گرنگ

مارەیی زۆر، وا لە گەنجانی عێراق دەكات پەنا بۆ ژنانی دەرەوەی وڵات ببەن


 
ماڵئاوا كچانی وڵات
مارەیی زۆر، وا لە گەنجانی عێراق دەكات پەنا بۆ ژنانی دەرەوەی وڵات ببەن
بوار، بەغدا
بەهۆی زۆری مارەیی زۆر، گەنجانی عێراق دەستیانكردووە بە پەنابردن بۆ هێنانی ژنانی وڵاتانی عەرەبی و بیانی بۆ ئەوەی هاوسەرگیریان لەگەڵدا بکەن، بەهۆی کەمی تێچوونەکانیان بە بەراورد بە كچان‌و ژنانی عێراقی.
بەشێک لە ژنانی عێراقی بە بیانووی دەستەبەرکردنی مافەکانیان و دابینكردنی ژیانیان لە داهاتوودا داوای مارەیی زۆر بۆ هاوسەرگیری دەکەن، ئەمەش گەنجانی عێراقی تووشی گرفتی گەورە كردووە.
هۆكاری داواكارییە زۆرەكانی ژنان‌و كچانی عێراق، پەیوەندی بە كاریگەرییان بە سۆشیال میدیاوە هەیە، كە بە بەردەوامی دەبینن، بەشێك لە كچانی مۆدیل‌و ئەوانەی چالاكی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانن، لەكاتی هاوسەرگیری رێژەیەكی زۆر ئاڵتوون‌و كەلوپەلی تری گرانبەهایان بۆ دەكرێت.
لە بەرانبەریشدا گەنجانی عێراق ئەو توانایان نییە بۆ پڕكردنەوەی خواستی كچان‌و ژنانی وڵاتەكەیان، بەتایبەتی ئێستا زۆرێك لە گەنجان بێ‌ كارن‌و ئەگەر داهاتێكیشیان هەبێت، بەشی ئەو خواستە زۆرە ناكات، بۆیە پەنایان بۆ رێگەی تر بردووە، بۆ ئەوەی هاوسەرگیری بكەن.
محەمەد ئەسەدی گەنجێكی پارێزگای كەربەلایە لە رۆژئاوای عێراق لەو بارەوە دەڵێت: زۆربەی گەنجان بێکارن و ئەوانەی لە کەرتی تایبەتیشدا کاردەکەن ڕۆژانەیان لە 25 هەزار دینار تێناپەڕێت، ئەمەش بەسە تەنیا خەرجی ڕۆژانەیان دابین دەكات.
محەمەد ئاماژەی بەوەشکرد، کاتێک گەنجێک دەیەوێت هاوسەرگیری بکات، ڕووبەڕووی مەرجی مەحاڵ دەبێتەوە، بەو پێیەی داوای مارەیی لێدەکرێت، کە 25 ملیۆن دیناری ئامادەیە و هەمان بڕی قەرزیش، كە ئەم بڕە پارەیەش گەنجێک ناتوانێت دابینی بکات، بۆیە غەیرە عێراقی هەڵدەبژێرێت.
ئەسەدی لە درێژەی قسەکانیدا دەشڵێت، ماوەیەكە گەنجانی عێراق دەستیان كردووە بە هێنانی ژنی وڵاتانی تر، وەك سوری و لوبنانی بەو پێیەی ئەو وڵاتانە لە قەیراندان‌و تێچووی هاوسەرگیرییان هێندە زۆر نییە وەك ئەوەی لە عێراق هەیە.
بەپێی چەند ئامارێك، كە بەشێوەیەكی نا فەرمی بڵاوبووەتەوە، پرۆسەیەكی هاوسەرگیری لەگەڵ كچ، یان ژنێكی عێراقی ، نزیكەی 50 ملیۆن دیناری تێدەچێت، لە كاتێكدا هەمان پرۆسە بۆ ژن، یان كچێكی وڵاتێكی عەرەبی، پێنج ملیۆن دیناری تێدەچێت.
ئەلئەسەدی ڕوونیكردووەتەوە، ژنانی عێراقی، جگە لە داواكاری زۆر بۆ مارەیی، دوای هاوسەرگیریش داواكارییەكانیان رۆژ بە رۆژ زیاتر دەبێت، وەك چوونە دەرەوەی زۆر بۆ چێشتخانەکان، یان ئارەزووی گەشتکردن، کڕینی جل و بەرگ، زۆر چوونە ئارایشتگەكان، ماکیاژ و هتد، كە گەنجانی عێراقی ناتوانن، ئەو داواكارییە زۆرانە جێبەجێبكەن.
لای خۆیەوە، توێژەری کۆمەڵایەتی، شەهلا حافز، پێیوایە ئارەزوی گەنجانی عێراق بۆ هاوسەرگیری لەگەڵ ئافرەتانی غەیرە عێراقی دەگەڕێتەوە بۆ چەند هۆکارێک لەوانەش، کە ژنانی عەرەب، بۆ نمونە ژنانی سوری یان لوبنانی کە ئێستا لە عێراقن، مارەیی كەمیان هەیە، تەنانەت ژنانی بیانیش بە گشتی داواکارییەکانیان کەمن بە بەراورد بە ژنە گەنجە عێراقییەکان.
هەروەها دەشڵێت: بەو پێیەی جوانی ڕێژەییە، هەندێک لە گەنجان دەبینن ژنانی ڕەگەزنامەی عەرەب یان بیانی جوانترن لە خەڵکی ناوخۆ، ئەوەش زۆرتر گەنجە عێراقییەكان ناڕەحەت دەکات، ئەمەش رێگەیەكی ترە.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color