاننامەکە، کاتژمێر ٤ ی ئێوە (بەکاتی پاریس) سەدان کەس لە بەردەم سەنتەرەکە کۆبوونەوە و پێکدادان لەگەڵ پۆلیس ڕوویدا. تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، خۆپێشاندانەکە بەردەوامە.
ناوەندەکە داوای گردبوونەوەی بەرفراوانی کردووە بۆ نیوەڕۆی سبەینێ ڕۆژی شەممە، ٢٤ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢.
ناوی هێرشبەرەکە تا ئێستا ئاشکرا نەکراوە. بەڵام بەگوێرەی زانیارییەکان پێشتر دوو جار هێرشی کردۆتە سەر پەنابەران لە ساڵانی ٢٠١٦ و ٢٠٢١ و چەند کەسێکی بریندار کردووە.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color