گرنگ

ڕۆژی چارەنوسی ئەردۆغان


 
ڕۆژی چارەنوسی ئەردۆغان
ئەمڕۆ یەکشەممە، ۱٤ی ئایاری ۲۰۲۳، دەنگدەرانی تورکیا بۆ دەنگدان لە ھەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی و ٢٨مین خولی پەرلەمانی تورکیا دەچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و بەکاتی تورکیا دەنگدان تا کاتژمێر ٥ی ئێوارە بەردەوام دەبێت.
لەم ھەڵبژاردنە سەرۆککۆمار بۆ ماوەی پێنج ساڵ هەڵدەبژێردرێت. خولی نوێی پەرلەمان ھەڵدەبژێردرێت.
لەسەرتاسەری تورکیا ھەزار و ٩٤ بنکەی دەنگدان هەیە کە زیاتر لە ١٩١ ھەزار سندوقی دەنگدانی تێدا دانراوە.
٦٠ ملیۆن و ٦٩٧ ھەزار و ٨٤٣ هاوڵاتی مافی دەنگدانیان هەیە و چوار ملیۆن و ٩٠٤ ھەزار و ٦٧٢کەسیان یەکەم جارە مافی دەنگدانیان هەیە.
کێبڕکێی توند لەسەر هەڵژاردنی سەرۆک کۆمارە. چوار پاڵێوراو بۆ سەرۆک کۆمار هەبوون کە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی ئێستا و موحەڕەم ئینجە سەرۆکی پارتی بیلاد و کەمال کڵچدار ئۆغڵو سەرۆکی جەهەپە و سینان ئۆغان بۆ پۆستی سەرکۆمار کێبڕکێی دەکەن.
کشانەوەی موحەڕەم ئینجە لە ١١ی ئایاردا لە خۆکاندیدکردن کێبڕکێکەی توندتر کردووەتەوە هەرچەندە ناوی لە کارتی دەنگدان ماوە لەبەرئەوەی چاپکردن و دابەشکردنی کارتەکان تەواوبوو پێش ۱۱ی ئایار.
لە ھەڵبژاردنی پەرلەماندا کە ”٢٨”ەمین خولی پەرلەمانی تورکیایە. ٢٤ پارت و ١٥١ کاندیدی سەربەخۆ بەشدارن.
پارتەکان بە پێنج ھاوپەیمانی جیا بەشدارن بریتین ھاوپەیمانی جمھوور، میللەت، ئاتا، کار و ئازادی و یەکێتیی ھێزی سۆسیالیست.
هاوپەیمانی جمهور، پێک دێت لە ئاک پارتی دەسەڵاتدار بەسەرۆکایەتی ئەردۆغان، مەھەپە بەسەرۆکایەتی دەوڵەت باخچەلی، پارتی یەنیدەن رەفاھـی نوێ بەسەرۆکایەتی فاتح ئەربەکان.
هاوپەیمانی میللەت یان هاوپەیمانی شەش قۆڵی پێک دێت لە جەھەپە بەسەرۆکایەتی کلیچدار ئۆغڵۆ ، ئیی پارتی بەسەرۆکایەتی ئەکشنار، پارتی سەعادەت، پارتی ئایندەی داود ئۆغڵۆ ، پارتی دیموکراسیی و پێشکەوتن و پارتی دیموکرات.
هاوپەیمانی کارو ئازادی پێک دێت لە پارتی سەوز و ئایندەی چەپ و پارتی کرێکاری تورکیا (تیپ).
پارتی دیموکراتی گەلان (ھەدەپە)ش کە دۆسیەی داخستنی لە دادگای دەستووریی تورکیا درێژەی ھەیە لە لیستی پارتی سەوزی چەپدا بەشدارە.
ھەر یەک لە پارتی زافەر و پارتی داد، لە ژێر ناوی ھاوپەیمانی ئاتا و پارتی کۆمۆنیستی تورکیا و بزووتنەوەی کۆمۆنیستی تورکیا و پارتی چەپ لەژێر ناوی ھاوپەیمانی یەکێتیی ھێزی سۆسیالیست بەشداری دەکەن.
