گرنگ

حکومەتی عێراق، دەیەوێت بەندەری فاو بەتورکیاوە ببەستێتەوە


 
هەرێم داوایکردووە هێڵەکە بەهەولێردا بڕوات
حکومەتی عێراق، دەیەوێت بەندەری فاو بەتورکیاوە ببەستێتەوە
بوار، بەغدا
لە دواین سەردانی محەمەد شەیاع سودانی سەرۆک وەزیری عێراق بۆ فەڕەنسا گرێبەستی ڕاکێشانی هێڵی ئاسنی بەندەری فاو بۆ تورکیای واژۆکرد.
گرێبەستەکە لەگەڵ کۆمپانیای (ئەڵستۆم) ی فەڕەنسی واژۆ کراوە بەدرێژای ۱۲۰۰ کیلۆمەتر بەندەری فاو دەبەسترێتەوە بە هێڵی ئاسنی تورکیا لە شاری نوسەیبین.
پێشتر دیزاینی هێڵی ئاسنی ”تورکیا- عێراق” بەو شێوەیە بووە لە بەندەری فاوەوە بگاتە شاری بەسرەو پاشان بەکەناری ڕووباری دیجلەدا بگاتە شاری بەغدا، پاشان بە کەرکوک و هەولێر و موسڵدا تێپەڕ ببێت و لەوێوە بگاتە زاخۆ، بەڵام ئێستا حکومەتی عێراق دەیەوێت هێڵەکە لە پارێزگاکانی فوراتی ناوەڕاستەوە بگەیەنێتە خۆرئاوای بەغداو دواتر بەتکریتدا بگاتە موسڵ و پاشان بۆ سنوری تورکیا.
بەندەری فاو، دوای تەواو بوونی دەبێتە یەکێک لە گەورەترین بەندەرەکانی جیهان. حکومەتی عێراق دەیەوێت بەو هەنگاوە بەندەرەکە ببەستێت بەبەندەری مێرسین لەسەر دەریای ناوەڕاست کە گەورەترین بەندەری تورکیایە.
حکومەتی هەرێم، نایەوێت هەولێر و هەرێمی کوردستان بکەوێتە دەرەوەی ئەو هێڵە بازرگانییەو لە دیزاینی هێڵی شەمەندەفەری حکومەتی عێڕاقدا، هەولێر و دهۆک و زاخۆ دەبەسترێتەوە بەتورکیاوە.
حکومەتی عێراق، لە بودجەی ۲۰۲۳ پارەی پێویست بۆ کۆمپانیا فەڕەنسیەکە دابین کردووە تاوەکو دەست بکات بەڕاکێشانی هێڵەکە.
لەلایەکی ترەوە هەرێم نایەوێت دەروازەی هێڵەکە بکەوێتە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی عێراق و لە پێگەی دەروازەی ئیبراهیم خەلیل کەم بکاتەوە و پێشتر حکومەتی هەرێم و پارتی ڕێگر بوون لە پێشنیارێکی حکومەتی عێراق بۆ کردنەوەی دەروازەیەکی تربەناوی ئۆڤاکۆی لە پێشخابوور.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color