گرنگ

هەرێم، لە گرێبەستی 50 ساڵی نەوتی لەگەڵ توركیاوە، بۆ گرێبەستی 12 ساڵی گازی سروشتی لەگەڵ ئیمارات


 
هەرێم، لە گرێبەستی 50 ساڵی نەوتی لەگەڵ توركیاوە، بۆ گرێبەستی 12 ساڵی گازی سروشتی لەگەڵ ئیمارات
بوار، تایبەت
ساڵی 2013، كاتێك كەڵكەڵەی ئابووری سەربەخۆو هەناردەی نەوت بەبێ‌ گەڕانەوە بۆ بەغدا كەوتبووەوە مێشكی بەرپرسانی هەرێمی كوردستان، مژدەی دروستكردنی كۆمپانیایەك بە گوێی خەڵكی هەرێم درا، كە لەو رێگەیەوە هەموو كەس سودمەند دەبێت لە داهاتی ئەو نەوتەی بەبێ‌ گەڕانەوە بۆ بەغدا دەفرۆشرێت.
ئەمە هەنگاوێكی رێگە خۆشكەربوو، بۆ واژووكردنی گرێبەستێكی درێژخایەن، كە وادەكەی 50 ساڵ بوو، لەنێوان هەرێمی كوردستان و توركیا واژوو كرا.
ئەو گرێبەستە تایبەت بوو بەكەرتی نەوتی هەرێمی كوردستان، بەڵام نەك ئەو گرێبەستە نەبووە خێرو خۆشی بۆ خەڵكی هەرێم، بەڵكو هەولێری تووشی قەرزدارییەكی وەها كرد، رەنگە چوار نەوەی داهاتوو، هەر بە دەست دانەوەی ئەو قەرزەوە بناڵێن.
ئێستاش دوای نزیكەی 10 ساڵ، لەو رووداوانە هەرێمی كوردستان بەنیازە گرەوێكی تر بكات، كە پێناچێت ئەنجامەكەی لەو گرێبەستە 50 ساڵییە باشتر بێت، كە پێشتر كرابوو.
گرەوەكەی ئەمجارەی هەرێم، مامەڵەو رێككەوتنە بە گازی سروشتی هەرێمی كوردستانەوە، كە بەپێی ئەو زانیارییانەی تایبەت دەست بوار كەوتووە، ئامانجی سەردانەكەی ئەم دواییەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم بۆ وڵاتی ئیمارات، بۆ واژووكردنی گرێبەستێكی تایبەتە بە كەرتی گازی سروشتی هەرێمی كوردستان.
هەر بەپێی زانیارییەكان، لایەنی عێراقی و ئەمریكی ئاگاداری گرێبەستەكەن‌و بەڕەزامەندی ئەوان كراوەو بڕیارە بەم نزیكانە بەشێك لە ناوەڕۆكی رێككەوتنەكە بۆ رای گشتی ئاشكرابكرێت.
ئێستا لایەنی ناڕازی گرێبەستەكە توركیایەو تائێستا دیارنییە، توركیا بۆ بەو رێككەوتنە رازی نییە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی چەند جارێك نێچیرڤان بارزانی سەردانی توركیای كردووەو لە بارەی ئەو گرێبەستەوە گفتوگۆی لەگەڵ بەرپرسانی ئەنقەرە كردووە.
زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، كە گرێبەستەكە بۆ ماوەی 12 ساڵەو تایبەتە بە گازی سروشتی هەرێمی كوردستان، كە لە نێوان هەرێم و چەند كۆمپانیایەكی ئیماراتی واژوو دەكرێت و بەشێكی گرێبەستەكەش، كۆمپانیایەكی ئەمریكی تێیدا بەشدارە.
بوار زانیویەتی، بەشێك لە خەرجییەكانی ئەم گرێبەستە، خەرجییەكانی كەرتی گازی سروشتی لەئەستۆ دەگرێت و بەشێك لە قەرزەكانی سەر كەرتی وزی هەرێمی كوردستانیشی لێدەدرێتەوە.
ئێستا پرسیارەكە ئەوەیە، ئایا هەرێمی كوردستان لەم گرێبەستە نوێیەدا سەركەوتوو دەبێت؟ یان هاوشێوەی گرێبەستە نەوتییەكە، رووبەڕووی قەیرانی ترو چەندین ملیار دۆلاری قەرزداری نوێی دەكات؟
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color