گرنگ

وردەکاری ئەنجامی هەڵبژاردن لە تورکیا


 
وردەکاری ئەنجامی هەڵبژاردن لە تورکیا
ئەردۆغان و هاوپەیمانەکانی زۆرینەی پەرلەمانیان مسۆگەر کرد
هەدەپە لە ۱۳ پارێرگاو ئەکەپە لە ۱۱ پارێزگای باکوری کوردستان یەکەمن
۲٨ی ئەم مانگە سەرۆک کۆمار یەکلای دەکرێتەوە
بەپێی ئەنجامی جیاکراوەی نزیکەی ۹۹ لەسەدی سندوقەکانی هەڵبژاردن، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بە بەدەستهێنانی ٤۹ لەسەدی دەنگەکان و کەمال کلیچدار ئۆغڵۆ بەبەدەست هێنانی ٤٥ لەسەدی دەنگەکان کەسیان نەیانتوانی لە خولی یەکەم هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی یەکلای بکەنەوە. لە ۲٨ی ئەم مانگە کێبڕکێیەکی توند لە نێوان هەردوو کاندید لە خولی دووەم بەڕێوە دەچێت.
هاوکات لەگەڵ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی، هەڵبژاردنی پەرلەمانیش بەڕێوە چوو. بەپێی ئەنجامی سەرەتایی هاوپەیمانی جمهور توانی ۳۲٤ کورسی لە کۆی ٦۰۰ کورسی بباتەوە. بەمەش جارێکی تر ئەردۆغان و هاوپەیمانەکانی بوونەوە زۆرینەی پەرلەمان.
ئاک پارتی لە هەڵبژاردنی پێشوو ۲۹٥ کورسی پەرلەمانی هەبوو. ئەم هەڵبژاردنە ۲٦٦ کورسی بەدەستهێناوە، ۲۹ کورسی لە دەست داوەو وڕێژەی دەنگەکانی لە ٤۲ لەسەدەوە دابەزیوە بۆ ۳٥ لەسەد.
بزوتنەوەی نەتەوە پەرست (مەهەپە) بەسەرۆکایەتی دەوڵەت باخچەلی ڕێژەی دەنگەکانی لە ۱۱ لەسەدەوە دابەزیوە بۆ ۱۰ لەسەد، بەڵام لە چاو هەڵبژاردنی پێشوو کورسیەک زیاتری بەدەست هێناوە و کورسییەکانی گەیشتوەتە ٥٥ کورسی.
پارتی گەلی کۆماری بەسەرۆکایەتی کەمال کلیچدار ئۆغڵۆ ڕێژەی دەنگەکانی لە ۲۲ لەسەدەوە گەیشتوەتە ۲٥ لەسەد و کورسەکانی لە ۱٤٦ کورسیەوە بووەتە ۱٦۹ کورسی.
هەدەپە لەژێر ناوی هاوپەیمانی ڕەنج و ئازادی بەشداری هەڵبژاردنی کرد و هاوپەیمانیەتیەکە ۱۰.٥ لە سەدی دەنگەکانی بەدەست هێناوە.
لە هەڵبژاردنی پێشوتر، هەدەپە ۱۱.۷ لەسەدی دەنگەکانی بەدەست هێنابوو. ژمارەی کورسیەکانی لە ٦۷ کورسیەوە دابەزیوە بۆ ٦۲ کورسی.
ئی پارتی بەسەرۆکایەتی مەڕاڵ ئەکشنار، وەک هەڵبژاردنی پێشوو پارێزگاری لە دەنگەکانی کردووە. بە هەمان ڕێژەی ۱۰ لەسەد و کورسیەکانی لە ٤۳ کورسیەوە زیاد کردووە بۆ ٤٤ کورسی.
هەدەپە لە کۆی ۲٤ پارێزگای باکوری کوردستان، کە زۆرینەیان کوردن لە ۱۳ پارێزگا زۆرینەیە. کە بریتین لە دیاربەکر و وان و هەکاری و شرناخ و ماردین و باتمان و سیرت و بەدلیس و موش و ئاگری و ئێگدیر و قارس و تونجەلی.
لە بەرامبەردا ئاکەپە، لە ئورفا و ئادیەمان و ئەرزەڕۆم و بینگۆڵ و ئەڵازیغ و غازی ئەنتاب و کیلس و مەڵاتییە و ئەردەهان و ئەرزنجان و سیواس پلەی یەکەمی بەدەست هێناوە.
سوپرایزەکانی هەڵبژاردن
پارتی کرێکاری تورکیا و پارتی ڕەفای نوێ، بونە سوپرایزی هەڵبژاردن. پارتی ڕەفاهی نوێ بەسەرۆکایەتی فاتیح ئەربەکانی کوڕی نەجمەدین ئەربەکان توانی لەناو هاوپەیمانی جمهور پێنج کورسی بەدەست بهێنێت و ۲.٨۳ لەسەدی دەنگەکانی تورکیا بەدەست بهێنێت. پارتی کرێکاری تورکیا لەگەڵ هەدەپە هاوپەیمان بوو توانی ٤ کورسی پەرلەمانی بەدەست بهێنێت و ۱.۷۳ لەسەدی دەنگەکانی تورکیا بباتەوە.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color