گرنگ

تەماتەو شوتی، بەرانبەر دۆلار


 
"گواستنەوەی رەش"
تەماتەو شوتی، بەرانبەر دۆلار
لەگەڵ بەردەوامبوونی قەیرانی دۆلار لە عێراق و دابەزینی نرخی دراوی ناوخۆیی، سەدان عێراقی لە بەردەم بارەگای بانکی ناوەندی لە بەغدا خۆپیشاندانیان ئەنجامداو داوای کەمکردنەوەی نرخی دۆلاریان بەرانبەر دینار کرد.
ئێستا لە بازاڕەكانی عێراق 100 دۆلاری ئەمریکی لە سەروو 160 هەزار دینارەوە مامەڵەی پێوەدەكرێت، لە كاتێكدا نرخی فەرمی لە بانکی ناوەندی 146 هەزار دیناری عێراقییە.
دابەزینی بەهای دراوی عێراقی بەهۆی سەپاندنی کۆنترۆڵی نوێ بەسەر حەواڵەی دراوەوە بوو لەلایەن ئەمریكاوە بەسەر بەغداوە، كە ئەمەش بووە هۆی كەمبوونەوەی خستنەڕووی دۆلار لە بانكی ناوەندی عێراق‌و زۆربوونی خواست لەسەری.
یەدەگی فیدراڵی نیویۆرک لە مانگی تشرینی دووەمی ڕابردوودا بڕیاری کۆنترۆڵی توندتری مامەڵەی دۆلاری نێودەوڵەتی بۆ بانکە بازرگانییەکانی عێراق پەسەندکردو راستەوخۆش جێبەجێیكرد، كە ئەو هەنگاوە پەیوەندی بە قاچاغبردنی دۆلار لە عێراقەوە بۆ وڵاتانی تر بە تایبەتی بۆ ئێران هەیەو ئەمریكا دەیەوێت رێگری لەوە بكات.
شێوازەکانی بە “قاچاخکردنی دراوی بیانی لە عێراقەوە” چەند جۆرێكە دیارترینیان لە رێگەی “هاوردەکردن”ەوەیە، كە عێراق لە رێگەی هاوردەكردنی کاڵاکانی ئێران و وڵاتانی تری دراوسێ بڕێكی زۆر دۆلار رەوانەی ئەو وڵاتانە دەكات.
لەو نێوەندەدا هەندێک لە بازرگانان و هاوردەکاران ناوی خۆیان لە مامەڵە بازرگانییەکانیان دەشارنەوە بۆ ئەوەی لە لیستەکانی "بانکی ناوەندی، یان باج و گومرگ"دا دەرنەکەون، هەروەها هەندێکیان بڕوانامەی هاوردەکاریان نییە، بەڵام دەتوانن ئاڵوگۆڕی دراو لە بانكی ناوەندی عێراق بكەن.
دوای ئەو ڕێکارانەی، کە بانکی ناوەندی ئەمریكا سەپاندوویەتی ، بۆ بەدواداچوونی سەرچاوەی حەواڵە، چ وەرگر، یان نێرەر، بۆ پشکنینی "ناردنی کاڵا و گەیشتنیان بۆ عێراق"، بازرگانان و چالاکوانانی قاچاخی دراو پەنایان بۆ بازاڕی دراو بردووەو دەیانەوێت ئەو كورتهێنانە پڕبكەنەوە، كە بەهۆی رێكارەكانەوە بۆیان دروست بووە، ئەمەش بووەتە فشاری گەورە بۆ سەر بازاڕو رۆژ بە رۆژ نرخەكەی بەرز دەبێتەوە.
ئێستا زۆرێك لەو كەسانە "دۆلاری کاش" لە بازاڕی عێراق دەکڕن، بۆ ئەوەی لە دەروازە سنوورییەکانەوە بگوازرێنەوە بۆ ئەوەی بە قاچاخ بگوازرێنەوە بۆ وڵاتانی دراوسێی وەک ئێران، تورکیا و سوریا، ئەمەش قەیرانەكەی زیاتر كردووە.
ئێران پێویستی بە دۆلار هەیە لە پێناو سەقامگیرکردنی ئابووری وڵاتەکەی، کە بەهۆی سزاکانی ئەمریکاوە، کە لە ساڵی 2018ەوە سەپێنراون، دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا کشانەوەی لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی تاران لەگەڵ شەش زلهێزی جیهانی ڕاگەیاند.
