گرنگ

ئەمڕۆ كورد، رێرەوی سیاسەتی توركیا دادەڕێژێتەوە


 
هەڵبژاردنی توركیا..
ئەمڕۆ كورد، رێرەوی سیاسەتی توركیا دادەڕێژێتەوە
خەڵكی تورکیا ئەمڕۆ یەك شەممە 14/5/2023 روودەکەنە ناوەندەكانی دەنگدان بەشداری لە هەڵبژاردنێکدا دەكەن، کە لە 100 ساڵی رابردوودا بە یەکێک لە چارەنوسسازترین هەڵبژاردنەکانی مێژووی ئەو وڵاتە و تەنانەت جیهانیش دادەنرێت.
ئاژانسی رۆیتەرز، لەبارەی هەڵبژاردنەکەوە راپۆرتێكی بڵاویكردووەتەوەو جەختیكردووەتەوە، ئەو هەڵبژاردنەی ئەمڕۆی توركیا هێندە چارەنوسسازە، رەنگە کۆتایی بە حوکمی 20 ساڵەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە بهێنێت، كە بە "تاكڕەو" وەسفی كردووە.
ئاژانسەكە بڵاویشیكردەوە، ئەو هەڵبژاردنە تەنیا پەیوەندی بە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری توركیا نییە، بەڵکو ئەمڕۆ بڕیار دەدرێت، کە وڵاتەکە لەمەودوا چۆن حوکم دەکرێت، لە کاتێکدا ئەو وڵاتە چەند ساڵێكە بەدۆخێکی ئابوری سەختدا تێدەپەڕێت و نرخی شتومەک و کاڵا و تێچوونی ژیان لەو وڵاتەدا لە قەیرانێکی قوڵدایە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی هەڵبژاردنەکان چارەنوسی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەش دیاریدەکات.
رکابەری سەرەکی ئەردۆغان، كەمال کیلیچدارئۆغلۆیە، کە سەرۆکایەتی شەش پارتی ئۆپۆزسیۆن دەکات، كە بەپێی زۆرینەی راپرسییەكانی پێش هەڵبژاردن بە رێژەیەکی کەم لە پێش ئەردۆغانەوەیە، كە ئەگەر هەر كام لە كاندیدەكان نەتوانن 50+1ی دەنگەکان بهێنێت، لە 28ی ئەم مانگەدا هەڵبژاردنێکی دیکە بۆ سەرۆککۆماری وڵاتەکە بەڕێوەدەچێتەوە.
هەر لە هەڵبژاردنی ئەمڕۆی توركیادا ئەندامانی پەرلەمانی هەڵدەبژێردرێن، بۆ ئەمەش کێبڕکێی توند لەنێوان هاوپەیمانی کۆمار و هاوپەیمانی گەلدا هەیە، كە هاوپەیمانی کۆمار لە پارتی ئاکەپەی ئەردۆغان و نەتەوەیی مەهەپە و چەند پارتێکی دیکە پێکدێت، هاوپەیمانی گەلی کیلیچدارئۆغلۆش لە شەش پارتی ئۆپۆزسیۆن پێکدێت و پارتی گەلی کۆماری جەهەپەش دەگرێتەخۆی.
ئاژانسەكە باسی لە دەنگدەرانی کورد لەم هەڵبژاردنەدا كردووەو جەختیكردووەتەوە، كە رۆڵێکی گرنگیان هەیە، بەو پێیەی 15% بۆ 20% دەنگەکانی تورکیا پێکدەهێنن.
هەروەها باسی لەوەش كردووە، كە پارتی دیموکراتیی گەل (هەدەپە) کە زۆرینەی کوردە، بەشێک نییە لە هاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا، بەڵام زۆر بەتوندی دژی پارتەکەی ئەردۆغان وەستاوەتەوە دوای ئەوەی لە چەند ساڵی رابردوودا ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی پارتەکە لەلایەن ئەردۆغانەوە سەرکوتکراون.
هەدەپە لە ماوەی رابردوودا بەفەرمیی هەڵوێستی خۆی لەبارەی کاندیدی سەرۆکایەتییەوە راگەیاندووە و بە ئاشکرا پشتیوانیی بۆ کیلیچدارئۆغلۆ دەربڕیوە. ئەمەش لەکاتێکدا پارتەکە بەهۆی تۆمەتی پەیوەندییەکانی لەگەڵ پەکەکە، هەڵبژاردنی لێ قەدەغەکراوە، بەڵام لەژێر چەتری پارتی سەوزی چەپی وڵاتەکەدا بەشداریی لە هەڵبژداردنەکاندا دەکات.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color