گرنگ

چی لە پشت سەردانەكەی محەمەد شەیاع سودانییەوە بوو بۆ هەولێر؟


 
چی لە پشت سەردانەكەی محەمەد شەیاع سودانییەوە بوو بۆ هەولێر؟
بۆچی بۆ دیداری سلێمانی هاتبوو، بەڵام لەپێشدا چووە هەولێر؟
سودانی چی داواكارییەكی خستە بەردەم بارزانییەكان؟
بارزانییەكان داوای چیان كردو چ گرنتییەكیان دایە سەرۆك وەزیرانی عێراق؟
سوودانی چی كرد بۆ چارەسەری كێشەكانی پارتی‌و یەكێتی؟
رۆژی سێ‌ شەممەی رابردوو، محەمەد شەیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق. سەردانی هەرێمی كوردستانی كردو وێستگەی یەكەمی سەردانەكەشی شاری هەولێری پایتەخت بوو، كە لە سەردانەكەی لەگەڵ هەریەكە لە مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكرات و نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم و مەسرور بارزانی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران كۆبوونەوەی كرد.
هاتنەكەی سودانی، پەیوەندی بە بانگهێشتكردنیەوە هەبوو بۆ بەشداری لە دیداری سلێمانی، كە لە لایەن زانكۆی ئەمریكی لە سلێمانی بۆ جاری حەوتەم رێكخرابوو، بۆیە ئەمە ئەو پرسیارەی دروست كرد، سودانی بۆ سلێمانی بانگێشت كرد، بەڵام لە پێشدا چووە هەولێر.
بەپێی ئەو زانیارییانەی تایبەت دەست بوار كەوتووە، سودانی بە دەرفەتی زانیوە، لە سەردانەكەی بۆ هەرێم لە پێشدا بچێتە هەولێرو لەگەڵ بەرپرسانی پارتی دیموكرات كۆببێتەوە، بۆ ئەوەی داواكارییەكیان بخاتە بەردەم.
هەر بەپێی زانیارییەكان، داواكارییەكەی سودانی پەیوەندی بە پەسەندكردنی پرۆژە یاسای بودجەی گشتی عێراقەوە هەبووەو داوای ئەوەی كردووە، كە دەبێت هەرێم پابەند بێت بەو رێككەوتنەی لەسەر بودجەو دۆسییەی نەوت لە نێوان هەولێرو بەغدا كراوە.
بوار زانیویەتی، كە سودانی جەختیكردووەتەوە، ئاستەنگی زۆری تێپەڕاندووە، تا پرۆژە یاسای بودجەی پەسەندكردووەو پشكی هەرێمی جێگیركردووە، بۆیە دەبێت هەولێریش پابەند بێت بەو رێككەوتنە.
سەرەتای ئەم هەفتەیە پرۆژەیاسای بودجەی عێراق پەسەندكراو بەپێی پرۆژەكە پشكی هەرێم بە 12.67% دیاریكراوە، بەو مەرجەی هەرێم رۆژانە داهاتی 400 هەزار بەرمیل بخاتە هەژمارێكی بانكی و حكومەتی عێراق ئاگاداری ئەو ئەژمارە بانكییە بێت.
لە بەرانبەر ئەو داواكارییەی سودانی خستوویەتییە بەردەم بەرپرسانی پارتی‌و هەرێمی كوردستان، سەرچاوەیەك مەرجی هەولێری بۆ جێبەجێكردنی داواكارییەكە بۆ بوار ئاشكراكرد.
بەپێی قسەی سەرچاوەكە، هەریەكە لە مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی داوای گەرەنتیان كردووە، بەوەی دەبێت بەغدا پابەند بێت بە ناردنی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان بە شێوەی مانگانە.
هەر بەپێی قسەی سەرچاوەكە، بارزانییەكان داوای ئەوەشیان كردووە، كە نابێت لە پەرلەمان لە كاتی پەسەندكردنی پرۆژە یاسای بودجە، كێشە بۆ تێپەڕاندنی پشكی هەرێم بكرێت، ئەوەش بەپێی ئەو رێككەوتنەی پێشتر لایەنەكان بۆ پێكهێنانی حكومەت كردوویانە، ئەمە جگە لە جێگیركردنی داواكانی هەرێم لە پرۆژە یاسای نەوت و گاز، كە بڕیارە بەم نزیكانە ئەویش پەسەند بكرێت.
بەشێكی تری سەردانەكەی سودانی پەیوەندی بە كێشەكانی نێوان پارتی‌و یەكێتی هەبووە، كە ماوەیەكە بەردەوامەو سودانی هەوڵی چارەسەری دەدات، ئەوەش بەهۆی ئەوەی ناوبراو پێیوایە، رێككەوتنەكەی هەولێرو بەغدا وەك خۆی جێبەجێناكرێت، ئەگەر یەكێتیش پشتگیری نەكات.
سەچاوەكەی بوار ئەوەی ئاشكراكرد، كە سودانی لە سەردانەكەی بۆ هەولێر داوای لە بەرپرسانی پارتی بەتایبەتی مەسعود بارزانی كردووە دەستپێشخەری بكات بۆ چارەسەری كێشەكانی نێوان پارتی‌و یەكێتی.
سەرچاوەكە ئەوەشی ئاشكراكرد، كە سودانی لە سەردانەكەی بۆ سلێمانی ئەو داوایەشی لە بەرپرسانی یەكێتی كردووە، كە كار بكەن بۆ چارەسەری كێشەكانیان لەگەڵ پارتی و چیتر نابێت ئەو كێشانە بەردەوامیان هەبێت.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color