شه‌ڕكردن له پێناو پاراستنی حورمه‌ت
هه‌ڵاتن بۆ ژێر سێبه‌ری پارتی له‌ترسی یه‌كێتیی
بۆچی كه‌س له‌ژێر سێبه‌ری یه‌كێتیدا پارێزراو نییه؟
سه‌رتیپ قه‌شقه‌یی
له‌سه‌رده‌می مام جه‌لالدا، له‌سه‌ر هه‌ر دۆسییه‌كی ناوخۆیی، كاتێك راپۆرتێك ده‌هات، مام جه‌لال ده‌یوت: وێنه‌یه‌كی بۆ خۆم و وێنه‌یه‌كیش بۆ به‌رپرسی ده‌زگا، وێنه‌یه‌كیش له‌نێوانی خۆمان و خودا. واته مام جه‌لال خۆی ئیجرائاتی ده‌كردو هیچ كات له‌سه‌رده‌می ئه‌ودا، كه‌ڕامه‌ت و حورمه‌تی سه‌ركرده‌و كادیران به به‌رچاوی خه‌ڵك و به ئاشكرا نه‌ده‌شكێنرا، كه‌سیش ته‌فاسیلی نێو راپۆرته‌كانی نه‌ده‌زانی.
به‌ڵام ئێستا هه‌ر راپۆرتێك له‌ده‌زگاوه دێت، وێنه‌یه‌كی بۆ مه‌سئولی ده‌زگاو وێنه‌یه‌كی بۆ هاوسه‌رۆك، وێنه‌یه‌كیش بۆ راگه‌یاندن و سۆشیال میدیایه. واته جگه له‌وه‌ی ئه‌و راپۆرتانه‌ی ئیجرائاتی له‌سه‌ر ناكرێت، ئه‌گه‌ر لەگەڵ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی حزب نه‌هاته‌وه، رێك نوسخه‌یه‌یكی ده‌نێرن بۆ فه‌یسبوك و كابرای پێ ده‌شكێنن.
به‌درێژایی مێژووی یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان، جۆرێك له نا دڵنیایی له‌ئاینده‌ی خۆت له‌نێو ئه‌و حزبه‌دا هه‌ر هه‌بووه، به‌ڵام له‌دوای وه‌فاتی مام جه‌لال ئه‌و بابه‌ته به‌ته‌واوی هه‌ستی پێده‌كرێت. ئه‌وانه‌ی له‌سه‌ركردایه‌تی و له‌ده‌ره‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تین، هیچ كات له‌ژێر سایه‌ی ئه‌و حزبه‌دا پارێزراو نین، هه‌میشه نا دڵناییه‌كیان هه‌بووه به‌وه‌ی رێزیان لێناگیرێت، زۆرجاریش مه‌له‌فیان بۆ دروست ده‌كرێت، هه‌میشه ترسیان له‌وه هه‌بووه ئه‌گه‌ر له‌ده‌ره‌وه‌و ناوه‌وه‌ی یه‌كێتیی بن، له‌رووی كۆمه‌ڵایه‌تی و مادی و مه‌عنه‌وی پارێزراو نین.
دواین نموونه‌ش ئاینده‌ی عه‌تا سه‌راوی، ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی ئه‌و حزبه‌یه. سه‌راوی، كاتێك به ده‌نگێكی به‌رزو به ئاشكرا له‌راگه‌یاندن هێرشده‌كاته سه‌ر سه‌رۆك و سه‌ركردایه‌تی حزبه‌كه‌ی، ئه‌گه‌ر به‌شێكی په‌یوه‌ندی به‌كێشه‌و به‌رژه‌وه‌ندی كه‌سی بن، به‌شه‌كه‌ی دیكه په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه هه‌یه له‌نێو حزبه‌كه‌یدا رێز‌و حورمه‌تی ناگیرێت و ئاینده‌ی نه پارێزراوه.
عه‌تا، دواین نمونه‌ی سه‌ركرده‌یه‌كی یه‌كێتییه له‌ئاینده‌ی خۆی له‌نێو ئه‌و حزبه‌دا دڵنیا نییه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه بۆ مێژوو و ساڵانی رابردوو، ده‌یان نموونه‌ی له‌و شێوه‌یه به‌رچاو ده‌كه‌ون، له نموونه‌ی (ئازاد جوندیانی و نه‌جمه‌دین كه‌ریم و عارف روشدی و عوسمانی بانی مارانی و هه‌ڵو پێنجوێنی و سامان گه‌رمیانی و سالار عه‌زیزو فه‌ره‌یدون عبدولقادرو سیروان كێخوا نه‌جم و ...هتد) .
ئه‌رێ كه‌سێك ناپرسێ بۆچی، نه‌وه‌كانی قازی محه‌مەدو شێخ محمود، نه‌یانویست بچنه ژێر سێبه‌ری یه‌كێتیی و بوونه موچه خۆری پارتی؟!.
بۆچی عه‌زیز وه‌یسی، له‌به‌رپرسێكی سه‌ربازی په‌كه‌كه‌وه ناچێته ناوهێزێكی دیكه‌و رێك خۆی ده‌خزێنێته‌وه نێو پارتی؟!
