گرنگ

کۆرۆنا بوەتە هۆی هەژاربونی 114 ملیۆن كەس و نۆ كەسیشی كردوەتە ملیاردێر


 


بوار نیوز، هەولێر
ئێستا لە جیهاندا بەهۆی بەرهەمهێنانی ڤاکسینەوە نۆ کەسی نوێ لە جیهاندا بوونەتە ملیاردێر... کۆرۆنا، ئەگەرچی زیانی گەورەی بەئابوریی جیهان گەیاندوە، چەندین کۆمپانیاو شوێنی بازرگانی لەجیهاندا داخران و مایەپوچ بون، بەڵام دواتر بەرهەمهێنانی ڤاکسین، کەسایەتی و کۆمپانیای زۆری دەوڵەمەندکرد یان پارەیەکی زۆری بۆ سەر داهات و سامانەکەیان زیادکرد.
ستیفن بانسل، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای مۆدێرنا بەهۆی ڤاکسینەوە بوەتە خاوەنی 4.3 ملیار، هەروەها
ئوگور شاهین، بەڕێوەبەرو دامەزرێنەری کۆمپانیای بایۆنتێک بوەتە خاوەنی 4 ملیار دۆلار. سامانی هەر نۆ کەسەکەش پێکەوە 19.3 ملیار دۆلارە.
بەگوێرەی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان، کۆرۆنا بووەتە هۆی هەژاربوونی 114 ملیۆن و 400 هەزار کەس لەسەرانسەری جیهاندا.
تاوەکو ئێستا ملیارێک و 650 ملیۆن ژەمە ڤاکسین لەسەرانسەری جیهان دابەشکراون، بەوتەی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەشی هەرە زۆری ئەو ژەمە ڤاكسینانە بۆ وڵاتە دەوڵەمەندەکان بووە.
لەکاتێکدا وڵاتە دەوڵەمەندەکانی وەک بەریتانیا، چین و ئەمریکا نزیک دەبنەوە لەوەی 70٪ی خەڵکەکەیان ڤاکسین وەربگرن، تاوەکو ئێستا تەنانەت 5٪ی خەڵکی وڵاتانی ئەفریقا ڤاکسینیان وەرنەگرتووە.
لێکۆڵەرەکانی زانکۆی ئۆکسفۆرد و کۆمپانیای ئەسترازێنیکاش دەڵێن، جیهان پێویستی بە 66 ملیار دۆلارە تاوەکو ڤاکسینی دژی کۆرۆنا بە هەموو دانیشتووانەکەی بگات.

ئەو نۆ کەسەی بەهۆی ڤاکسینەوە بونەتە ملیاردێر كۆی سامانەكەیان نزیكەی بیست ملیار دۆلارە، ستیفن بانسل، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای مۆدێرنا سامانەكەی بوەتە زیاتر لە چوار ملیار دۆلار. ئوگور شاهین، بەڕێوەبەرو دامەزرێنەری کۆمپانیای بایۆنتێک سامانەكەی گەیشتوەتە چوار ملیار دۆلار. تیمۆتی سپرینگەر، وەبەرهێنەر لە کۆمپانیای مۆدێرنا، سامانەكەی دو ملیار دۆلاری تێپەڕاندوە. نۆیبار ئافیان، سەرۆکی کۆمپانیای مۆدێرنا، كۆی سامانەكەی گەیشتوەتە نزیكەی دو ملیار دۆلار. خوان لۆپێز بێلمۆنت، سەرۆكی کۆمپانیای گواستنەوەی ڤاکسین. سامانەكەی گەیشتوەتە نزیكەی دو ملیار دۆلار. رۆبەرت لانگەر، زاناو وەبەرهێن لەکۆمپانیای مۆدێرنا، كۆی سامانەكەی بوەتە ملیارێك 600 ملیۆن دۆلار.
ژو تاو، دامەزرێنەری کانسینۆ بایۆلۆژیک، سامانەكەی گەیشتوەتە ملیارێك و سێ سەد ملیۆن دۆلار. کیو دۆنکسو، جێگری سەرۆکی کانسینۆ بایۆلۆژیک. سامانەكەی بوەتە ملیارێك و دو سەد ملیۆن دۆلار. دواین ملیاردێری بەرهەمهێنانی ڤاكسین، ماو هوینوا، هاوبەشی کانسینۆ بایۆلۆژیکەو سامانەكەی یەك ملیار دۆلارە.

 

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color