گرنگ

ئێران، چۆن پارەی عێراق تاڵان دەکات؟


 
گەورەترین یاری گەندەڵی
ئێران، چۆن پارەی عێراق تاڵان دەکات؟
كێن ئەو بانك‌و گروپانەی، دۆلار لە عێراقەوە دەبەنە ئێران؟
بۆچی ئەمریكا، ناتوانێت رێگرییان لێ بكات؟
واشنتۆن، هەڕەشەی چی لە عێراق دەكات؟
بوار، بەغدا
ئەم رۆژانە دیناری عێراقی شاهیدی دابەزینێکی بەرچاوە بەرامبەر بە دۆلار، كە دابەزینێکە خزمەت بە بەرژەوەندی سەرکردەی میلیشیاکانی سەر بە ئێران دەکات، کە لەلایەن تارانە ئەرکی چوونە ناو سیستمی بانکی جیهانی لە ڕێگەی بانکەکانی عێراقەوە پێسپێردراوە.
دابەزینی بەهای دیناری عێراقی بەرانبەر بە دۆلار، هیچ خوێندنەوەیەكی نوێ‌ هەڵناگرێت جگە لە دووبارەکردنەوەی یارییەکی کۆن، کە لە سەردەمی حکومەتی نوری مالیکی لە نێوان ساڵانی 2006 بۆ 2014 دەستیپێکردووە و تا ئەمڕۆش بەردەوامە، بەتایبەتی دوای دانانی رێوشێنی قورسی ئەمریكا بۆ ئێران بۆ دەستخستنی دۆلاری پێویست بۆ بانكەكانی.
لەو كاتەوە کۆمەڵێک بانکی ئەهلی، کە لە ژێر ئیدارەی سەرکردە حیزبی و میلیشیاکانی شیعەدان، لە بەرژەوەندی ئێران کار دەکەن، بەو هۆیەشەوە ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی بانکەکانییەوە پارە بەتایبەتی جۆری دۆلاری ئەمریكی دەچێتە ئێران.
ئەم هەنگاوەی میلیشیا ئێرانییەكان بە سود وەرگرتن لە پەنجەرەی فرۆشتنی دراوەکان، کە لەلایەن بانکی ناوەندی عێراقەوە رۆژانە ئەنجامدەدرێت، هەروەها بە سودوەرگرتن لەو ئاسانکارییانەی، کە بانکەکە پێشکەشی کۆمپانیاکان و بانکە ئەهلیەکانی تری دەکات بۆ بەدەستهێنانی سەدان ملیۆن دۆلار ڕۆژانە.
دیارترین ئەو بانکانەی، کە لە ساڵانی دوای شەڕی ئەمریكا لە عێراق لە 2003ەوە دروست بوون بریتین لە بانکی دیجلە و فورات بۆ گەشەپێدان و وەبەرهێنان، كە لە ساڵی ٢٠٠٥ دامەزراوە، بە سەرمایەی ١١٢ ملیار دینار، هەروەها بانکی هاوکاری ئیسلامی بۆ وەبەرهێنان، كە ساڵی 2007 دامەزراوە، بە سەرمایەی 112 ملیار دینار.
ئەمە جگە لەوەی تا کۆتایی سەردەمی حکومەتەکەی نوری مالیکی زیاتر لە ٢٧٦ بانک و کۆمپانیای وەبەرهێنان و گواستنەوەی دارایی دامەزراون، لە دیارترینیان “بانکی جیهانی ئیسلامی”، “بانکی ئیسلامی جەنوب” و “بانکی ئیسلامی وەفەق بۆ وەبەرهێنان و دارایی”، کە لە ساڵی ٢٠١٦ بە سەرمایەی هەریەکەیان ٢٥٠ ملیار دینار دامەزراون.
جگە لە دەیان تۆڕی ئاڵوگۆڕی دراو، كە وەك بزووتنەوەیەکی زەبەلاحی دروستكردنی بیناو بواری گەشەپێدانی جۆراوجۆر كاریان كردووە، لە كاتێكدا زۆربەی ئەو پرۆژەو باڵەخانانەی بەناوی ئەو تۆڕانەوە دروستكراون، زۆرینەیان وەهمین‌و تەنیا بۆ سپیكردنەوەی پارە كاریان كردووە، ئەوەش لە پێناوی بەرژەوەندی رژێمی ئێران.