عوسمان ئۆجه‌لانی برای عبدوڵا ئۆجه‌لان، كاتێك رێزه‌كانی په‌كه‌كه جێده‌هێڵێت، بۆچی ناچێته ژێر باری هێزێكی دیكه‌و له‌گوندی ئیتاڵی ده‌بێته میوانی پارتی؟!
باشه بۆچی عبدوڵا كێخوا موباره‌ك، له‌دیمانه‌یه‌كیدا باس له‌په‌شیمانبوونه‌وه‌ی له‌كاركردنی له‌نێو یه‌كێتیی ده‌كات، له‌ولاشه‌وه به‌چه‌قه‌نه‌یه‌ك له‌به‌رده‌م لاوازترین ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی، ئیعلانی پارتی بوونی خۆی ده‌كات؟!
كه‌واته بۆچی خه‌ڵك له‌یه‌كێتیی و گۆڕانه‌وه ده‌بنه پارتی، به‌ڵام به‌ده‌گمه‌ن پێچه‌وانه‌كه‌ی رووده‌دات؟
باشه ئه‌وه په‌یوه‌ندی به‌وه نییه، كه كه‌س له‌نێو ئه‌و حزبانه‌ی زۆنی سه‌وز له‌ئاینده‌ی خۆیان دڵنیا نین و ترسیان هه‌یه هه‌ركاتێك حزبه‌كه‌یان بیانه‌وێ مه‌له‌فیان بۆ دروست ده‌كات؟!
عوسمان بانی مارانی و سه‌ركه‌وت كوبه، كه له هه‌ستیارترین كاتدا چوونه‌وه نێو ریزه‌كانی یه‌كێتیی، ئایه له پای ئه‌و چوونه‌وه‌یه چیان وه‌رگرت جگه له‌ته‌همیش كردن و پێدانی پۆستی ته‌شریفاتی.
ئه‌گه‌ر كه‌سێك بیه‌وێ بێته‌وه ناو یه‌كێتیی، به‌ڵام بزانێت مه‌سئولیه‌ت و داهاتووی نه‌پارێزرێت، بۆچی بێته‌وه؟!
یانی یه‌كێتیی، نه‌یده‌توانی له‌كۆی 124 ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی شوێنی عوسمان بانی مارانی و هاوشێوه‌كانی بكاته‌وه؟!
شه‌ڕی ئێستای به‌شێك له‌باڵه‌كانی یه‌كێتیی و ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی، شه‌ڕكردنه له‌پێناو حساب بۆ كردن و رێزگرتن و گه‌ڕانه‌وه‌ی حورمه‌ت بۆیان، له‌نێوشیان شانازی ئیبراهیم و چه‌ند ئه‌ندامێكی دیكه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی.
له نێو ئه‌و یه‌كێتیه‌دا، ده‌یان كه‌سی وه‌ك (ئه‌رسه‌لان بایزو عیماد ئه‌حمه‌دو مه‌لا به‌ختیار ...هتد) حسابیان بۆ ناكرێت، هه‌موو كات حزبه‌كه‌ی خۆیان لێیان له‌كه‌مینن و ترسی ئه‌وه‌یان هه‌یه مه‌له‌فیان بچێته سۆشیال میدیا.
ده‌زانن بۆ خه‌ڵك هه‌ڵدێته ژێر سێبه‌ری پارتی، چونكه تاوه‌كو ئێستا هیچ كه‌ستان دیوه پارتی توڕه‌ی كردبێت و دواتر كه‌ڕامه‌تی شكاند بێت؟
پارتی پێی ده‌ڵێ، بێده‌نگبه! به‌ڵام ئاینده‌و رزقی ماڵ و منداڵت پارێزراوه.
نه‌زهه‌ت حالیتان، بینی رۆژێك شتێك بنوسێت و بڵی له‌پارتی بوونم په‌شیمانم !!!
بۆ شێخ جه‌عفه‌ر سووكه، به‌ڵام موسته‌فای سه‌ید قادر سووك نییه، له‌كاتێكدا شێخ جه‌عفه‌ر نیو هێنده‌ی موسته‌فای سه‌ید قادر، له‌خزمه‌تی پارتی نه‌بووه‌و حزبه‌كه‌ی خۆی ته‌سلیمی پارتی نه‌كردوه؟!
بۆچی یه‌كێتیی وه‌زیرێكی خۆی پێ سوكه‌و دژایه‌تی ده‌كات، به‌ڵام له‌نێو هیزه‌كانی دیكه به‌وشێوه‌یه نییه؟
ئه‌و هێزانه‌ی ئێستا به‌جۆرێك له‌جۆره‌كان له‌یه‌كێتییه‌وه نزیكن و هاوپه‌یمانی و لێكتێگه‌یشتنیان له‌گه‌ڵ یه‌كێتیی هه‌یه بۆ هه‌ڵبَژاردن، یاخود له‌زۆر مه‌سه‌له‌دا هاوڕان له‌گه‌ڵ ئه‌و حزبه‌دا، په‌یوه‌ندی به‌دڵنیایی ئه‌و هێزانه‌وه نییه، به‌ڵكو به‌هۆی ئیهمالی و ده‌رگا نه‌كردنه‌وه‌ی پارتییه له‌و هێزانه، به تایبه‌ت له‌م دوایانه‌دا، ده‌سه‌ڵاتی تاكڕه‌وی ئه‌و حزبه به‌رامبه‌ر هه‌موو هێزه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی خۆی زیادیكردوه.