گرنگ

مانگی ڕابردوو، هەرێم ڕۆژانە ۳٨۰ هەزار بەرمیل نەوتی فرۆشتوە


 
مانگی ڕابردوو، هەرێم ڕۆژانە ۳٨۰ هەزار بەرمیل نەوتی فرۆشتوە
نەوتی هەرێم بە ۱٤ دۆلار و نیو لەخوار نەوتی برێنت فرۆشراوە
بوار، تایبەت
بەپێی داتاکانی بارکردن لە بەندەری جەیهانی تورکی، مانگی ڕابردوو ۱۱ ملیۆن و ٨۰۰ هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان فرۆشراوە.
بەپێی داتاکان، ۱٤ کەشتی نەوت هەڵگر، نەوتی هەرێمیان بارکردووەو ئاستی فرۆشتنی نەوتی هەرێم دابەزیوە بۆ ۳٨۰ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا. بەشێوەیەک داهاتی نەوتی هەرێم کەمترین ئاستی تۆمارکردووە لە چاو مانگەکانی ساڵی ڕابردوو.
هەر بەرمیلێک نەوتی هەرێم تێکڕا بە ۱٤ دۆلار و ٥۰ سەنت لەخوار نرخی برێنتەوە فرۆشراوە. هەر بەرمیلێک بە بڕی ٦٨ دۆلار فرۆشراوە. داهاتی نەوتی هەرێم بۆ مانگی ڕابردوو ٨۰۲ ملیۆن دۆلار بووە.
کۆمپانیای ترافیگۆراو ڤیتۆڵی سویسری و گلینکۆری سەنگاپورە کڕیاری هەر ۱٤ بارەکەی نەوتی هەرێم بوون. واتە وڵاتانی حەوزی دەریای ناوەڕاست کڕیاری هەموو نەوتی هەرێم بوون.
کرواتیا، نیوەی نەوتی هەرێمی کڕیوەو لە پلەی یەکەمدا دێت و پاشان ئیتالیا بە کڕینی چوار ملیۆن بەرمیل لە پلەی دووەم و ئیسرائیل و میسرو ڕۆمانیا هەریەکەو یەک باری نەوتی هەرێمیان کڕیووە.
کۆمپانیای ترافیگۆرای سویسری مانگی ڕابردوو لە کڕینی نەوتی هەرێم کشایەوە تەنها سێ کەشتی نەوتی هەرێمی بارکردووە کە ئەویش گرێبەستی فرۆشتنی پێشوەختە بوون.
لەهەمان بەندەر، هەر بەرمیلێک نەوتی کەرکوک بەهەمان کوالێتی نەوتی هەرێم بەرمیلی بە پتر لە ۷٥ دۆلار فرۆشراوە.
بەهۆی گۆڕانکاری لە شێوازی پێدانی پارە بەکۆمپانیاکان و هەژمارکردنی نرخی ڕاستەقینەی نەوتی هەرێم لەگەڵ کۆمپانیاکان چاوەڕوان دەکرێت لە بری گەڕانەوەی ٤۳ لە سەدی پارەی نەوتی هەرێم نزیکەی نیوەی داهات بۆ حکومەتی هەرێم بگەڕێتەوە کە دەکاتە نزیکەی ٤۰۰ ملیۆن دۆلار.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color