گرنگ

ئەندامێكی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق: پێناچێت هەڵبژاردنی پەرلەمان، لە دەرەوەی وڵات بەڕێوەبچێت


 
ئەندامێكی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق:
پێناچێت هەڵبژاردنی پەرلەمان، لە دەرەوەی وڵات بەڕێوەبچێت
بوار، تایبەت
ئەندامێكی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق ئاماژە بەوە دەكات زۆرینەی ئەندامانی لیژنەی یاسایی و ئەندامانی لیژنەی هەرێم و پارێزگاكان هاوڕان لەسەر ئەوەی كە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە دەرەوەی وڵات ئەنجام نەدرێت، ئەوەش بەهۆی ئەو تێچوونە زۆرەی بۆ دەنگدانی دەرەوە هەیە.
داراسێكانیانی، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق بە بواری ڕاگەیاند: ماوەی چەند هەفتەیەكە لە پەرلەمانی عێراق كۆبوونەوە و گفتوگۆی چڕپڕ لەسەر هەمواكردنەوەی یاسای هەڵبژاردن بەڕێوەدەچێت، ئەوەی تا ئێستا تاڕادەیەك هەمووان لەسەری كۆكۆن ئەوەیە كە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدەرانی دەرەوەی عێراق بەڕێوەنەچێت، ئەوەش بەهۆی ئەو تێچوونە زۆرەی كە لەدەنگدانی دەرەوە لەڕووی داراییەوە لەسەر عێراق دەكەوێت، بەجۆرێك ئەگەر دەنگدەرێك لەناوخۆی عێراق دۆلارێكی تێبچێت ئەوا لەدەرەوەی عێراق پێویستی بە 20 دۆلار دەبێت ئەمە بەوتەی شارەزایانی ئەو بوارە.
ئاماژەی بەوەشكرد، تا ئێستا بابەتی یەك بازنەیی و فرە بازنەیی لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوو یەكلایی نەبووەتەوە و بەشێكی زۆری لایەنەكان پێیان وایە كە نابێت عێراق هەناگاو بەرەو دواوە بنێت و سیستەمێك پەیڕەو بكات كە لەگەڵ خواستی هاووڵاتیاندا نەبێت و لەبەرژەوەندی چەند لایەنێكی سیاسیدا بێت، بۆیە ئەوەی پەیوەستە بە هەڵوێستی لایەنە كوردییەكانەوە تاڕادەیەك یەكگرتووی ئیسلامی و نەوەی نوێ‌ و كۆمەڵی دادگەریش پێمان وایە كە دەبێت هەڵبژاردنەكان بە فرە بازنەیی بێت و نابێت بەگەڕێنیەوە بۆ یەك بازنەیی و تا ئێستا هەڵوێستی یەكێتی و پارتی نازانین چۆن دەبێت.
ئەو ئەندامەی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق ئەوەشی خستەڕوو، هەمواری یاسای هەڵبژاردن چەند خاڵێك لەخۆ دەگرێت وەك گەڕانەوە بۆ سیستمی یەك بازنەیی لەبری فرەبازنەیی. هەروەها هەوڵی ئەوە دەدرێت هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاكان پێكەوە بكرێن، بەڵام تا ئێستا نەگەیشتووینەتە بڕیاری كۆتایی دواجاریش دەبێت ئەم بابەتانە لە پەرلەمان دەنگی لەسەر بدرێت و یەكیلای بكرێتەوە.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color