گرنگ

ئەمریكا بەرانبەر هەوڵەكانی توركیا دەوەستێتەوە


 
ئەمریكا بەرانبەر هەوڵەكانی توركیا دەوەستێتەوە
واشنتۆن پێداویستی سەربازی دەگەیەنێتە رۆژئاوای كوردستان
بوار، حەسەكە
ئەمریكا كار دەكات پێگەی خۆی لە رۆژئاوای كوردستان بە بەهێزی بهێڵێتەوەو رووبەڕووی ئەو هەوڵەش ببێتەوە، كە لەلایەن روسیاو توركیاو سوریاوە دژی هێزە كوردییەكان دەستپێكراوە.
ئەمریكا پێیوایە، ئەو هەوڵەی روسیاو توركیاو سوریا دەستیانپێكردووە، چەندێك بۆ دژایەتی هێزە كوردییەكانی رۆژئاوای كوردستانە، ئەوەندەش دژایەتی نفوزی ئەمریكایە لە سوریا، بۆیە دەستی بە جوڵەی نوێ‌ كردووە.
بۆیە لە چەند رۆژی رابردوو هێزەکانی ئەمریکا ئەو ناوچانەیان بەهێزترکرد، کە لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە کۆنترۆڵکرابوون لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا، ئەوەش بە ناردنی پێداویستی سەربازی زیاتر بۆ ناوچەكە.
بەپێی ئەوەی سەرچاوە ناوخۆییەکان، تەنیا لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا زیاتر لە ١٠٠ ئۆتۆمبێل بەرەو بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لەپارێزگای حەسەکەی سوریا ڕۆیشتوون.
سەرچاوەکان باسیان لەوە کردووە، ئۆتۆمبێلەکان لە عێراقەوە بە چەند کاروانێک هاتوون، کە پێکهاتبوون لە ئۆتۆمبێلی سەربازی و ئەوانی دیکە بارهەڵگر بوون‌و پڕکراون لە پێداویستی سەربازی.
سەرچاوەكان ئاشكراشیانكردووە، کەلوپەلی سەربازی ئەمریکا لە ڕۆژانی شەش و هەشتی مانگی یەک لە ڕێگەی دەروازەی ئەلوەلیدەوە لە عێراقەوە چوونەتە رۆژئاوای كوردستان.
لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٩ لە کاتی ئۆپەراسیۆنەكانی سوریای توركیا لەسەر سنووری رۆژئاوای كوردستان، هێزەکانی ئەمریکا لەو ناوچانەیە، ئەوەش بۆ بەهێزکردنی بوونی خۆیان لە دەوروبەری بیرە نەوتییەکان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا.
ئەو كات هێزەکانی ئەمریکا لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا جێگیرکراون، بە تایبەتی لە پارێزگاکانی حەسەکە، ڕەقە و دێرەزۆر، کە لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە کۆنتڕۆڵکراون، بەڵام ئێستا دەیەوێت كۆنتڕۆڵی ئەو ناوچانە بكاتەوە، كە پێشتر لێی كشاوەتەوە.
ئەم هەنگاوەی ئەمریکا دوای چەند ڕۆژێک لە کۆبوونەوەیەکی نێوان وەزیرانی بەرگری سوریا و تورکیا لە مۆسکۆی پایتەختی ڕوسیا دێت، کە بەپێی ڕاپۆرتە میدیاییەکان ئامانجی كۆبوونەوەكە گەمارۆدانی هێزە كوردییەكان‌و كەمكردنەوەی نفوزی ئەمریكایە لە باکووری سوریا.
ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا داوای لە وڵاتانی جیهان کرد، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ڕژێمی بەشار ئەسەد، سەرۆکی سوریا ئاسایی نەکەنەوە، کە بە "دیکتاتۆرێکی دڕندە" وەسفی کرد.
ئەوەش وەك كاردانەوەیەك بوو لە هەوڵەكانی توركیا بۆ نزیكبوونەوە لەسوریاو ئاسایكردنەوەی پەیوەندییەكانی ئەنقەرەو دیمەشق.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە کانوونی دووەمی ساڵی ڕابردوو ڕایگەیاند، پێشنیاری بۆ ڤلادیمێر پوتین هاوتا ڕووسییەکەی کردووە، کە میکانیزمێکی سێ قۆڵی لەگەڵ ڕووسیا و سوریا پێکبهێنن بۆ خێراکردنی ڕێڕەوی دیپلۆماسی نێوان ئەنقەرە و دیمەشق.
هەروەها خواستی خۆی بۆ ئەنجامدامی كۆبوونەوە لەگەڵ بەشار ئەسەدی سەرۆكی سوریا دەربڕی.
هاوكات مەولود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند، بەنیازە لە نیوەی دووەمی ئەم مانگەدا لە مۆسکۆ چاوی بە هاوتا سورییەکەی فەیسەڵ میقداد بکەوێت.
بەڵام سەرچاوە سوورییەکان ئەو لێدوانانەیان ڕەتکردەوە، کە سەبارەت بەو کۆبوونەوەیە بڵاوکرایەوەو رایانگەیاند، هێشتا هیچ وادەیەکی دیاریکراو نییە بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی نێوان وەزیرانی دەرەوەی سوریا و تورکیا و هەموو ئەو زانیارییانەی تا ئێستا بڵاوکراونەتەوە بێ بنەمان”.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color