حکومەتی عێراق بۆ ماوەی شەش مانگ کار بە بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی ناکات
مەسرور بارزانی:
لە ئێستادا حکومەتی عێراق، کار بەبڕیارەکەی دادگای فیدراڵی ناکات
بوار، تایبەت
دوای نزیک بوونەوەی ساڵێک لە بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی عێراق، سەبارەت بەنادەستوری بوونی پڕۆسەی نەوتی هەرێم.
لە کۆڕبەندی ئابووری داڤۆس مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ڕۆیتەرز ڕایگەیاند لە ماوەی چەند مانگی داهاتوو لەگەڵ حکومەتی بەغدا دەگەنە ڕێککەوتن لەسەر یاسای نەوت و غاز.
مەسرور بارزانی ڕایگەیاندووە ”لە ئێستادا حکومەتی عێراق، کار بەبڕیارەکەی دادگای فیدراڵی ناکات”.
بەپێی رانیاریەکانی بوار، حکومەتی عێراق بەڕێکەوتن لەگەڵ هەرێم بۆ ماوەی شەش مانگ کارکردنی بەبڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی ڕاگرتووە تا هەردوولا لەسەر دەرچواندنی یاسای نەوت وغاز ڕێک دەکەون.
لە ئێستادا چۆنیەتی فرۆشتنی نەوتی هەرێم یەکێکە لە گرفتەکانی نێوان هەرێم و بەغدا. بۆ دەرچواندنی یاساکە، بەغداد داوا دەکات نەوتی هەرێم هاوشێوەی نەوتی عێراق لە ڕێگای کۆمپانیای سۆمۆوە بفرۆشرێت و نوێنەرێک بۆ هەرێم لە سۆمۆ دابنرێت، بەڵام هەرێم دەیەوێت فرۆشتنی نەوتەکەی لە ڕێگای کۆمپانیایەکەوە بێت بەناوی ”کۆمۆ” کە لە یاسای نەوت و غازی هەرێمدا هاتووە و تایبەتە بە فرۆشتنی نەوتی هەرێم.
هەرێم، داوا دەکات کۆمپانیای کۆمۆ وەک بەشێکی تایبەت بەهەرێم لەناو سۆمۆدا بناسرێندرێت.
جگە لە فرۆشتنی نەوت تائێستا گرێبەستی نێوان هەرێم و تورکیا و پشکی کۆمپانیاکان و جۆری گرێبەستەکانی نێوان هەرێم و کۆمپانیاکان گرفتی چارەسەر نەکراوی بەردەم تێپەڕاندنی یاساکەن و تا ئێستا ڕوون نیە چۆن مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.