گرنگ

شەوی رابردوو لە توركیا و سوریا چی روویدا؟


 
شەوی رابردوو لە توركیا و سوریا چی روویدا؟
بوار: تایبەت
فوئات ئۆکتای جێگری سەرۆک کۆماری تورکیا ژمارەی ئەو بوومەلەرزانەی ئاشكراكرد، كە شەوی رابردوو "دوو شەممە لەسەر سێ‌ شەممە" لە ویلایەتی هاتای لە باكووری كوردستان ڕوویاندا.
ئۆکتای لەمیانی لێدوانێكی رایگەیاند، شەوی رابردوو دوو بومەلەرزەی بەهێز روویداوەو دوای دوو بوومەلەرزە نوێیەکەش لە ناحیەی "دافنا" و "سامانداغ" لە ویلایەتی هاتای، 20 پاشە بومەلەرزە روویانداوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ئۆکتای، دوو بومەلەرزە بەهێزەكەی شەوی رابردوو لەدوو كاتی جیاواز و بە گوڕی 6.4 و 5.8 پلە بە پێوەری ڕێختەر بووە.
ئۆکتای ئاماژەی بەوەشدا، لە دوای ڕوودانی دوو بوومەلەرزە نوێیەکەوە ٢٨ ڕاپۆرتی پێگەیشتووە، كە تایبەت بوون بە زیانەكانی و لەو بارەوە هیچ روونكردنەوەیەكی زیاترنەدا.
ئەو بەرپرسە تورکییە هۆشداری دایەوە بۆ چوونە ناو باڵەخانەکانی ناوچە بوومەلەرزەییەکان، بەتایبەت ئەو باڵەخانانەی، کە بەهۆی بومەلەرزەی یەکەمەوە "شەشی شوبات" زیانیان بەرکەوتووە.
دووپاتیشی کردەوە، ئەو دوو بوومەلەرزە نوێیەی، کە لە هاتای، ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ڕوویاندا، سەربەخۆ بوون جیاوازبوون لە ئەو بومەلەرزەیەی لە شەشی شوباتی رابردوو روویدا.
هاوكات سولەیمان سۆیلو، وەزیری ناوخۆی تورکیا ڕایگەیاند، لە دوو بوومەلەرزە نوێیەکەی شەوی دووشەممەی، كە تورکیا و سوریای گرتەوە، 3 کەس گیانیان لەدەستدا و 213 کەسیش برینداربوون.
هەوڵەکانی گەڕان و ڕزگارکردن بە گوتەی سۆیلو ئێستا لە 3 بینای ڕووخاودا بەڕێوەدەچێت، کە پێدەچێت 5 کەس تێیدا گیریان خواردبێت.
لای خۆیەوە لوتڤو ساڤاس، سەرۆکی شارەوانی هاتای ڕایگەیاند، بەهۆی بوومەلەرزە نوێیەکە ژمارەیەک باڵەخانە ڕووخاون و خەڵکی لەناوەوە گیریان خواردووە.
ساڤاش بە تەلەفزیۆنی ئێن تی ڤی ڕاگەیاندووە، ئەوانەی گیریان خواردووە لەوانەیە ئەو کەسانە بن، کە گەڕاونەتەوە ماڵەکانیان، یان هەوڵی گواستنەوەی كەلوپەلی ماڵەكانیان دابێت.
هاوكات لە سوریا، ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، بەهۆی بومەلەرزەكانەوە زیاتر لە 470 کەس برینداربوون و گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەکانی سوریا، هەروەها ئاژانسی هەواڵی فەرمی سوریا (سانا) بڵاویکردەوە، لە ئەنجامی کەوتنەخوارەوەی پاشماوە دوای بوومەلەرزەکە، 6 کەس لە شاری حەلەب برینداربوون .
ئاژانسەكە بڵاویشیكردەوە، برینداربوونی مەدەنییەکان لە ئەنجامی کەوتنەخوارەوەی بەرد بەسەریاندا، یان بازدان لە باڵەخانە بەرزەکانەوە، یان راكردنەوە بووە.
ئەوەشی بڵاوكردووەتەوە دوو باڵەخانە بێ دانیشتوو، منارەی مزگەوتێک لە جەندەرێس لە باکوری حەلەب داڕما و ژمارەیەک باڵەخانەی درزاویش لە خربەت ئەلجۆز و ئەلحەمزیە و ئەلمەلەند و ئەلزوف لە ڕۆژئاوای ئیدلب داڕماوە.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color