گرنگ

سەرۆککۆماری تورکیا، شەڕێکی سەخت بۆ مانەوە لە دەسەڵاتدا دەکات


 
سەرۆککۆماری تورکیا، شەڕێکی سەخت بۆ مانەوە لە دەسەڵاتدا دەکات
لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا، کە بڕیارە لە چواردەی مانگی ئایاری داهاتوو بەڕێوەبچێت، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا سەرقاڵی شەڕێکی سەختە بۆ مانەوە لە دەسەڵات.
بەپێی زۆرینەی ڕاپرسییەکان، جەماوەری ئەردۆغان کەمبووەتەوە، لەو بارەوە عومەر تاسپینار شرۆڤەکاری تورکی لە وتارێکدا، كە لە ماڵپەڕی سیندیکاسیۆنی بڵاویكردووەتەوە، دەڵێت: هۆكاری سەرەكی كەمبوونەوەی دەنگەكانی ئەردۆغان بۆ سێ‌ خاڵ دەگەڕێتەوە، كە ئەویش ئەوەیە، یەکەم، ئەردۆغان چیتر ناتوانێت پشت بەهەوڵە پاوانخوازەکەی خۆی ببەستێت، کە لەسەر بنەمای گەیشتن بە گەشەی ئابووری لە زۆربەی 20 ساڵی ڕابردووی دەسەڵاتیدا بنیاتی نابوو، چونكە ئێستا توركیا لە قەیرانێكی گەورەی داراییدایە. ئەوەی ئەردۆغان لە رابردوو پشتی پێدەبەست، ئێستا پێچەوانە بووەتەوە بۆی.
خاڵی دووەمیش، كە ڕەنگە لە هەمووی گرنگتر بێت ئەوەیە، ئۆپۆزسیۆنی توركیا سەردەمێک لاواز و دابەشببوو، بەڵام ئێستا ئێستا لە دژی ئەو یەکیانگرتووەو وەک هاوپەیمانییەکی شەش حیزبی شەڕی رووخاندنی ئەردۆغان دەكەن، ئەمە جگە لە پشتیوانی كوردانی توركیا بۆ كەمال کلیچدارئۆغڵو، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری و كاندیدی هاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆن بۆ سەرۆك كۆمار.
خاڵی سێیەمیش ئەوەیە، ئەو بوومەلەرزە گەورەیەی، کە لە ٦ی شوبات تورکیای هەژاند و زیاتر لە ٥٠ هەزار کەس کوژران. لە دوای کارەساتەکە، رەخنەیەكی زۆر لە دەسەڵاتی ئەردۆغان گیراو باس لەوە كرا، گەندەڵییەكانی دەسەڵاتی ئەو هۆكار بووە بۆ زۆری قوربانییەكان لە توركیا.
بەقسەی ئەو چاودێرە، لە هەلومەرجێکی ئاساییدا ئەم هۆکارانە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن دەگۆڕن بۆ شکستێکی گەورە بۆ پارتی دەسەڵاتداری داد و گەشەپێدان، ئەگەریش براوە بن، ئەوە هەر رووبەڕووی شكست دەبنەوە، بەو پێیەی ئەگەر ئەردۆغان پۆستی سەرۆك كۆماریش لە هەر دۆخێك بباتەوە، ئەوە بە دڵنیایی زۆرینەی پەرلەمانی لە دەست دەدات.
زۆرێك وای دەبینن، ئەردۆغان ئەگەر بشدۆرێت ڕێگایەک بۆ مانەوە لە دەسەڵاتدا بدۆزێتەوەو گواستنەوەی دەسەڵات بە شێوەیەکی ئاشتیانە بەدوور دەزانرێت، چونكە ھەندێک لە چاودێران پێیان وایە ئەم ھەڵبژاردنە دوا دەرفەتە بەر لەوەی تورکیا بەرەو دكتاتۆرییەت هەنگاو بنێت.
ئەو شرۆڤەکارە تورکیە لەو بارەوە جەخت لەوە دەکاتەوە، کە ئەردۆغان بەو شێوەیە بەهێز نییە كە دەبینرێت، تورکیاش وڵاتێکی پاوانخواز نییە وەک ڕووسیا یان چین، کە نەتوانرێت كار بە ئەنجامی هەڵبژاردن بكرێت.
ئەو دەشڵێت: ئێستا پیاوە بەهێزەکەی تورکیا ئێستا لە لاوازترین ئاستدایە، ئەگەر ئەردۆغان لە هەڵبژاردنی مانگی ئایاردا سەرکەوتوو بێت، ئەوە بەهۆی توانای حوکمڕانی، یان سیاسەتە پۆپۆلیستییەکانیەوەتی و لە داهاتوویەكی نزیكدا هەر دەكەوێت.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color