گرنگ

حکومەتی هەرێم: داوا لە حکومەتی فیدراڵ دەکەین، پابەند بێت بەو بەڵێنانەی کە بۆ ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان داویەتی


 
حکومەتی هەرێم:
داوا لە حکومەتی فیدراڵ دەکەین، پابەند بێت بەو بەڵێنانەی کە بۆ ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان داویەتی
بوار، هەولێر
*ڕاگەیاندراوێک لە حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە لەبارەی بڕیارەکەی دادگای ئیتیحاددی*
بە داخەوە ئەمڕۆ دادگای ئیتیحاددی، جارێکی دیکەش، دژایەتی خۆی بۆ مافە دەستووری و شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە. ئەم هەڵوێستە نوێیەی ئەم دادگایە، جەختکردنەوەیە لە درێژەدان بە سیاسەتی ناڕەوا و دژایەتیکردنی خۆی بەرامبەر هەرێمی کوردستان، لە کاتێکدا کە کەشێکی ئەرێنی و لەیەکنزیکبوونەوە لە نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ دروست ببوو بۆ ڕێککەوتن و چارەسەرکردنی کێشەکان لە سەر بنەمای دەستوور، کەچی بەداخەوە ئەمڕۆ دادگاکە، لە جیاتی پاڵپشتی ئەو كەشە ئەرێنییەی کە دروست بووە، لە بڕیارێكی ناڕەوا و دژ بە خەڵکی کوردستان، ڕێگری لە ناردنی ئەو بڕە پارەیە کرد کە بڕیار بوو لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت.
حکومەتی هەرێمی کوردستان، چەندین جار شاندی ناردووەتە بەغدا و لە دوا سەردانیشدا، لە بەغدا گفتوگۆی زۆر بەرهەمدار کرا و هەردوولا نیازپاکی خۆیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە چوارچێوەی دەستوور و ئەو کارنامەیەی کە لایەنەکان لەسەری ڕێککەتوون دووپاتکردەوە.
هەرێمی کوردستان، هەرێمێکی فیدراڵی دەستوورییە و ئەم بڕیارانە، پێشێلکردنێکی زەق و ئاشکرای دەستووری عێراقە. هەروەها دژی رێککەوتننی لایەنەکانی ئیدارەی دەوڵەتە بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ و دژی کارنامەی وەزاری حکومەتی عێراقیشە کە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە پەسەند کراوە و تێیدا لە بڕگەیەکدا بە ڕوونی باس لە خۆدوورگرتن لە هەر ڕێکاڕێک دەکات کە کێشەکان ئاڵۆزتر بکات (تجنب اية اجراءات تصعيدية). بۆیە ئێمە ئەو بڕیارەی دادگای ئیتیحاددی، بە بڕیارێک نەک تەنیا دژی هەرێمی کوردستان، بەڵکو دژی حکومەتی نوێی عێراق و لایەنە پێکهێنەرەکانی حکومەت دەزانین و پێویستە هەڵوێستێکی ڕوون و ئاشکرایان بەرامبەر بڕیار و ڕەفتارە ناڕەواکانی دادگای ئیتیحاددی هەبێت. هەروەک لە کارنامەی وەزاری حکومەتی عێراقیشدا هاتووە کە هەموو لایەنە بەشداربووەکان لە سەری ڕێککەوتوون، پێویستە لە ماوەی شەش مانگدا، پڕۆژە یاسای دادگای ئیتیحاددی دەربچێت، چونکە لە سایەی ئەم دادگایەی ئێستا، کە بە پێی دەستوور دروست نەکراوە ، هیچ دەرفەتێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان نییە و نابێت.
هەرێمی کوردستان ڕێز لە دەستوور و یاسا و دادگا شەرعییەکان دەگرێت، بەڵام ئەم دادگایە بە شێوەیەکی دەستووری پێکنەهاتووە و ڕێک نەخراوە و ناتوانێت وەک دادگایەکی فیدراڵی بڕیار بدات، بۆیە بڕیارەکانی ڕەت دەکەینەوە و داواش لە حکومەتی فیدراڵ دەکەین، نەچێتە ژێرباری ئەم بڕیارە و پابەند بێت بەو بەڵێنانەی کە بۆ ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان داویەتی.
حکومەتی هەرێمی كوردستان
2023/1/25
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color