گرنگ

ئەندامێكی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق: ڕێككەوتنەكانی نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر بنەمای شەخسی ئەنجام دراون


 
ئەندامێكی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق:
ڕێككەوتنەكانی نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر بنەمای شەخسی ئەنجام دراون
بوار، تایبەت
ئەندامێكی لیژنەی یاسایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژە بەوە دەكات ئەو ڕێككەوتنانەی كە پێشتر لە نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی ناوەند ئەنجام دراون لەسەر بنەمای پەیوەندی كەسی و سۆزو عاتیفە بوون، نەك ڕێككەوتنێكی كۆنكرێتی یاسایی، بۆیە دەبێت ئێستا بەرپرسانی هەرێم دان بەو هەڵەیاندا بنێن و ئەوەش بزانن ئەو قۆناغە تێپەڕی هەموولایەنەكان بەشداربن لە حوكمڕانی عێراقدا.
دارا سێكانیانی، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە بواری ڕاگەیاند: ئەو بڕیارانەی كە پێشتر و ئێستا و داهاتووش لە لایەن دادگای فیدراڵی عێراقەوە دژ بە هەرێمی كوردستان دەركراون و دەردەكرێن، كاریگەری زۆر خراپیان لەسەر داڕمانی ئابوری هەرێم دەبێت، هەر لە بڕیاری بەنایاسایی فرۆشتنی نەوتی هەرێم تا بڕیاری ڕاگرتنی پارە و لە داهاتووشدا بڕیاری زۆر مەترسیدار چاوەڕێدەكرێت دەربكرێن.
ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو ڕێككەوتنانەی كە لە ڕابردوودا لە نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقی كراون لەسەر بنەمای پەیوەندی نێوان دووكەس یاخود لەسەر بنەمای ئەوەبوون كاتێك كەسێك كراوە بە سەرۆك وەزیران بەكەسێكی باشیان وەسف كردووە بۆ پرسی كورد، بەڵام لە كۆتایدا پێچەوانەكەی ڕاست بووە، بۆیە دەبێت كۆتایی بەو جۆرە سیاسەتە بهێندرێت و لە داهاتوودا لەسەر بنەمای یاسایی و ڕێككەوتنی كۆنكرێتی لە نێوان هەرێم و بەغدا ئەنجام بدرێت.
ئەو ئەندامەی لیژنەی یاسایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەوەشی خستەڕوو، دەبێت سەركردایەتی سیاسی كورد لەوە تێبگەن كە لە ئێستادا ئەو قۆناغە تێپەڕیوە لە عێراق هەموو لایەنە سیاسییەكان بەشدار بن لە حوكمڕانی عێراقدا، چونكە دەبینین هێزو لایەنی زۆر بەهێز هەن لە دەرەوەی حكومەتن و بە تۆماركردنی سكاڵایەك ئەوەی دەیانەوێت بەدەستی دەهێنن، بۆیە كاتی ئەوە هاتووە حكومەتی هەرێمیش سود لە پسپۆڕی كەسانی شارەزا و ئەكادیمی وەربگرێت و دوور بكەوێتەوە لە دروستكردنی پەیوەندی لەسەر بنەمای حزبی و شەخسی بۆ بەرژەوەندی تایبەتی چەند كەسێك.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color