گرنگ

بەژمارە... دەنگی کورد و پێشبیینەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی تورکیا


 
بەژمارە... دەنگی کورد و پێشبیینەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی تورکیا
بەپێی سەرجەم ڕاپرسییەکان، کورد لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، لەسەر ئاستی 24 پارتی بەشدار بوو و پێنج هاوپەیمانییتەکە، دەنگی سێیەم دەبێت، لە دوای هەردوو پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) و پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)، ئەوەش بەپێی هەموو ئەو ڕاپرسیانەی 10 گەورەترین کۆمپانیای تایبەت بە ڕاپرسی لە تورکیا ئەنجامیانداوە، بەتایبەت دوای ئەوەی کە دەنگی نەتەوەپەرستەکان لەنێوان مەهەپە و پارتی باش (ئیپارتی) دابەش بووە، ئەوەش وایکردووە، ڕێژەی دەنگی ئەو دوو پارتە بۆ نیوە دابەش ببن و، دەنگی کورد بەپێشیان بکەوێت.
بە ئەگەرێکی زۆریش لە پەرلەمانی داهاتووی تورکیا، ڕێژەی کورسیەکانی کورد لە کۆی 600 کورسی پەرلەمان، زیاتر دەبێت لە 75 کورسی، تەنانەت پێشبینی دەکرێت ئەو ژمارەیە بگاتە 90 کورسیش، کە ئەو ڕێژەیەش بەسە بۆ ئەوەی لایەنێکی سەرەکی لەدوو لایەنە رکابەرەکەی تورکیا (هاوپەیمانی جمهوری دەسەڵاتدار و هاوپەیمانی میللەتی ئۆپۆزسیۆن) بکات بە زۆرینەی پەرلەمانی تورکیا بۆ پێنج ساڵی داهاتوو.
"هاوپەیمانی جمهور لە: ئاکپارتی و مەهەپە و رەفای سەر لەنوێ و هوداپارت و پارتی گەورەی تورکیا پێکدێت، هەروەها هاوپەیمانی میللەت لە شەش هێزی ئۆپۆزسیۆنی توکیا پێکدێت ئەوانیش جەهەپە، ئایندە، دەڤا، سعادەت، پارتی دیموکرات و ئی پارتی".
هەدەپە بۆ ئەم هەڵبژرادنە هاوپەیمانیەتی ڕەنج و ئازادی پێکهێناوە لەگەڵ حەوت پارت و ڕێکخراوی چەپ و پێنج پارتی بچوکی کوردی، لە 87 بازنەی 81 پارێزگاکەی تورکیا 600 کاندیدی هەیە.
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ساڵی 2018، هەدەپە 11.7%ی دەنگەکانی بەدەستهێنابوو، کە دەیکردە 67 کورسی، هیچ بازنەیەک نەبوو لەکۆی 87 بازنەکەی تورکیا هەدەپە دەنگەکانی لە 1.2% کەمتر بێ، زۆرترین دەنگیشی لە ئیستەنبوڵ بەدەستهێنابوو کە یەک ملیۆن و 195 هەزار و 602 دەنگ بوو، بەڕێژەی 12.7%ی کۆی دەنگی شارەکە، هەروەها لە جۆلەمێرگیش لەکۆی سێ کورسی هەرسێکی بەدەستهێنابوو واتە بەڕێژەی 100%ی کورسی پارێزگاکە، لە هەشت پارێزگای باکووری کوردستانیش نەیتوانی بوو هیچ کورسیەک ببات.
بەشێوەیەکی گشتی لەکۆی 25 شارە کوردیەکەی تورکیا هەدەپە لە پلەی دووەم بوو لەدوای ئاکپارتی، ئەنجامی ئەو 25 پارێزگایەک بەمشێوەیە بوو، لە کۆی 131 کورسی 25 پارێزگاکە، ئاکپارتی 65 کورس، هەدەپە 46 کورسی، جەهەپە 9 کورسی، مەهەپە 9 کورسی، ئی پارتی 2 کورسی، هەدەپە زۆرترین کورسی لە باکووری کوردستان لە دیاربەکر بەدەستهێنابوو کە 9 کورسی بوو لە کۆی 12 کورسی.
بەپێی هەموو پێشبینیەکان، دەنگی کورد لەو هەڵبژرادنە زیاد دەکات، لە هەموو ئەگەرێکی چاوەڕوان نەکراودا دەنگەکانی زیاتر دەبێت لە 8%، وە پێشبینی دەکرێت دەنگی ئاکپارتی لە شارە کوردیەکان بەتایبەت و سەرتاپای تورکیا کەمبکات، بەهۆی جیابوونەوەی دوو پارت و ئەو سیاسەتە ئابووریەی ئێستا تورکیا پەیڕوەی لێدەکات، هەروەها بەهۆی پشتکردنە ڕۆژئاوا و جەنگی بەردەوام و بێکاری و هەڵاوسان و دابەزینی نرخی لیرەی تورکی و ... هتد.
