گرنگ

ئەردۆغان ئاڵای سپی هەڵكرد


 
ئەردۆغان ئاڵای سپی هەڵكرد
ئایا سەرۆك كۆماری توركیا تووشی شێرپەنجە بووە؟
نەخۆشییەکی کتوپڕ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیای ناچارکرد ئاڵای سپی هەڵبكات، ئەوەش بەر لە دەستپێکردنەوەی چالاکییەکانی بەشێوەیەكی چڕو بەر لە لوتکەی بانگەشەی هەڵبژاردن، كە کەمتر لە مانگێک ماوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی تورکیا.
ئەردۆغان ڕایگەیاند، گردبوونەوەکانی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی هەڵوەشاندووەتەوە، کە بڕیاربوو ڕۆژی چوارشەممە بەڕێوەبچێت، بەهۆی "نەخۆشییەکی بچووک"ەوە، دوای ئەوەی ئێوارەی سێشەممە لە میانی چاوپێکەوتنێکی ڕاستەوخۆی تەلەفزیۆنیدا نەخۆش کەوت.
لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ئاماژەی بە کێشە تەندروستییەکانی ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو کرد و ڕایگەیاند، لەسەر داوای پزیشکەكەم دەچمە ماڵەوە بۆ پشوودان، ئاماژەی بەوەشکرد، ڕۆژی پێنجشەممە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکان دەستپێدەکاتەوە.
بڕیاربوو رۆژی چوارشەممە 26/4/2023 ئەردۆغان لە سێ پارێزگای جیاوازی ناوەڕاستی ئەنادۆڵ وتارەکانی هەڵبژاردن پێشکەش بکات و دەست بە هەڵمەتی چڕی هەڵبژاردن بكات.
درەنگانی ڕۆژی سێشەممە، ئەردۆغان ناچار بوو چاوپێکەوتنێکی ڕاستەوخۆی تەلەفزیۆنی ببڕێت، پێش ئەوەی بگەڕێتەوە و داوای لێبوردن بکات، باسی ئەنفلۆنزای گەدەی کرد، كە نەخۆشییەكەو گوایە بەم دوایانە تووشی بووە.
سەرۆکە 69 ساڵییەكەی توركیا ڕۆژی سێشەممە، سێ وتاری بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردنی پێشکەش کرد، دواتر لە چاوپێکەوتنێکی ڕاستەوخۆی هاوبەش لە هەردوو كەناڵی ئولکە و کەناڵ ٧ دەركەوت، كە دواتر دوای دە خولەک کاتێک پرسیاری لێکرا سەبارەت بە بەڵێنەکانی هەڵبژاردنی، وێنەی ئەردۆغان لە پەخشی راستەوخۆ بڕاو هەندێک دەنگی کز لە مایکەوە بیسترا، بەڵام کامێراکان ئەردۆغانیان پیشان نەدەدا، دواتر چاوپێکەوتنەکە وەستا و دەنگێکی نیگەران لە پاشخانەکەدا بیسترا کە دەیگوت "بەداخەوە!".
پاشان رووننەكرایەوە، كە بۆچی ئەردۆغان لە پەخشی راستەوخۆ نەماوەو دوای ١٥ خولەک گەڕایەوە و داوای لێبوردنیشی کرد و وتی نەخۆشکەوتووە، ڕوونیشی کردەوە، رۆژی دووشەممە و سێشەممە کارێکی زۆر هەبووە، بەهۆی ئەوەش تووشی ئەنفلۆنزای گەدە بووم.
ڕوخساری ئەردۆغان لە کاتی قسەکانیدا ماندوو دیاربوو، لە چاوەکانی ئاو دەهاتن، پاشان سەرۆكی تورکیا بەر لە کۆتایی هاتنی كاتی چاوپێكەوتنەكە وەڵامی چەند پرسیارێکی دیکەی دایەوەو دواتر كۆتایی بە چاوپێكەوتنە راستەوخۆكە هات.
دوای چەند كاتژمێرێك لە چاوپێكەوتنەكەش ئیبراهیم کالین وتەبێژی سەرۆککۆماری تورکیا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ڕایگەیاند، ستایش بۆ خودا، تەندروستی سەرۆکەکەمان باشە.
ئەردۆغان و پارتی دادو گەشەپێدان ئاکەپە ٢٠ ساڵە دەسەڵاتیان بەسەر سیاسەتی تورکیادا زاڵەو حیزبی حاكمی ئەو وڵاتەن، بەڵام بانگەشەی هەڵبژاردنی ئێستا یەکێکە لە ئاستەنگە گەورەکان بۆ سەرۆک كۆماری توركیاو پارتەكەی، بەو پێیەی ركابەرییەكی سەخت لە بەردەمیاندایەو لایەنەكانی بەرانبەریان زۆر بەهێزن و ئەگەری بەدەستهێنانی زۆرینەی پەرلەمانی و تەنانەت بردنەوەی ركابەری هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماریشیان بەهێزە.
تەندروستی ئەردۆغان لە ساڵی 2011ەوە بووەتە جێی قسە و گومانی پچڕپچڕ، کاتێک یەکێک لە پزیشکەکانی ناچار بوو گرتەیەکی ڤیدیۆیی تۆمار بکات و ڕەتیبكاتەوە سەرۆك كۆماری تورکیا تووشی شێرپەنجە بووبێت.
لەبارەی نەخۆشییەكەی ئەردۆغان ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی راپۆرتێكی بڵاویکردەوە و رایگەیاند ئەردۆغان لە ساڵی 2012 نەشتەرگەرییەکی گەدەی بۆ کراوە، كە ئەمەش گومانی ئەوەی زیادكرد ناوبراو تووشی شێرپەنجەی گەدە بوو بووبێت.
گومانەکان دوو ساڵ لەمەوبەر زیاتر بوو کاتێک ئەردۆغان لە لوتکەی جی ٢٠ لە ساڵی ٢٠٢١ لە ڕۆما دەرکەوت، بە سەختی بەرێگادا دەرۆشت، دوای ئەوەش لە دوایین ساتدا بڕیاریدا بەشداری دانوستانەکانی لوتکەی "کۆپ ٢٦" لە گلاسکۆ نەکات.
هەر لەو ساڵەدا ئەردۆغان لە ئاهەنگێکدا ئامادە نەبوو، کە بە بۆنەی نۆزدەهەمین ساڵوەگەڕی سەركەوتنی پارتەکەی بۆ سەر دەسەڵات رێكخرابوو، لە میانی وتارێکدا دواتر بە بۆنەی جەژنی بایرام لە مانگی تەمموزدا دەركەوت و وتارێكی پێشكەشكردو لەوێشدا ماندوو دەرکەوت و زۆر لاواز قسەی دەكرد.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color