گرنگ

ئەمریكا: هێزەكانی سوریای دیموكرات بەهێزتر دەكەین


 

پنتاگۆن بودجەیەکی ١٧٧ ملیار دۆلاری بۆ هاوکاری ئەو هێزانە داناوە کە لەسوریا دژی داعش شەڕ دەکەن

بوار نیوز، دهۆك
نوێنەرەكانی سوپای ئەمریكا لەرۆژئاوا كوردستان بەفەرماندەكانی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە)یان راگەیاندوە:"ئەمریكا بۆ هاوكاریكردنی (هەسەدە) بۆ روبەروبونەوەو نەهێشتنی داعش لەسوریا بەردەوام دەبێت.
سەرچاوەیەك لەناو هێزەكانی سوریای دیموكرات بەبوار نیوزی راگەیاند :"لەدواین سەردانیدا بۆ رۆژئاوای كوردستان: "كینیز ماكینزی فەرماندەی ناوەندی هێزەكانی ئەمریكا بەفەرماندەكانی (هەسەدە) وت: "ئەمریكا بۆ راهێنان و بەهێزكردن و پرچەككردنی (هەسەدە) بەردەوا دەبێت، بەڵام ژمارەی هێزەكانی هەسەدە زۆرە بۆیە ئەمریكا ئێستا ناتوانی ئەو هەمو هێزانە بخاتە خولی راهێنان".
ئەو سەرچاوەیە وتیشی: "ماكینزی ئەوەشی وت:" ئەگەر ژمارەی هێزەكانی (هەسەدە) كەمتربێت ئەوا دەتوانن لەزۆر روەوە شەڕڤانان وەك سەربازی ئەمریكی بەهێز بكەین تەنانەت موچەی زۆر باشیان بۆ دابین بکەین".
بەپێ زانیارییكانی بوار لەبەرامبەر وتەكانی ماكینزی فەرماندەكانی (هەسەدە) راگەیاند:"ئێستا جوگرافیایەکی زۆر كە دەگاتە نزیكەی۲٥٪ ی خاكی سوریا لەژێر كۆنترۆلی (هەسەدە)دایە بۆیە ناتوانن ژمارەی شەڕڤانەكانی (هەسەدە) كەم بكەنەوە".
وەزارەتی بەرگری ئەمریكا (پنتاگۆن) بۆ ساڵی ۲٠۲۲ لەبودجە زەبەلاحەكەیدا كە ۷۱٥ ملیار دۆلارە، ۱۷۷ ملیار دۆلار بۆ ئەو هێزانە داناوە كە لە سوریا دژی داعش شەڕ دەكەن لەوانە هێزەكانی سوریای دیموكرات".
دەروێش جابر، یەكێک لەفەرماندەكانی هێزەكانی سوریای دیموکرات سەبارەت هاوكارییەكانی پنتاگۆن بۆ بوار نیوز ئاشكرایكرد: "تا ئێستا هاوپەیمانان بە سەرۆكایەتی ئەمریكا خولی مەشق و راهێنان بۆ ۳٥ هەزار شەڕڤانی ئێمە کردوەتەوەو بەپێی بەرنامەی ئەمریكا تا كۆتایی ساڵی ۲٠۲۲ ژمارەی ئەو شەڕڤانانەی كە لە پرۆگرامی مەشق و راهێنانی سەربازی ئەمریكا سودمەند دەبن دەگاتە ٤٠ هەزار شەڕڤان".
ژمارەی هێزەكانی سوریای دیموكرات زیاتر لە ۱۲٠ هەزار شەرڤانە، لە ۲۸ هێزی جیاواز لەكورد و عەرەب و سریان پێك دێت.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color