گرنگ

لەیاسای بودجەدا جێگیرکراوە، دەبێت هەرێم یەک تریلیۆن دینار قەرز بداتەوە بە عێڕاق


 
لەیاسای بودجەدا جێگیرکراوە، دەبێت هەرێم یەک تریلیۆن دینار قەرز بداتەوە بە عێڕاق
بەپێی ڕەشنوسی پڕۆژە یاسای بوودجەی عێراق، ئەو ٤۰۰ ملیارەی لە چەند ڕۆژی ڕابردودا لە بانکی بازرگانی عێراقییەوە خرایە سەر حسابی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم، دەبێت لە ساڵی ئایندەدا بیگەڕێنێتەوە بۆ بانکی بازگانی عێراق و وەکو قەرز لەسەر هەرێم هەژمار کراوە.
بەپێی ماددەی ٦۱، لە ڕەشنووسی یاسای بودجەدا هاتووە دەبێت ٤۰۰ ملیار دینار لە پشکی هەرێم بدرێتەوە بە بانکی بازرگانی عێراق لە بری ئەو ٤۰۰ ملیار دینارەی بەپێی بڕیاری ۳۳۳ی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە ساڵی ۲۰۲۲ دراوەتە هەرێم.
لە بڕگەی دووەمی ماددەی ۱۳ی ڕەشنوسەکە، هەرێم پابەند دەکات بە دانەوەی قەرزی بانکی بازرگانی عێراقی TBIی کە لە کاتی قەیرانی دارایی هەرێم لە ساڵی ۲۰۱٤ و ۲۰۱٥ حکومەتی هەرێم پتر لە ٤ تریلیۆن دیناری لە لقی هەولێر و سلێمانی بانکی بازڕگانی عێراقی ڕاکێشاوە. لە بنەڕەتدا پارەی بانکی بازرگانی و چەند بانکێکی ئەهلی بوون.
بەپێی ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای بودجە، دەبێت بۆ ماوەی ۷ ساڵ هەرێم قەرزەکانی بانکی بازرگانی بداتەوە بە شێوەی مانگانەو بۆ هەرمانگێک وەزارەتی دارایی عێراق بڕی ٥۰ ملیار دینار لە پشکی هەرێم دەبڕێت و دەخرێتە سەر هەژماری بانکی بازرگانی عێراق.
بەپێی ئەو دوو ماددەیەی پڕۆژە یاسای بودجە، دەبێت هەرێم بۆ ساڵی دارایی ۲۰۲۳ بڕی یەک تریلیۆن دینار قەرز بداتەوە. کە پێکدێت لە ٤۰۰ ملیارەکەو ٦۰۰ ملیار قەرزی بانکی بازرگانی عێراقی.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color