گرنگ

هێزی پشتیوانی خێرا، کێن و بۆچی دەیانەوێت دەست بەسەر تەواوی دام و دەزگا حکومییەکانی سوداندا بگرن؟


 
هێزی پشتیوانی خێرا، کێن و بۆچی دەیانەوێت دەست بەسەر تەواوی دام و دەزگا حکومییەکانی سوداندا بگرن؟
هێزی پشتیوانی خێرا، میلیشیایەکی نیمچە سەربازی سودانییه، کە لە میلیشیاکانی جەنجاوید پێکهاتووەو لە ساڵی ٢٠١٣دا، عومەر حەسەن ئەلبەشیر سەرۆککۆماری پێشووی سودان بە شێوەیەکی فەڕمی هێزی پشتیوانی خێرای دروستکرد.
لە کاتی جەنگی دارفوردا، بەناوی حکومەتی سودانەوە دژی سەربازانی هەرێمی دارفور وەستانەوە.
هێزی پشتیوانی خێرا، لەلایەن دەزگای هەواڵگری و ئاسایشی نیشتمانی سودانییەوە بەڕێوەدەبرێت کە لەژێر فەرماندەیی هێزە چەکدارەکانی سوداندایە.
هێزی پشتیوانی خێرا، لەلایەن محمد حەمدان ناسراو بە حەمیدەتی فەرماندەیی دەکرێت کە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشیر سەریهەڵدا.
لە دوای کودەتا سەربازییەکەی ساڵی ٢٠١٩، هێزەکانی پشتیوانی خێرا دەسەڵاتی زیاتریان بەدەستهێنا لە سودان. کە دیارترین ڕۆڵیان سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران بوو.
هێزەکانی پشتیوانی خێرا، لە مانگی حوزەیرانی ٢٠١٩ کۆمەڵکوژییەکی گەورەیان ئەنجامدا، کە بووە هۆی گیان لەدەستدانی زیاتر لە ١٠٠ خۆپیشاندەری بێ چەک لە خەرتوومی پایتەختی سودان.
ئەم میلشیایە لەلایەن حکومەتی سودانەوە پشتیوانی دەکرا بۆ سەرکوتکردنی نەیارانی دەوڵەت، بەڵام ئێستا مانگی هەنگوینی ئەو هێزەو سوپا کۆتایی هاتووەو لە سوپا و حکومەت هەڵگڕاوەتەوە هەوڵی کۆنتڕوڵکردنی تەواوی سودان دەدات.
ئێستا جێی خۆیەتی محەمەد حەمدان کێیە کە دەیەوێت کۆنتڕۆڵی هەموو سودان بکات؟
محەمەد حەمدان، ناسراو بە "حەمیدەتی" کەسایەتییەکی سەربازی سودانییە، لە ساڵی ١٩٧٥ لە دایکبووە، لە عەشیرەتی ڕیزەیگاتە، لە تەمەنی پانزە ساڵیدا وازی لە خوێندن هێناوەو بە بازرگانی حوشتر و قوماش و پاراستنی کاروانەکانەوە سەرقاڵ بووە.
گەنجێکی چالاک و بوێر بووە، لە سەردەمی منداڵیدا بە سەرکردایەتیکردنی کۆمەڵە گەنجێکی تەمەن بچووک کە کاریان دەکرد بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایش بۆ کاروانە بارزگانییەکان و ڕاگرتنی باند و دزەکان دەستی پێکرد.
بەردەوام لە نێوان وڵاتانی چاد و لیبیا و میسردا دەجووڵایەوە، هەندێکجار بۆ فرۆشتنی حوشتر و هەندێکجاریش بۆ پارێزگاری لە کاروانەکانی حوشتر.
سەرکەوتوو بوو لە کۆکردنەوەی سامانێکی گەورە، کە دواتر توانی میلیشیایەکی چەکدار دابمەزرێنێت، لەو ڕێیەوە توانی سەرنجی دەسەڵاتدارانی سودان بۆ خۆی ڕابکێشێت کە بۆ زۆر کاری گرنگ پشتی پێ ببەستن.
بە پشتیوانی حکومەتی سودان، توانی هۆزە گەورەکانی سودان، بخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی یاخیبوونی دارفور.
حەمیدەتی خوێندنی ئەکادیمی وەرنەگرتووە، نەچووەتە ناو سوپاوە، بەڵکو بە هێز و کاریگەری و تواناکانی پێگەی خۆی بەهێزکردووە.
کاتێک حکومەت لە خەرتوم هێزی جەماوەری لە عەشیرەتە دڵسۆزەکان پێکهێنا، حەمیدەتی کرا بە سەرکردەی هێزەکان.
هێزەکانی پاڵپشتی خێرا، پەیوەندی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ عومەر بەشیر سەرۆکی سودانەوە هەبوو، کە ئەو هێزە لە ٤٠ هەزار چەکدار پێکهاتبوو و پڕچەک کرابوون.
ئێستا حەمیدەتی بووەتە کاراکتەرێکی دیاری سیاسی لە ناوچەکە. ئێستا پەیوەندیی بەهێزی لەگەڵ هەر یەک لە وڵاتانی میسر و سعودییە هەیەو بانگهێشتی کۆبونەوە گرینگەکان دەکرێت لە لایەن ئەو وڵاتانەوە.
حەمیدەتی لە یەکەم سەردانی فەڕمیدا بۆ دەرەوەی وڵاتەکە، لە مانگی ئایاری ٢٠١٩ بوو کە چووە سعودیە و چاوی بە محەممەد بن سەلمان جێنشینی سعودیە کەوت.
ئێستا حەمیدەتی لە سوپا و حکومەتی سودان هەڵگەڕاوەتەوەو چەندان ناوچەی هەستیاری وڵاتەکەی خستووەتە ژێر رکێفی خۆیەوەو بەردەوەمیشە لە ڕووبەڕووبونەوەی سوپای وڵاتەکەی... نازانرێت لەو هەوڵەیدا سەرکەوتوو دەبێت لە کۆنتڕۆڵکردنی سودان یاخود کۆتایی بەەپاوانخوازییەکەی دێت بۆ دەسەڵات.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color