زۆرێک لە بانکە ئەهلییەکان لە عێراق بە قەرزی بانکی ناوەندی دامەزران، ئەمەش رێگەیەكی تر بووە بۆ دەستخستنی سەدان ملیار دینار بۆ ئەو گروپ و میلیشیا چەكدارییانەی بۆ ئێران كار دەكەن لە عێراق.
ئەمە یەکەم هەنگاوی تاڵانکردن بوو لە عێراق، كە بووە میکانیزمێکی هەمیشەیی بۆ گواستنەوەی پارە لە عێراقەوە بۆ ئێران.
بەدرێژایی ئەو ساڵانە ئەمە لەلایەن ئەمریکاوە بە پێشێلکردنی ئەو سزایانەی بەسەر ئێراندا سەپێنراو ناسراوە، بەڵام تا ئێستا نەیتوانیوە، یان ئامادە نەبووە بیانوەستێنێت.
لە مانگی ئایاری ٢٠١٩، مارشال بیلینگسلی یاریدەدەری وەزیری گەنجینەی ئەمریکا فایلێکی پێشکەش بە بەرپرسانی عێراق کرد، کە لیستی کۆمپانیا و بانکە ئێرانییەکانی تێدابوو، تێیدا روونیكردووەتەوە لە ڕێگەی عێراقەوە فێڵیان لە سزاکانی ئەمریکا کردووە.
ئەو بەرپرسە داوای کردووە مامەڵەکردن لەگەڵیان ڕابگرن، بە پێچەوانە هەڕەشەی سەپاندنی گەمارۆ بەسەر حكومەتی عێراق كردووە ئەگەر کار نەکات بۆ ڕاگرتنی چالاکییەکانی ئەو بانك‌و گروپ‌و تۆڕانە.
ئێستا لیستی ئەو بانکانەی کە سوودیان لە "پەنجەرەی فرۆشتنی دراو" لە بانكی ناوەندی وەرگرتووە سزا دراون، خراونەتە ژێر چاودێری، یان لەلایەن گەنجینەی ئەمریکاوە خراونەتە لیستی ڕەشەوە، لەوانەش “بانکی ئەلحوددە”، کە خاوەنەکەی حەمەد ئەلموسەوی نوێنەرە، چونکە سێ کۆمپانیای خۆی بەکارهێناوە بۆ گواستنەوەی ٦ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار، لە نێوان ساڵانی ٢٠١٢-٢٠١٥ بۆ ئێران، هەروەها “بانکی ئیسلامی نور عێراق”، کە خاوەنەکەی حەسەن ناسر جەعفەر ئال بووە، لەگەڵ کۆمپانیای المحج بۆ گواستنەوەی پارە”، “بانکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ئیسلامی، کە خاوەنەکەی عەلی محەمەد غولامە، “کۆمپانیای ئەلنەدا بۆ گواستنەوەی پارە” کە خاوەندارێتی حەیدەر غولامە، کە خاوەنی “بانکی ئەلشەرق”یش بوو ” لە ساڵی 2012، “بانکی یەکێتی عێراق”، کە خاوەنەکەی عەقیل و عەلی موفتن، “ بانکی ئابووری بۆ وەبەرهێنان، کە خاوەنەکەی سەعدی واحیب سەیحودە، خاوەندارێتی فەید عەبدولئەمیر حەسون ئەلوەعیلییە، بانکی یەکگرتوو بۆ وەبەرهێنان، کە خاوەنەکەی حەسەن ناسر جەعفەر ئەللامی و فادل ئەلدەباسە.
لەگەڵ ئەوەش ڕێگریکردن لەو بانکانە، یان دانانیان لەژێر چاودێریدا، ڕێگری نەکرد لە دامەزراندنی بانکە نوێیەکانی دیکە، کە بۆ هەمان مەبەست كار دەكەن، بۆیە ئەمریكا ئێستا جارێكی تر هاتووەتە سەر خەت‌و دەیەوێت بە تەواوی ئەو دیاردەیە بنەبڕ بكات.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color