گرنگ

کۆدی پشت بەیاننامەکانی مەسعود بارزانی و قەیس خز عەلی چین؟


 
کۆدی پشت بەیاننامەکانی مەسعود بارزانی و قەیس خز عەلی چین؟
بوار، شیکردنەوە
بۆچی لە نێو ئەو هەموو سیاسییە عێڕاقییە، لە دوای بەیاننامەی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان تەنیا قەیس خز عەلی بەبێ ناوهێنانی بارزانی، وەڵامی بەیاننامە توندەکەی بارزانی دایەوە؟
بەپێی زانیارییەکان، ئەندازیاری تەواوی ئەو بڕیارانەی لە دادگای فیدڕاڵی عێڕاقەوە لە دژی هەرێمی کوردستان دەردەچن، پیاوە عەمامە بەسەرەکەی ئێرانە لە عێڕاق کە ئەویش قەیس خز عەلیی سەرۆکی گروپی عەسایبی ئەهلی حەقە...
ئەو پیاوە عەمامە بەسەرە، بارزانی هەر قسەیەک بکات بەدوای قسەکانی بارزانی تویتێک دەکات و وەڵامی قسەکانی بارزانی دەداتەوە...
لە سیاسییە کوردەکاندا قەیس خز عەلی پەیوەندییەکی توندو تۆڵی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی هەیە، بەشێوەیەک هەر کاتێک بافڵ تاڵەبانی دەچێتە بەغدا، قەیس خز عەلی لەماڵەکەی مام جەلال سەردانی دەکات و باوەشێکی گەرم و گوڕ بەیەکدا دەکەن...
ماوەی چەند مانگێکە پارتی و یەکێتی لە ململانێیەکی سەختدان و هیچ کامێکیان مل بۆ ئەویتریان نادات! ئەمە وایکردووە هەردوولایان دەست بۆ هەموو کارتێک ببەن لە دژی یەکتر... تەنانەت دوور نییە باوەش و دەست لەملانی بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ قەیس خز عەلی نیشاندانی گورگەکەی هەیاس نەبێت بە پارتی دیموکراتی کوردستان...
بەپێی زانیارییەکان، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بافڵ تاڵەبانی، وەک ئاماژەدانێک بەبڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی، لای کەسە نزیکەکانی گوتویەتی ببین لە دوو ڕۆژی داهاتوو چۆن حکومەتەکەی مەسرور بارزانی دەهەژێنین... پێدەچێت بافڵ تاڵەبانی لەڕێی پەیوەندییە بەهێزەکەی لەگەڵ خز عەلی زانیاری پێشوەختەی هەبووبێت لەسەر ئەو بڕیارەی کە لە دادگای فیدڕاڵییەوە لە دژی هەرێمی کوردستان دەرچوو... تەنانەت هێشتا بڕیاری دیکەش ماون کە لەو دادگایە دەربچن کە بڕیارە لە ڕۆژانی ٣٠ و ٣١ی ئەم مانگە دوو بڕیاری دیکەش لە دژی هەرێمی کوردستان دەربچن، کە گرنگترین و مەترسیدارترین بڕیار، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی حکومەتی هەرێم و پەرلەمانی کوردستانە بەبیانوی ئەوەی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان و حکومەتی هەرێم کارێکی نا یاسایی بووە.
لێرەدا دەبێت بپرسین بۆچی لەم کاتەدا دیسان ململانێی بەغدا و هەرێم دەستیپێکردەوە؟ بێگومان بەبێ تێگەیشتن لە ململانێی زلهێزەکان، ئەستەمە سروشتی ململانێی هێزە عێڕاقییەکان ڕوون ببێتەوە... لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوو، وەفدێکی باڵای حکومەتی ئەمریکا سەردانی عێڕاق و هەرێمی کوردستانیان کرد و بە ڕوون و ئاشکرا بەرنامەی ئەمریکا و ڕۆژئاوایان لەسەر غازی سروشتی هەرێم بۆ بەرپرسانی عێڕاق و هەرێم ڕونکردەوە... ئەمەش بوو بە نیگەرانی بەرپرسانی ئێران و ڕووسیا، بەو هۆیەشەوە بڕیارە لەسەرەتای مانگی داهاتوو بۆ بەرگرتن لە بەرنامەو پلانەکانی ئەمریکا، وەفدێکی باڵای ڕووسیا سەردانی عێڕاق و هەرێم بکات...
بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵیش لە دژی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پلانەکانی ئێران و ڕوسیایەیە بۆ ئەوەی ڕێگە لە خواستی ئەمریکا بگرن لەبەرامبەر غازی سروشتی هەرێم و پێشتریش مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم چەند جارێک ئەوەی ڕاگەیاندووە کە هەرێمی کوردستان دەتوانێت قەیرانی غاز بۆ ڕۆژئاوا چارەسەر بکات... لەبەرامبەر قسەکانی مەسرور بارزانیش، چەند جارێک بافڵ تاڵەبانی ئەوەی دووپاتکردووەتەوە کە مەگەر بەسەر لاشەی ئەودا بۆڕی غاز ڕابکێشرێت...
بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی، سزادانێکی هێواشی هەرێمی کوردستانەو کاریگەری گەورە جێدەهێڵێت، بەو پێیەی لە مانگی شوباتی ساڵی ڕابردوو دادگای فیدڕاڵی بڕیارێکی دیکەی لە دژی هەرێمی کوردستان دەرکردو بە نایاسایی بوونی فرۆشتنی نەوتە لە لایەن هەرێمی کوردستان. کە بووە هۆی ئەوەی نەوتی هەرێم نزیکەی ١٩ دۆلار لە خوار نرخی جیهانی نەوتەوە بفرۆشرێت... کە ئەمەش مانگانە زیانی نزیکەی ٢٠٠ ملیۆن دۆلاری لە هەرێمی کوردستانداوە...
 
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color