گرنگ

ڕێککەوتنی قوباد تاڵەبانی و مەسرور بارزانی، جوڵەکانی لاهور شێخ جەنگیان ڕاگرتووە


 
ڕێککەوتنی قوباد تاڵەبانی و مەسرور بارزانی، جوڵەکانی لاهور شێخ جەنگیان ڕاگرتووە
ڕۆژی ٤ی ئایار، بەسەرۆکایەتی وەفدێکی یەکێتی، لاهور شێخ جەنگی لە شاری هەولێر سەردانی هەر یەک لە سەڵاحەددین بەهاددین ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی و عەلی باپیر سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری کرد. پێشتریش لاهور شێخ جەنگی سەردانی عومەری سەید عەلی ڕێکخەری دەست لەکارکێشاوەی بزوتنەوەی گۆڕانی کردبوو.
لیوا چەتۆ ساڵح، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی و ئەندامی شاندەکەی لاهور شێخ جەنگی بوو کە سەردانی کۆمەڵ و یەکگرتوویان کرد. لە دوای سەردانەکەیان لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند ”لەسەردانەکانیان بەردەوام دەبن و بەم نزیکانەش بەشێوەیەکی فەڕمی سەردانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەن”.
وەک ئاماژەدانێک بە بەهێزی پەیوەندییەکانی لاهور شێخ جەنگی و مەسرور بارزانی، لیوا چەتۆ ساڵح ڕایگەیاند کە لەسەر ئاستی جێگری سەرۆکی پارتی پێشوازیان لێدەکرێت.
دوای چەند ڕۆژێک لە لێدوانەکانی لیوا چەتۆ، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت سەردانی مەسرور بارزانی کرد، بەڵام لەو کاتەوە لاهور شێخ جەنگی هیچ جوڵەیەکی سیاسی نەکردووە. لەکاتێکدا بڕیار بوو سەردان و گەڕانەکانی لاهور شێخ جەنگی بەردەوامیان هەبێت.
گرنگیدانی پارتی دیموکراتی کوردستان بە لاهور شێخ جەنگی لەو کاتەدا بوو کە پارتی دیموکراتی کوردستان و بەدیاریکراویش مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت لەگەڵ یەکێتی و قوباد تاڵەبانی لە کێشەدا بوو.
مەسرور بارزانی، پێشنیاری ئەوەی کردبوو کە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ یەکێتی، لە ڕێی لاهور شێخ جەنگییەوە پۆستەکانی یەکێتی لە کابینەی نۆیەم پڕبکرێتەوە، بەڵام نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم ڕێگەی نەدا ئەو هەوڵە سەرکەوتوو بێت و پێی وابوو کە ئەم کارە کێشەکان قوڵتر دەکاتەوە نەک چارەسەریان بکات.
بەپێی زانیارییەکان، جگە لە فشارەکانی ئەمریکا بۆ سەر یەکێتی و پارتی تا بگەن بە ڕێککەوتن، هۆکارێکی سەرەکی بۆ گەڕانەوەی تیمی یەکێتی بۆ کۆبونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران بۆ بەهێزی پەیوەندییەکانی لاهور شێخ جەنگی و مەسرور بارزانی دەگەڕێتەوەو قوباد تاڵەبانی ترسی هەبووە کە لاهور شێخ جەنگی بە ناوی یەکێتیییەوە تەواوی پۆستەکانی یەکێتی لە کابینەی نۆیەم پڕ بکاتەوە.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color