گرنگ

ئه‌و رێككه‌وتنه‌ گرینگه‌ى مه‌سرور بارزانى و سودانى ده‌توانرێت له‌ په‌رله‌مانى عێراق تێبپه‌ڕێندرێت؟


 
بوار ناوه‌ڕۆكى رێككه‌وتنێكى هه‌رێم و به‌غدا ئاشكرا ده‌كات
مه‌سرور بارزانى له‌گه‌ڵ حكومه‌تى عێراقى له‌سه‌ر چى رێككه‌وتن؟
ئه‌و رێككه‌وتنه‌ گرینگه‌ى مه‌سرور بارزانى و سودانى ده‌توانرێت له‌ په‌رله‌مانى عێراق تێبپه‌ڕێندرێت؟
بوار، تایبەت
رۆژى یه‌كشه‌ممه‌، 11ى 1ى 2022، مه‌سرور بارزانى، سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان دواى هاتنه‌وه‌ى له‌ ده‌ره‌وه‌ى وڵات، راسته‌وخۆ سه‌ردانى به‌غداى كرد و له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د شەیاع سوودانى، سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراقى فیدراڵ كۆبوویه‌وه‌.
به‌پێى راگه‌یاندراوێكى سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، هه‌ردوولا جەختیان لە گرینگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور و كارنامەی وەزاریی کردەوە.
به‌پێى به‌دواداچوونه‌كانى بوار، هه‌ردوو حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حکومەتی عێڕاق له‌سه‌ر چه‌ند كێشه‌یه‌كى هه‌ڵپه‌سێردراوى نێوانیان رێككه‌وتوون و به‌شێكى ئه‌و رێككه‌وتنه‌ش ده‌خرێته‌ نێو ره‌شنووسى بودجه‌ى 2023ى عێراق.
به‌پێى زانیارییه‌كانى بوار، به‌غداو هه‌رێم رێككه‌وتن به‌ ناردنى 400 ملیاره‌كه‌ بۆ حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان به‌شێوه‌ى قه‌رز له‌ رێگه‌ى بانكى بازرگانى عێراق ( TBI) تاوه‌كو بودجه‌ى 2023 په‌سه‌ند ده‌كرێت.
به‌پێى زانیارییه‌كانى بوار، رێككه‌وتن له‌سه‌ر ناردنى 400 ملیاره‌كه‌ به‌شێوه‌ى قه‌رز بۆئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ هه‌ردوولا ده‌یانه‌وێ خۆیان به‌ دووربگرن له‌ بڕیارى دادگاى فیدڕاڵى عێراق، له‌ باره‌ى پڕۆسه‌ى نه‌وت و غازى هه‌رێمى كوردستان، كه‌ رێگه‌ نادات ئه‌و 400 ملیاره‌ بنێردرێت.
به‌پێى به‌دواداچوونه‌كانى بوار، خاڵێكى دیكه‌ى رێككه‌وتنى نێوانیان كۆمپانیاى به‌ بازاڕكردنى نه‌وتى عێراق ناسراو به‌ "سۆمۆ" و كۆمپانیا و كڕیارانى نه‌وتى هه‌رێم به‌ نوسراو ئاگادار بكاته‌وه‌ كه‌ كڕینى نه‌وتى هه‌رێم هیچ كێشه‌یه‌كى یاسایى نییه‌ بۆ ئه‌وه‌ى نرخى هه‌ر به‌رمیلێك نه‌وتى هه‌رێم كه‌ له‌ ئێستادا 15 دۆلار له بازاره‌كانى جیهان كه‌متر ده‌فرۆشرێت نزیك بێته‌وه‌ له‌ نرخى نه‌وتى عێراق و كۆمپانیاى سۆمۆ، بۆ ئه‌وه‌ى دواتر حكومه‌تى عێراق له‌ رێگه‌ى لیژنه‌ى تایبه‌تی دیوانى چاودێرى دارایى ته‌خمینى داهاتى نه‌وتى هه‌رێمى كوردستان بكه‌ن، به‌راورد بكرێت له‌گه‌ڵ ئه‌و بودجه‌یه‌ى كه‌ به‌پێى یاسا بۆ هه‌رێمى كوردستان ده‌نێردرێت، ئه‌گه‌ر له‌ حاڵه‌تێكدا داهاتى نه‌وت زیاتر بوو له‌وه‌ى له‌ بودجه‌دا بۆ هه‌رێمى كوردستان دانراوه‌، ئه‌وا ده‌بێت حكومه‌تى هه‌رێم پاره‌ى زیاده‌ راده‌ستى به‌غدا بكاته‌وه‌، ئه‌گه‌ر به‌ پێچه‌وانه‌كه‌شى بوو پێویسته‌ به‌غدا پاره‌ى ته‌واوكارى بۆ هه‌رێمى كوردستان بنێرێت.
