گرنگ

بودجەی ساڵی ٢٠٢٣ لە مەترسیدایە؟


 
بودجەی ساڵی ٢٠٢٣ لە مەترسیدایە؟
ئەگەری دابەزینی نرخی نەوت لەمساڵدا بەهێزە
بوار، تایبەت
پشتبەستنی حکومەتی ئێستای عێراق بە 87%ی داهاتەکانی بە نەوت بۆ پرۆژەیاسای بودجەی "مەترسییەکی گەورە"یە لەسەر ئەو بودجەیەی بڕیارە پەرلەمان پەسەندی بكات.
مەترسییەكەش بەهۆی ئەگەری دابەزینی نرخی نەوتە لە بازاڕەكانی جیهان، كە بۆ ئەوەش دوو هۆكاری بەهێز هەیەو ئەگەر رووبدات، كورتهێنانی بودجەی عێراق زۆر گەورە دەبێت.
یەكێك لە هۆكارەكانی پێشبینی دابەزینی نرخی نەوت، ئەو قەیرانە داراییەیە، کە لەم دواییانەدا لە ئەمریکا ڕوویداو بووە هۆی مایەپووچبوونی بانکێک.
هۆكارەكەی تریش پەیوەندی پەیوەندی بە خاوبوونەوەی گەشەی ئابووری چینەوە هەیە، كە ئەوەش وا دەكات پێشبینی دابەزینی گەورەی نرخی نەوتی لێبكرێت.
بەپێی قسەی شارەزایانی ئابووری، پێویستە حکومەتی ئێستا کارێکی جددی بکات سەبارەت بە کەمکردنەوەی پشتبەستن بە داهاتی نەوت و هەنگاونان بەرەو داهاتی غەیرە نەوتی.
بەپێی پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2023، بە ڕێژەی 87%ی داهاتی نەوت سەرچاوەی داهاتی گشتی عێراقە، ئەوەش بەبێ گوێدانە بەرزبوونەوە یان دابەزینی نرخی نەوت، چونكە كەس نازانێت ئابووری جیهانی و بازاڕی نەوت بەرەو کوێ دەڕوات.
شارەزایانی ئابووری دەشڵێن: ئەم دۆخە پێویستی بە بیرکردنەوەیەکی جدی لە زیادکردنی داهاتی غەیرە نەوت و کەمکردنەوەی پشتبەستن بەداهاتی نەوت هەیە.
نەبیل مرسومی شارەزای ئابووری لەو بارەوە دەڵێت: بودجەی ساڵی 2023 زۆر گەشبینانە نییە، بەو پێیەی لەسەر بنەمای هەناردەکردنی 3 ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدایە و نرخی نەوتی هەر بەرمیلێک 70 دۆلارە تەخمینكراوە.
ئاماژەی بەوەدا، کە عێراق یەکەم وڵاتی نەوتە لە ئۆپێکدا بۆ وەرگرتنی نرخێکی وەها بەرز و بێ یەدەگی بانكی و خوێندنەوە بۆ ئەوەی نرخی نەوت لە داهاتوودا چی لێدێت.
ئێستا نرخی نەوت لەئاستی نێودەوڵەتی بەردەوامە لە دابەزینێکی بەرچاو، دوای ئەوەی نەوتی خاوی برێنت نزیکەی 74 دۆلاری تۆمارکرد بۆ هەر بەرمیلێک.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color