ئه‌مه‌ریكا دواین هۆشدارى له‌باره‌ى یه‌كگرتنه‌وه‌ى هێزى پێشمه‌رگه ده‌دات
ئه‌مه‌ریكا، ماوەی چەند ڕۆژێکی دیاریکردووە بۆ یەکگرتنەوەی پێشمەرگە، ئەگەرنا هاوکارییە سەربازییەکانی ڕادەگرێت
بوار، تایبه‌ت
حكومه‌تى ئه‌مه‌ریكا، ماوه‌ى چه‌ند رۆژێكى كه‌مى داناوه بۆ یه‌كگرتنه‌وه‌ى هێزه‌كانى پێشمه‌رگه و چاكسازییه‌كانى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه له حاڵه‌تى جێبه‌جێنه‌كردنى داواكارییه‌كان، حكومه‌تى ئه‌مه‌ریكا سه‌رجه‌م هاوكارییه دارایى و سه‌ربازییه‌كان راده‌گرێت.
به‌پێى زانیارییه‌كانى بوار، حكومه‌تى ئه‌مه‌ریكا دواین هۆشدارى له باره‌ى یه‌كنه‌گرتنه‌وه‌ى هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌و چاكسازییه‌كانى ئه‌و وه‌زاره‌ته ده‌گه‌یه‌نێته به‌رپرسانى پارتى و یه‌كێتیى و داوایان له هه‌ردوو حزب كردووه له ماوه‌ى چه‌ند رۆژى داهاتوودا، واژوو له‌سه‌ر ره‌شنووسى رێككه‌وتنه‌كه‌ى نێوانیان بكه‌ن.
به‌پێى به‌دواداچوونه‌كانى بوار، حكومه‌تى ئه‌مه‌ریكا به به‌رپرسانى پارتى و یه‌كێتیى راگه‌یاندووه، ئه‌گه‌ر له زووترین كات ئه‌و رێككه‌وتنه واژوو نه‌كه‌ن، ئه‌وا سه‌رجه‌م هاوكارییه سه‌ربازى و دارایییه‌كان كه له ماوه‌ى شه‌ڕى داعش تاوه‌كو ئێستا دابینده‌كرێت بۆ هێزه‌كانى پێشمه‌رگه راده‌گیرێت.
هه‌ربه‌پێى زانیارییه‌كان، ره‌شنووسى رێككه‌وتنه‌كه له ئێستادا ئاماده‌یه و پێویسته نوێنه‌رانى پارتى و یه‌كێتیى له ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران و وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه واژووى له‌سه‌ر بكه‌ن.