هه‌ربه‌پێى زانیارییه‌كان، به‌غداو هه‌رێمى كوردستان رێككه‌وتوون له‌ پڕۆژە یاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی 2023 له‌گه‌ڵ وردەکاییەکانی پشک و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵدا، رێككه‌وتنه‌كه‌ش به‌شێوه‌یه‌كه‌ كه‌ پشكى هه‌رێم له‌ بودجه‌دا به‌پێى ئامارى ژمارەی دانیشتوان دیاریبکرێت. بەپێی ئامارەکانی وه‌زاره‌تى پلاندانى عێراق دەبێت، كه‌ سه‌دا 14ه‌ ده‌كات.
بوار زانیویه‌تى، خاڵێكى دیكه‌ى گفتوگۆكانى سودانى و مه‌سرور بارزانى، دەربارەی هەنگاوەکانی ئامادەکردنی پڕۆژە یاسای نەوت و گازی فیدراڵییه‌، به‌پێى ئه‌وه‌ى له‌ ڕێککەوتنی لایەنەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت و کارنامەی وەزاریدا هاتووە، بۆیه‌ هه‌ردوولا رێككه‌وتوون به‌ تێپه‌ڕاندنى یاسایى نه‌وت و غازى عێراق هاوشان له‌گه‌ڵ ناردنى بودجه‌ى 2023ى عێراق بۆ په‌رله‌مان به‌و مه‌رجه‌ى له‌ ره‌شنووسى یاساكه‌دا، داواكارییه‌كانى هه‌رێمى تێدا بچه‌سپێندرێت.
بوار زانیویه‌تى، هه‌رێم و به‌غدا له‌ په‌راوێزى رێككه‌وتنه‌كه‌یان، له‌سه‌ر ئه‌وه‌ رێككه‌وتوون كه‌ 50 ملیۆن لیتر نه‌وتى سپی بۆ هه‌رێمى كوردستان بنێردرێت و بۆ هەر لیترێک به‌ 500 دینار دیاریکراوە.
به‌پێى به‌دواداچوونه‌كان، هه‌ردوو حكومه‌تى به‌غداو هه‌ولێر له‌سه‌ر ئاستى حكومه‌ت، رێككه‌وتنێكى كۆنكرێتى باشیان ئه‌نجامداوه‌، به‌ڵام به‌رپرسانى به‌غدا به‌ هه‌رێمیان راگه‌یاندووه‌، به‌شێكى ئه‌و رێككه‌وتنه‌ ده‌چێته‌ نێو په‌رله‌مانى عێراق بۆیە ده‌بێت هه‌وڵبدرێت له‌ په‌رله‌مان تێبپه‌ڕێندرێت.
هه‌ربه‌پێى زانیارییه‌كان، وابڕیاره‌ له‌سه‌ر ورده‌كارى رێككه‌وتنه‌كه‌ و به‌رده‌وام بوون له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنى رێككه‌وتنه‌ سه‌ره‌تاییه‌كه‌ شاندێكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان دووباره‌ سه‌ردانى به‌غدا بكه‌نه‌وه‌.
بوار زانیویه‌تى، ئه‌و شانده‌ى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان هه‌فته‌ى رابردوو، له‌گه‌ڵ به‌غدا رێكه‌وتن هیچ به‌رپرسێكى یه‌كێتیى نیشتمانى كوردستانى تێدا نه‌بوو، ئه‌مه‌ش به‌رپرسانى ئه‌و حزبه‌ى نیگه‌ران كردووه‌، كه‌ له‌وانه‌یه‌ پارتى ئه‌مه‌ وه‌ك ده‌ستكه‌وت بۆخۆى حساب بكات.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color