بەپێی ڕاپرسیەکان بێت، دەنگی ئاکپارتی لە 25 شارەکەی باکووری کوردستان بەڕێژەی لە 11% کەمیکردووە، کە دەکاتە نزیکەی 8 کورسی، دەنگی هەدەپەش بەڕێژەی 5% زیادی کردووە، کە دەکاتە 4 کورسی، دەنگەکانی تریش کە لە ئاکپارتی کەمیکردووە بەسەر جەهەپە و ئی پارتی دابش بوونە، مەهەپەش دەنگەکانی زۆر کەمیکردووە، کەواتە جەهەپە و ئی پارتی تاڕادەیەک دەنگیان زیادی کردوە لەشارە کوردییەکان.
بەشێویەکی گشتی، کورد دەنگی یەکلاکەروە دەبێت لەسەر نەخشەی داهاتووی تورکیا، لەهەڵبژرادنی پێشوو لە 11 پارێزگا هەدەپە دەنگی یەکەمی هێنابوو کە گرنگترین شار دیاربەکربوو، جەهەپەش لە شەش پارێزگا دەنگی یەکەمی هێنابوو کە گرنگترینیان ئیزمیربوو، ئاکپارتیش لە 64 پارێزگا دەنگی یەکەمی هێنابوو کە گرنگترینیان "ئیستەنبوڵ و ئەنقەرە و غازی عەنتاب"ن، بەڵام بەهۆی پشتگیری هەدەپە و کورد لە کەماڵ کڵچدار ئۆغلۆ، بۆ ئەم هەڵبژردنە ڕەنگی سەر نەخشەی هەڵبژرادنەکانی سەرۆکایەتی تورکیا زۆر دەگۆڕێت، بەدڵنیای ڕێژەی زەردی ئاکپارتی بۆ سووری جەهەپە لە زیاتر لە 11 شاری کوردی دەردەکەوێت، ئەوە جگە لەوەی بەهۆی لە 12%ی دەنگی کورد لە ئەستەبنوڵ، ئەوجارە ئەستەنبوڵیش لەبەرژەوەندی جەهپە سوور دەبێت، هەروەها لە شەش پارێزگای تری کوردستانی باکوور، بەهۆی دەنگی جەهەپە و کورد، دیسان زۆرینەی ئاکپارتی نامێنێت.
بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، پێشبینی دەکرێت لایەنەکانی ناو هاوپەیمانی میللەت زیاتر لە 40%ی دەنگ بەدەستبهێنن، بەشێوەیەک: جەهەپە 25%، ئی پارتی 10%، دێڤا 2%، ئایندە 1.5%، سەعادەت 1.2%. پارتی دیموکرات 0.9%، کە کۆی گشتی دەکاتە 40.6%، لێرەدا 9.4%ی دەنگی کورد بەسە بۆ ئەوەی لەگەڕی یەکەم کەمال کڵچدار ئۆغلۆ ببێتە سەرۆک کۆمار.
کەواتە... ئەم هەڵبژاردنە بۆ کورد، گرنگترین هەڵبژاردنی مێژووی سەد ساڵەی تورکیا دەبێت، کوردەکانی تورکیا بە ئومێدی ئازادی بۆ سەلاحەدین دەمیرتاش و ئۆجەلان و هەزاران ئەندام و لایەنگری خۆی، ڕوو لەسندوقەکانی دەنگدان دەکەن و، شەڕی مان و نەمان دەکات بۆ زیادبوونی دەنگەکانی و دەرچواندنی کەمال کڵچدار ئۆغلۆ، چونکە لای کورد ڕوونە، شکستی کەماڵ کلچدار ئۆغلۆ، بەمانای سزایی پێنج ساڵی بەردەوام دێت بۆ پارت و پەرلەمانتار و سەرکردەکانی کورد لەتورکیا، ئەوە جگە لەوەی سزایی سەلاحەدین دەمیرتاش و زیندانیانی دیکەی کورد، قورستر دەبێت.
لەکۆتایدا هێشتا ئەردۆگان شانسی زۆرە، هەروەها کەمپینی هەڵبژرادنەکانی زۆر بەهێزن، دەنگی خۆلەمێشیش لەبەرژەوەندی ئەو خۆیان یەکلایی دەکەنەوە، بۆیە سوپرایز لەو هەڵبژرادنە چاوەڕوانکراوە، بەتایبەت سوپرایزی تێنەپەڕاندنی بەربەستی 7% لەلایەن مەهەپە و ئی پارتی، باببینین و بزانین لەڕۆژانی ڕابردوو چی ڕوودەدات.
جێگر برادۆستی
لەپەیمانگای ناوین بۆ پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color