گرنگ

عێراق هەموو دەروازەکان لەسەر نەوتی هەرێم دادەخات


 
عێراق هەموو دەروازەکان لەسەر نەوتی هەرێم دادەخات
دادگای پاریس، گەورەترین کەیسی ناوبژیوانی لەبەرژەوەندی عێراق یەکلای کردووەتەوە
بوار، تایبەت
بەپێی زانیاریەکان، دادگای ناوبژیوانی ژووری بازرگانی پاریس، بڕیاری کۆتایی لەسەر سکاڵایەکی وەزارەتی نەوتی عێراق لە دژی حکومەتی تورکیاو کۆمپانیای بۆتاشی تورکی داوە و لە بەرژەوەندی عێراق سکاڵاکە یەکلای بووەتەوە.
بەپێی ناوەڕۆکی سکاڵاکە حکومەتی عێراق لە ساڵی ۲۰۱٤ تۆماری کردووە، داوای قەرەبووی هەناردەی نەوتی هەرێم و قەرەبووی پێشێلکاری ڕێکەوتننامەی ساڵی ۱۹۷۳ی نێوان تورکیاو عێراق دەکات سەبارەت بەهەناردەی نەوت.
سکاڵاکە لە سەردەمی کابینەی مالکی و حەیدەر عەبادی کارابوو سەرەڕای فشارەکانی هەرێم و عێراق، دادگای پاریس لە دانیشتنەکانی بەردەوام بوو، دواتر عادل عەبدلمەهدی سکاڵاکەی وەستاند. پاشان مستەفا کازمی بەهەمان شێوە بەردەوام بوو لە وەستاندنی، تا دەرچوونی بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی لە ۱٥ی شوباتی ساڵی ڕابردوو و کازمی ناچار بوو دووبارە کار لەسەر دۆسیەکە بکاتەوە.
ئیحسان عەبدلجەبار، وەزیری پێشوی نەوتی عێراق یەکێک بوو لەو کەسانەی بەووردی ئیشی لەسەر سکاڵاکە دەکرد و ڕۆڵی گەورەی هەبوو لە دووبارە جوڵاندنی سکاڵاکە.
لە ماوەی ساڵی ۲۰۱٤ تا کۆتای مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوو حکومەتی عێراق زیاتر لە ۳۹ هەزار پەڕەو بەڵگەنامەی لەسەر نەوتی هەرێم داوەتە دادگاکە.
وەزارەتی نەوتی عێراق، باشترین کۆمپانیای پارێزەرایەتی جیهان نوێنەرایەتی دەکان بەناوی (فینسۆن ئاند ئیلیگانز) و بۆ ماوەی ئەم هەشت ساڵە کۆمپانیاکە بڕی ٥٥ ملیۆن دۆلاری لە حکومەتی عێراق وەرگرتووە و توانیویەتی کەیسەکە لە بەرژەوەندی عێراق، یەکلایی بکاتەوە، سەرەڕای وەستاندنی سکاڵاکە بۆ چەند جارێک لەسەر داوای حکومەتی عێراق.
ئەمە جگە لە مردنی دادوەرێکی بەریتانی دادگاکە کە لێکۆڵەری سەرەکی بوو لە دۆسیەکە بۆ ماوەیەک سکاڵاکەی دواخست.
دادگاکە، حکومەتی تورکیاو کۆمپانیای بۆتاش پابەند دەکات قەرەبووی ۳۲ ملیار دۆلار بداتە عێراق و کۆتایی بەهەناردەی نەوتی هەرێم بهێنێت.
دادگاکەی پاریس، دادگایەکی جیهانی دان پێدانراوەو سەرجەم دامەزراوە داراییەکانی ئەمەریکاو ئەوروپا پابەندن بەبڕیاری دادگاکە. تورکیا بەئاسانی ناتوانێت پابەندی بڕیاری دادگاکە نەبێت.
لەبەرمبەریشدا، بارودۆخی ئێستای حکومەتەکەی سودانی ئەوە ناخوازێت بەرەی تورکیا لە خۆی بکاتەوەو هەرێم بەتایبەت پارتی لە خۆی دوورتر بخاتەوە.
بەو پێیەی لە ئێستادا حکومەتەکەی سوودانی بەدەست گرفتی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلارەوە دەناڵێنێت... سەرەڕای کێشە ناوخۆییە بەردەوامەکان کە لە نێوان هێزە سیاسییەکانی عێراق هەیە.
محەمەد شایەع سودانی، لە چەند ڕۆژی ڕابردوو زۆر بە پەلە خۆی گەیاندە پاریس و زانیاری ئەوە هەیە، سودانی تەنیا ئەوەندەی پێکراوە لە ڕێگای کۆمپانیا پارێزەرەکەی عێراقەوە داواکردبێت بڕیاری دادگاکە بۆ ڕای گشتی ئاشکرا نەکرێت. بۆ ئەوەی ئەوەندەی تر کێشە لە نێوان بەغداو هەرێم دروست نەبێت.
لە ڕۆژانی ڕابردوو بەهەمان شێوەی سودانی، نێچیرڤان بارزانی، گەیشتە تورکیاو لەگەڵ ئەردۆغان کۆبوەوە. پێدەچێت کورد چاوەڕێی هەڵوێستی تورکیا بکات، چونکە هەرێم بەتەنها ناتوانێت ڕووبەڕووی بەغدا ببێتەوە. لە ئێستاشدا سکاڵاکە لە نێوان تورکیاو عێراقدایە و دەبێت هەرێم چاوەڕێی هەڵوێستی هەروو لا بێت. بەڵام لە حاڵەتی پابەندبوونی تورکیا بە بڕیارەکەی دادگای پاریس، ئەوا دەرگای فرۆشتنی نەوت لە هەرێم دادەخرێت.
چاوەڕوان دەکرێت تورکیا بژاردەی ڕێککەوتن لەگەڵ عێراق هەڵبژێرێت، لە بری قەرەبووکردنەوەی عێراق. ئەوەش هەڵوێستی هەرێم لاواز دەکات بەتایبەت بڕیارەکەی دادگا لای هەرێم و تورکیای لاسەنگ کردووە و هەر ڕێککەوتنێک ئەنجام بدرێت عێراق وەکو براوە مامەڵە دەکات.
لە ڕووی نێودەوڵەتیەوە دەکرێت کۆتایی بە هەناردەی نەوتی هەرێم بەسەربەخۆ بهێنێت و چیرۆکی ئابووری سەربەخۆ کۆتایی پێ بێت. چیتر کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان ناتوانن نەوتی هەرێم بکڕن، چونکە ئەژمارەکانیان بلۆک دەکرێت و لە ڕووی نێودەوڵەتیشەوە عێراق هەڵوێستی بەهێز دەبێت.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color