گرنگ

نێچیرڤان بارزانی: بڕياره‌کەی دادگای فیدڕاڵی، سه‌قامگيريى سياسى و ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ به‌ ئامانج ده‌گرێت كه‌ حكوومه‌تى نوێى فيدراڵيى عێراقى له‌سه‌ر دامه‌زراوه‌.


 
نێچیرڤان بارزانی:
بڕياره‌کەی دادگای فیدڕاڵی، سه‌قامگيريى سياسى و ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ به‌ ئامانج ده‌گرێت كه‌ حكوومه‌تى نوێى فيدراڵيى عێراقى له‌سه‌ر دامه‌زراوه‌.
بوار، هەولێر
په‌يامێك له‌ نێچيرڤان بارزانييه‌وه‌ ده‌رباره‌ى بڕيارى دادگه‌ى باڵاى فيدراڵيى عێراق
بڕيارى ئه‌مڕۆى دادگه‌ى باڵاى فيدراڵيى عێراق به‌ نادروستيى ناردنى شايسته‌ى دارايى و مووچه‌ى مووچه‌خۆرانى هه‌رێمى كوردستان له‌لايه‌ن حكوومه‌تى فيدراڵيى عێراقه‌وه‌ له‌ ساڵانى 2021 و 2022، بڕيارێكى ته‌واو نادادپه‌روه‌ر و سته‌مكارانه‌يه‌.
ئه‌و بڕياره‌ نه‌ك ته‌نيا مووچه‌خۆران و خه‌ڵكى كوردستان كه‌ هاووڵاتيى عێراقن، به‌ڵكو ته‌واوى پرۆسه‌ و سه‌قامگيريى سياسى و ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ش به‌ ئامانج ده‌گرێت كه‌ حكوومه‌تى نوێى فيدراڵيى عێراقى له‌سه‌ر دامه‌زراوه‌.
عێراق به‌ پرۆسه‌يه‌كى درێژ و ئاڵۆزى سياسى و ناسه‌قا‌مگيريدا تێپه‌ڕى تاكو دواجار حكوومه‌تێك له‌ به‌غدا هاته‌ كايه‌وه‌ كه‌ خه‌ڵكى عێراق هيوا و ئومێديان له‌سه‌ر قۆناغێكى سه‌قامگير و باشترى داهاتوو هه‌ڵچنى. هه‌موو چاوه‌ڕوانييه‌ك له‌ دادگه‌ى باڵاى فيدراڵيى عێراق ئه‌وه‌بوو كه‌ به‌ پاراستنى به‌رژه‌وه‌نديى هه‌موو پێكهاته‌كانى عێراق و به‌ ڕه‌چاوكردنى دۆخى سياسى، نه‌بێته‌ هۆى شێواندنى ئه‌و ده‌رفه‌ت و كه‌شه‌ ئه‌رێنييه‌ى بۆ چاره‌سه‌ركردنى كيشه‌كانى وڵات، به‌تايبه‌تى كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا دروست بووه‌ و سه‌قامگيريى سياسيى عێراق نه‌خاته‌ مه‌ترسييه‌وه‌!
ئه‌م بڕياره‌ى‌ دادگه‌ى باڵاى فيدراڵيى عێراق له‌م كاته‌دا، جگه‌ له‌وه‌ى گومان و ده‌يان نيشانه‌ى پرسيارى گه‌وره‌ دروست ده‌كات، هه‌روه‌ها بابه‌تى په‌له‌كردن له‌ ده‌رچوواندنى ياسايه‌كى تازه‌ بۆ دووباره‌ دامه‌زراندنه‌وه‌ى دادگه‌كه‌ ده‌هێنێته‌ پێشه‌وه‌، وه‌ك‌ به‌شێكى گرنگ و سه‌ره‌كيى ڕێككه‌وتنى لايه‌نه‌ سياسييه‌كان‌ بۆ دامه‌زراندنى حكوومه‌تى نوێى فيدراڵيى عێراق.
نێچيرڤان بارزانى
سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان
2023/1/25
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color