ئێران ساڵانێکە کۆمپانیاکانی لە عێراقەوە بەكاردەهێنێت بۆ ئەوەی بڕی دۆلاری پێویست بۆ ناوخۆی وڵات دابینبكەن، ئەوەش لە پێناوی چارەسەركردنی پێویستییەكان بۆ مامەڵە نێودەوڵەتییەکان و دابینکردنی بودجەی بریکارەکانی لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
بەقسەی شارەزایان بەو هۆیەوە قاچاخی دراوی بیانی لە عێراقەوە سنووردار نییە و رێژەكەی بۆ گواستنەوەی بۆ ئێران ناڕوونە، بەو پێیەی بە قاچاخ دەگوازرێتەوە بۆ "سوریا، لوبنان، تورکیا، یەمەن و هەندێکجاریش بەشێکی ئەوروپاش".
میكانیزمەكانی بەقاچاغبردنی دۆلاریش لە عێراقەوە سێ‌ جۆرە، كە یەکەمیان لە ڕێگەی گواستنەوەکانە، ئەمەش لە ڕێگەی بانکەکانەوە دەکرێت، کە ڕەنگە بە مامەڵەی ساختە و زیادەڕەویکردن لە تێچووی نرخی کاڵاکان پاڵپشتی بکرێن.
سەبارەت بە شێوازی دووەمیش، لە ڕێگەی "گواستنەوەی ڕەش"ە، كە بەشێوەیەکی هاوشێوەی یەکەم ئەنجامدەدرێت، بەڵام پڕۆسەی گواستنەوەکە لە ڕێگەی دوکانەکانی ئاڵوگۆڕەوە ئەنجامدەدرێت، ئەوەش لە رێگەی پارێزگا جیاوازەكانی عێراقەوە.
شێوازی سێیەمیش قاچاخی ڕاستەوخۆی نەختینەییە، بەجۆرێک پارەکە ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی بەندەرەکانی عێراقەوە دەگوازرێتەوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی هەندێک دەروازە سنوورییەکان لەلایەن لایەنە سیاسییەکان و هێزەکانەوە کۆنتڕۆڵکراون، کە ڕێگە بە تێپەڕبوونی ئۆتۆمبێلی تایبەت دەدەن "پارە"یان تێدا هەڵگیرابێت.
لە دوای چەند بەدواداچوونێك بەم دوایانە بە تەواوی دەركەوتووە، بانکی ناوەندی عێراق بەبێ پشکنین مامەڵەی هاوردەکردنی وەرگرتووە، هەروەها دەروازەی سنووریش بەبێ پشکنین کاڵای وەرگرتووە، لە کاتێکدا سودێکی زیاتری دەبوو ئەگەر بەشی تایبەت لە وەزارەتی ناوخۆ هەبوایە بۆ فلتەرکردنی ئەو مامەڵانەو دەشتوانرا مامەڵە ساختەكان روونبكرێتەوە.
هەرچەند ژمارەیەكی دیاریكراو نییە بۆ زانینی رێژەی بردنە دەرەوەی دۆلار لە عێراقەوە، بەڵام ئامارەكان دەریدەخەن، قەبارەی قاچاخی دراوی دۆلارلە "10 بۆ 15 ملیار دۆلاری ساڵانە"یە، ئەمەش بەندە بە بەهای زیادکردنی دراو، کە لە ساڵی 2021دا نزیکەی 45 ملیار دۆلار بووە، لە کاتێکدا تێکڕای هاوردەکردنی عێراق ٣٥ ملیار دۆلار بووە.
هاوكات بەپێی ئامارەكان، عێراق لە ماوەی ئەو ساڵەدا تەماتەی بە نزیکەیی بایی 4.25 ملیار دۆلار هاوردە كردووە، هەروەها شوتی بایی نزیکەی 1.78 ملیار دۆلار لە ئێرانەوە هاوردە کردووە.
ئەمە روونیدەكاتەوە، ئەو ژمارانە خەیاڵین‌و ئەو رێژە لە تەماتەو شوتی بەشی كیشوەرێك دەكات، نەك تەنیا عێراق ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی ژمارەکان ڕاستەقینە نین، بەڵکو رێگەیەكە بۆ بەقاچاخبردنی پارە لەعێراقەوە بۆ ئێران.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color