گرنگ

ئەندامێکی لیژنەی دارایی: کێشەی بودجەی عێڕاق، هەرێم نییە، بەڵکو هەموو هێزەکان چاویان لە پشکی زیاترە لە بودجە


 
ئەندامێکی لیژنەی دارایی:
کێشەی بودجەی عێڕاق، هەرێم نییە، بەڵکو هەموو هێزەکان چاویان لە پشکی زیاترە لە بودجە
بوار، تایبەت
ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژە بەوە دەكات هەر چەندە چاوەڕوان بووین لە كۆتایی مانگی ڕابردوو یان سەرەتای ئەم مانگە پرۆژە یاسای بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی 2023 بگاتە پەرلەمان، بەڵام بەهۆی ناكۆكی نێوان هێزە پێكهێنەرەکانی كابینەكەی محەمەد شەیاع سودانی و هەروەها ناجێگیربوونی نرخی نەوت بووەتە هۆی ئەوەی پرۆژە یاساكە ڕەوانەی پەرلەمان نەكرێت.
د.جەمال كۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە بواری ڕاگەیاند: هۆكاری نەگەیشتنی پرۆژە یاسای بودجە بۆ پەرلەمان پەیوەندی بە ململانێی هێزەكانی پێكهێنەری كابینەی نوێی حكومەتی عێراقییەوە هەیە. كە هەریەكەیان دەیەوێت پشكی هەبێت لەو پرۆژە یاسایەدا، هەروەها بەرزبوونەوە و نزم بوونەوەی نرخی نەوت و ناجێگیر بوونی نرخەكە هۆكارێکی دیكەیە كە نەتواندرێت پرۆژە یاسای بودجە ڕەوانەی پەرلەمان بكرێت.
ئاماژەی بەوەشكرد، سێ بۆچون هەیە لەسەر پشكی هەرێم، هەرچەندە شاندی هەرێم داوای لە17%ی كردووە، لە بەرامبەردا لایەنی عێراق باسی لە 12.67%ی كردوە، بەڵام بەبڕوای من پشكی هەرێم 14٪ دەبێت، ئەوەش بەپشتبەستن بە فۆڕمی خۆراك‌ و دوایین ئاماری وەزارەتی پلاندانان.
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ئەوەشی خستەڕوو، دواكەوتنی ناردنی پرۆژە یاسای بودجەی گشتی عێراق بۆ پەرلەمان چاوەڕواننەكراوبوو، چونكە هەموو پێشبینییەكان ئەوەیان دەردەخست كە تا كۆتایی مانگی ڕابردوو پرۆژە یاسای بودجە بگەیشتایەتە پەرلەمان، بەڵام تا ئێستا هیچ وادەیەك دیاری نەكراوە بۆ گەیشتنی پرۆژە یاسای بودجە بە پەرلەمان.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color