ململانێی کورسییەکانی پەرلەمان لە نێوان هەرسێ هاوپەیمانی جمهور و میلەت و کارو ئازادیدایە. لە ئەنجامی زیاتر لە ٥۰ ڕاپرسی هاوپەیمانی میلەت ژمارەی کورسیەکانی لە پلەی یەکەم دێت و چاوەڕوان دەکرێت ٤۲ تا ٤۷ لەسەدی دەنگەکان ببات و هاوپەیمانی جمهور لەپلەی دووەم چاوەڕوانی ۳۷ تا ٤۲ لەسەدی دەنگەکانی لێدەکرێت. هاوپەیمانی کارو ئازادی ۱۰ تا ۱۲ لەسەدی دەنگەکان بەدەست دەهێنێت.
بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار هەردوو هاوپەیمانی میلەت و کارو ئازادی پشتگیری لە کەمال کلیچدار ئۆغڵۆ دەکەن و ئەردۆغانیش کاندیدی هاوپەیمانی جمهورە.
ئەگەر ئەمڕۆ هەریەک لەو دوو کاندیدە بتوانن ڕێژەی ٥۰ لەسەدی دەنگەکان بەدەست بهێنن ئەوا لە خولی یەکەم هەڵبژاردن کۆتای دێت و ئەگەر دەنگی کاندیدی یەکەم لە خوار ئەو ڕێژەیەوە بێت، ئەوا هەڵبژاردن دەکەوێتە خولی دووەم و لە ۲٨ی ئەم مانگە ئەنجام دەدرێت.
ئەردۆغان سەرنجی سەرەکی لەسەر سەرکەوتنی خۆیەتی و دەیەوێت لە یادی سەد ساڵەی دامەزراندنی تورکیادا بەسەرۆکی بمێنێتەوەو خاڵی بەهێزی ئەو کاریزمای خۆیەتی بۆ ماوەی دوو دەیەیە لە لوتکەی حوکمی تورکیادایە. شانازی بەوەوە دەکات ئابوری تورکیای لە سەرەتای ساڵانی دوو هەزارەوە گۆڕیوە و تورکیای کردووەتە هێزێکی گەورەی هەرێمی و نێودەوڵەتی و سوپای تورکیای نوێ کردووەتەوەو شکستی بە کودەتای سوپا هێناوەو دەسەڵاتی لە سوپا وەرگرتووەتەوە.
لە بەرامبەردا خراپی دۆخی ئێستای ئابووری تورکیا دابەزینی بەهای لیرە و بومەلەرزەکەی ٦ی شوبات و تاکڕەوی ئەردۆغان و هێنانە پێشەوەی بنەماڵەکەی بەتایبەت کوڕ و زاواکەی و دەستوەردانە سەربازییەکانی لە سوریا و عێراق و لیبیا و وڵاتانی تر و بەرتەسک کردنەوەی ئازادییەکان و پرسی کورد خاڵی لاوازی ئەردۆغانن.
کەمال کلیچدار ئۆغڵۆ، لەسەر هەڵەکانی ئەردۆغان ماوەی چەند ساڵێکە پارتەکەی مانۆڕێکی سیاسی دەست پێکردووە. توانی بە پشتگیری هەدەپە لە هەڵبژاردنی ڕابردووی شارەوانییەکان ئیستانبوڵ و ئەنقەرە لە ئاک پارتی وەربگرێتەوە. ئێستاش پشتگیری هەدەپەی هەیە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و خاڵی بەهێزی فراوانکردنی مەودای ئازادی و ئازادی ڕاگەیاندن و هەنگاونان و کرانەوە بەرەو یەکێتی ئەوروپا و باشترکردنی باری ئابوری و پشتگیری هەدەپە و حزبەکانی ئەکشنار و داود ئۆغڵۆو عەلی باباجانە.
هەر کام لە ئەردۆغان و کلیچدار ئۆغڵۆ سەرۆک کۆمار ببنەنەوە ناتوانن زۆرینەی پەرلەمانی بەدەست بهێنن و ئەوەش سەر ئێشەی گەورەیان بۆ دروست دەکات. پێویستیان بە دەنگەکانی هەدەپە دەبێت بۆ دروست کردنی زۆرینە.
ئێوارەی ئەمڕۆ ئەنجامە بەراییەکان ڕوونی دەکاتەوە کۆتای بە پتر لە بیست ساڵ هەژموونی ئەردۆغان دێت یان تا ۲۰۲٨ دەمێنێتەوە. بەئەگەری زۆریشەوە پڕۆسەکە دەگاتە ۲٨ی ئەم مانگە بۆ خوولی دووەم.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color