گرنگ

شەڕی ئۆكرانیا "وەهمی" گروپی ڤاگنەر دەشكێنێت


 
شەڕی ئۆكرانیا "وەهمی" گروپی ڤاگنەر دەشكێنێت
گروپی ڤاگنەر چین؟
چەكدارەكانی گروپی ڤاگنەری روسی شکستیان بە کەتیبەیەکی ئۆکراینی هێنا، کە بۆ چەند ڕۆژێک بەردەوام بەرگرییان لە شارۆچکەی سۆلیدار دەکرد، بەڵام ئەم سەرکەوتنە توانای سنوورداری ئەو هێزەی ئاشكراكردو پەردەی لەسەر ئەو نهێنییە لادا، كە ساڵانێك وەك وەهمێك ئەو هێزە وەک هێزێکی لێدەرو بەتوانا ناسراون‌و لەشەڕەكاندا جیاوازی دروست دەكەن.
دوای ئەوەی سوپای ڕوسیا ڕووبەڕووی پاشەکشەی گەورە بووەوە لە زۆربەی بەرەكانی شەڕ لە ئۆکرانیا، مۆسکۆ ژمارەیەکی زۆرتر لە بەکرێگیراوانی ئەو گرووپەی بانگهێشت كردو خستنییە بەرەكانی شەڕ لە شارەکانی ئەو وڵاتە، ئەمەش ئەوەی دەرخست سوپای ڕوسیا توانای مەشق و ڕاهێنان و توانای شەڕکردنی نییە، بەرانبەر بە دوژمنێک بڕیار بوو شکستی پێبهێنێت لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا.
ڕۆژی هەینی، سوپای ڕوسیا ستایشی “ئازایەتی”ی شەڕڤانانی گرووپی ڤاگنەری چەکداری کرد لەبەرانبەر بردنەوەی شەڕی سۆلیدار لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا، ئەوە دانپێدانانێک بوو لەلایەن مۆسكۆوە، كە بە فەرمی دان بەوەدا بنێت گروپی ڤاگنەری بردووەتە بەرەكانی شەڕ.
بەپێی بەیاننامەیەکی وەزارەتی بەرگری ڕوسیا، ئۆپەراسیۆنەکانی کۆنترۆڵکردنی سۆلیدار لەلایەن "گرووپێکی تێکەڵاوی هێز"ەوە ئەنجامدراوە، بەڵام سەرچاوەكان باس لەوە دەكەن، ئەوانەی شەڕەكەیان كردووە، گروپی ڤاگنەر بوون، كە زیاتر لە هەزار چەكداری گروپەكە بوون‌و بەشداربوون لە شەڕەكە.
لە بەیاننامەیەکی وەزارەتی بەرگری ڕوسیادا هاتووە: كۆنتڕۆڵكردنی شارۆچکەی سۆلیدار ئێوارەی رۆژی ١٢ی ئەم مانگەدا بووە، ئاماژەی بە گرنگی کۆنترۆڵکردنی ئەم شارۆچکەیەش داوە، ئەوەش لە چوارچێوەی بەردەوامی ئۆپەراسیۆنەكان لە ئۆكرانیا.
خۆڕاگری شارۆچکەی سۆلیدار هەموو ئەم ماوەیە لەبەرامبەر سوپای ڕووسیا و چەکدارانی ڤاگنەر پرسیاری لەسەر ئەو وێنەیە دروست کرد، کە لەسەر ئەم گروپە کێشرابوو، کە پێشتر ئەوە رەتدەكرایەوە ئەو گروپە هیچ پەیوەندییەكی بە روسیاوە هەبێت، هەروەها ئەو گروپەش وەك گروپێكی لێدەرەو بەتوانا وەسف دەكرا.
بەپێی سەرچاوە هەواڵگرییەكان ئێستا نزیكەی هەزار چەكداری راهێنراوی ڤاگنەر لە بەرەكانی شەڕن لە ئۆكرانیا، كە گروپەكە خۆی لە 20 هەزار چەكدارێكدا دەبینێتەوە.
سەرچاوەكان باس لەوەش دەكەن، توانای ئەو گروپە ئەوەش نییە، وەك ئەوەی پێشتر باس دەكراو لە زۆربەی زۆری شەڕەكان لەو وڵاتە شكستیانهێناوەو تەنانەت ژمارەیەكی زۆر لە چەكدارەكانیشیان كوژراون، یان برینداربوون.
دوای ماوەیەکی کەمیش لە ڕاگەیاندنی "سەرکەوتن"ی ڕوسیا لە سۆلیدار، دەسەڵاتی کێڤ ئەو دەنگۆیانەی رەتكردەوەو رایگەیاند، هێشتا شەڕ بەردەوامەو شارۆچكەكە نەكەوتووە، ئەمەش گومانەكانی زیاتركرد لەسەر توانای سوپای روسیاو گروپەكەشی.
سێرگی چێرێڤاتی، وتەبێژی یەکەکانی ڕۆژهەڵاتی هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا رایگەیاند،شەڕە توندەکان لە سۆلیدار بەردەوامن، ئاماژەی بەوەشکرد، هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا بەم نزیكانە دۆخەکە کۆنتڕۆڵ دەکەن بەسەر باشترین یەکەکانی ڤاگنەر سەردەكەون.
چێرێڤاتی مۆسکۆی تۆمەتبار کرد بەوەی، دەیەوێت بە شەڕی میدیایی ورەی هێزەكانی ئۆكرانیا بڕوخێنێت، جەختی لەوەش کردەوە، کشانەوە، یان مانۆڕی سنووردار بەو مانایە نییە، کە ئەو بابەتە بە شکستێکی گەورە هەژمار بکرێت.
ماوەی چەند مانگێکە هێزەکانی ڕووسیا هەوڵی کۆنترۆڵکردنی ئەم شارۆچکەیە دەدەن، کە دەکەوێتە ١٥ کم لە باشووری ڕۆژئاوای شاری سۆلیدارەوە.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color