گرنگ

نهێنی سەردانەكەی قائانی بۆ بەغدا


 
نهێنی سەردانەكەی قائانی بۆ بەغدا
چۆن لە سەعاتی سفردا شكست بە هەوڵێك بۆ رووخاندنی حكومەتەكەی سوودانی هێنرا؟
بوار، بەغدا
کۆتایی هاتنی پاڵەوانێتی کەنداو ٢٥، "سەعاتی سفر" بووە بۆ جێبەجێکردنی پیلانێک بۆ هێنانەدی گۆڕانکاری لە حکومەتی عێراق، كە ئەو گۆڕانكارییە بەشێوەیەك بووە حكومەتەكەی محەمەد شەیاع سودانی بڕوخێنێت.
ئەو هەوڵە لەلایەن چەند لایەنێكی شیعەی دژ بە ئێران پشتگیری كراوە لەناو چوارچێوەی هەماهەنگی، بەڵام فاکتەرە ناوچەییەکان و هاوسەنگی هێزە عێراقییەکان "پیلان"ەکەیان پووچەڵ کردووەتەوەو بەشێوەیەكی كاتی شكست بە هەوڵەكە هێنراوە.
ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی سوپای قودسی ئێرانی، کە هەفتەی ڕابردوو سەردانی بەغدای کردبوو، داوای لە سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی کردبوو، ئەو ناکۆکییانەی کاریگەرییان لەسەر حکومەتی سودانی هەیە وەڵا بنێن، كە هەر ئەوەش وایكردووە، شكست بە هەوڵەكە بۆ رووخانی حكومەتی سودانی بهێنرێت.
لە بەرانبەردا، لایەنە شیعەكان جەختیانكردووەتەوە، كە دەبێت حكومەتەكەی سوودانی بە زوویی زاڵ بێت بەسەر كێشەی نرخی دۆلارو ئەو بەربەستانەش لە بەردەم هەندێك لایەن دروستكراوە لاببرێن.
ماوەكە بانكی ناوەندی ئەمریكا، لە سەر داوای وەزارەتی خەزێنەی ئەو وڵاتە، دەستی بە كۆمەڵێك رێكار كردووە بۆ رێگریکردن لە بردنە دەرەوەی دۆلار لە عێراقەوە بۆ وڵاتانی دراوسێ‌ بەتایبەتی ئێران‌و سوریا.
لە دوای جێبەجێکردنی ئەم سنووردارکردنانە، فرۆشی دۆلار لە ٢٥٠ ملیۆن دۆلارەوە بۆ نزیکەی ٦٠ ملیۆن دۆلار لە ڕۆژێکدا کەمیکردووە، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ دابەزینی بەرچاوی بەهای دراوی ناوخۆیی عێراق بەرانبەر دۆلار.
بانكی ناوەندی مانگی نۆڤەمبەری ساڵی ڕابردوو دەستیکردووە بە سەپاندنی کۆنترۆڵی توندتر بەسەر مامەڵەی بانکە بازرگانییەکانی عێراقدا، کە لە دوای لەشکرکێشی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٠٣ەوە لە ژێر ڕێسایەکی کەمتر تونددا کاریان دەکرد.
بە گوتەی بەرپرسانی ئەمەریکا و عێراقی، کاتی ئەوە هاتووە سیستمی بانکی عێراقی بگونجێنرێت لەگەڵ شێوازە نێودەوڵەتییەکانی گواستنەوەی پارە.
شارەزایان پێیان وایە دابەزینی فرۆش قەبارەی ڕاستەقینەی پێویستی بازاڕی عێراقی بۆ دۆلار دەرخستووە، هەروەها بڕی ئەو پارەیەی بە قاچاخ بۆ شوێنە گوماناویەکان براون دەرکەوتووە، کە پەیوەندی بە ئێران و لوبنان و سوریاوە هەیە.
ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوەشکردووە، ئەو لایەنە شیعانەی تۆڕی بانکەکان بەڕێوەدەبەن، کە ئەوەش بەكاردەهێنن بۆ سپیکردنەوەی پارە بۆ لایەنە بیانییەکان، بۆیە هەوڵی رووخاندنی حكومەتی سوودانیانداوە، چونكە پێیانوایە سیاسەتی حکومەتی ئێستا هەڕەشە لە بەرژەوەندییەکانیان دەکات.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەش کردووە، ئەو لایەنانە سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی پشتیوان لە سودانی ئاگادار کردووەتەوە، كە نابێت گوێڕایەڵی ئیرادەی ئەمریکا بێت، ئەگەرنا لەگەڵ هاوپەیمانەکانیدا کاردەکەن بۆ ئەوەی لە ماوەی چەند مانگێکدا حکومەت بڕوخێنن.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color