گرنگ

مستەفا كازمی، لەسەر دۆسیەی دزی سەدە دەستگیردەكرێت؟


 
مستەفا كازمی، لەسەر دۆسیەی دزی سەدە دەستگیردەكرێت؟
ڕۆژ لەدوای ڕۆژ، پەردە لەسەر نهێنییەكانی دزییەک ئاشکرا دەبێت، کە ڕەنگە بە گەورەترین پرسی دزی لە ماوەی ٢٠ ساڵی عێراقدا هەژمار بکرێت.
ئێستا وردە وردە نهێنییەكانی ئەو پرسە بۆ رای گشتی عێراق رووندەبنەوە، دوای ئەوەی وەك یاری شەترەنج یەك یەك لە داشەكانی یارییەكە دەكەون و رەنگە بەم نزیگانە بگاتە پاشاو كش مەلیكیشی لێبكرێت، كە هەموو ئاماژەكان بۆ ئەوەن پاشای یارییەكە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق بێت.
بەهۆی رێكارە دادوەرییەكان و هەوڵەكانی دەستەی نەزاهەو بەدواداچوونی پەرلەمانتارەكان، رۆژانە كەسی نوێ‌ لە دۆسییەی دزی سەدە ئاشكرادەبن‌و وردە وردەش ئەوە روون دەبێتەوە، كە مستەفا كازمی لە پشت هەموو ئەو كەسانە بووە، كە تۆمەتبارن بە دزی سەدە.
رۆژی دوو شەممە، زیا موسەوی راوێژكاری هەواڵگری سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق دەستگیركرا، كە یەکێکە لە تۆمەتبارە باڵاکانی دزی سەدە.
زیا موسەوی، خۆی ڕادەستی دادگا کردووە، ئەوەش دوای ماوەیەك لە خۆشاردنەوە، بەهۆی ئەوەی تۆمەتباربوو لەو پرۆسەی دزییە.
پێشتر ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، ژمارەیەک فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ کەسانی نزیک لە مستەفا كازمی سەرۆک وەزیرانی پێشووتر دەرکردبوو.
جاسم موسەوی، پەرلەمانتاری عێراق، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق، مستەفا كازمی، بە هۆکاری دەرئەنجامەکانی دزییە داراییەکانی پێشووتر دەزانێت.
موسەوی ئاماژەی بەوە كرد، كە ئێستا ئەنجومەنی دادوەری گەیشتووە بەو ئەنجامەی دەبێت هەموو ئەو کەسانەی بەشدارییان لە تاوانێکی دارایی و بەفیڕۆدانی پارەی گشتیدا کردووە دەستگیر بكرێن، بۆیە بەم نزیكانە كەسانی تریش لەسەر ئەو دۆسییەیە دەستگیردەكرێن.
هەروەها رایگەیاندووە، گەلی عێراق زیانی زۆریان بەهۆی حکومەتەکەی مستەفا کازمی بەرکەوتووە، ئەوەش بەهۆی ناهاوسەنگی ئیدارەو مەیلی بۆ لایەنێک لەسەر حسابی لایەنەکەی دیکە بووە.
لیژنەی دەستپاکی پەرلەمانیش دووپاتیدەكاتەوە، کە لێکۆڵینەوە لە فایلەکانی دزی سەدە دەبێتە هۆی سزادانی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی پێشوو.
ئێستا بازنەی جەماوەری و سیاسی لە عێراق چاوەڕوانی دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردنن بۆ مستەفا كازمی، ئەمەش گەیشتنە ئەنجامی كۆتایی لەو كەسانەی لەسەر ئەو دۆسییەیە دەستگیركراون.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color