گرنگ

گرتنەوەی ئاوی ڕوباری سیروان لەلایەن ئێرانەوە، وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق دەباتە ئەو وڵاتە


 

گرتنەوەی ئاوی ڕوباری سیروان لەلایەن ئێرانەوە، وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق دەباتە ئەو وڵاتە

بوارنیوز، سلێمانی
بەهۆی بەردەوامیدانی ئێران بەگرتنەوەی سەرچاوەی ئاوی ڕوباری سیروان کە دواجار دەڕژێتە ناو بەنداوی دەربەندیخانەوە، وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق و بەڕێوەبەری گشتی بەنداوەکانی هەرێم ناچار بەسەردانی ئێران دەکات، بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخانیش دەڵێت وردەکاری زیانەکانی گرتنەوەی ئاوری ڕوباری سیروانمان داوەتە وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق.
جیا لەسەردانە چاوەڕوانکراوەکەی وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق، دوێنی بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوە ئاوییەکانی هەرێم سەردانی وڵاتی ئێرانی کرد بۆ هەمان مەبەست.
بێگەرد تاڵەبانی لەلاپەڕەی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بڵاویکردوەتەوە کە لەگەڵ جێگری وەزیری کشتوکاڵی ئێرانی کۆبوەتەوەو یەکێک لەتەوەرەکانی کۆبونەوەکەشی تایبەت بوە بەباسی ووشکەساڵی و کێشەی ئاوی سیروان و زێی بچوک کە سەرچاوەکەی لەوڵاتی ئێراندایە.
ڕەحمان خانی، بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان بە بوارنیوزی ڕاگەیاند: بەهۆی ئەو سیاسەتەی وڵاتی ئێران گرتویەتییە بەر بەگرتنەوەی سەرچاوەی ئاوی ڕوباری سیروان کە دواجار دەڕژێتە بەنداوی دەربەندیخان، هاوکات گۆڕینی ڕێڕەوە ئاوییەکانی سەرچاوەی سیروان و دروستکردنی ژمارەیەک بەنداو بۆ گلدانەوەی ئاو لەلایەن ئێرانەوە ئەمە وای لەوەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی حکومەتی عێراقی کردووە کە بەشێوەیەکی مەیدانی سەردانی ئێران بکات و ئەم بابەتە لەگەڵ لایەنی ئێرانی تاوتوی بکەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، وابڕیارە لەم هەفتەیە یاخود هەفتەی داهاتوو وەزیری سەچاوە ئاوییەکانی عێراق کە نوێنەری هەرێمی کوردستانیشی لەگەڵدا دەبێت ئەو سەردانە بۆ ئێران ئەنجام بدەن، هاوکات ئێمەش لەلایەن خۆمانەوە بە ڕاپۆرتێک وردەکاری زیانەکانی گرتنەوەی ئاوی سەرچاوەی سیروانمان لەلایەن ئێرانەوە بە وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق داوە بۆ ئەوەی لە گفتوگۆکانیدا لەگەڵ لایەنی ئیرانی ئاگاداری وردەکاری کێشەکان بێت.
بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان ئەوەشی خستەڕوو، بەگوێرەی ئەو پلانەی کە دامانناوە لەسەرتای ئەم مانگەوە تا 1/11/2021 بەردانەوەی ئاومان بە ئاراستەی کەلارو ئەوناوچانەی لەسەر زێی سیروانن لە 20مەترسێ‌ جا لەچرکەیەدا بۆ 30 مەتر سێ‌ جا لەچرکەیەدا زیاد کردوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئێستادا بەبەراورد بەساڵی ڕابردوو لەم کاتەدا ئاستی ئاوی بەندوای دەربەندیخان 11 مەترو نیو کەمیکردووە، ئەمەش مەترسییەکی گەورەیە و هۆکارەشەی بۆ دروستکردنی چەند بەندوێک و گرتنەوەی ئاو لەلایەن ئێرانەوە دەگەڕێتەوە.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color