گرنگ

زینە: بەیانییەک کە لە خەو هەستام بینیم جێگاکەم پڕبوو لەتاڵەکانی قژە درێژەکەم


 

چیرۆکی سەرکەوتن بەسەر شێرپەنجەدا
زینە: بەیانییەک کە لە خەو هەستام بینیم جێگاکەم پڕبوو لەتاڵەکانی قژە درێژەکەم


بوارنیوز
شێرپەنجە زیاتر لە ١٠٠ جۆری هەیە، هەموو بەشەکانی لەش ئەگەری تووشبوونیان هەیە بەم نەخۆشییە، بەپێی ئامارێکی ساڵی ڕابردوی وەزارەتی تەندروستی"٦٢٩٣" حاڵەتی تووشبوون تۆمارکراوە، ژمارەی خانمان زیاترە بە بەراورد بە پیاوان.
لەجیهاندا چەندین ملیۆن کەس شێرپەنجەیان هەیەو هێشتا دەژین، شێرپەنجە جگە چارەسەری پزیشکی، هێزو ئیرادەی پێویستە، چەندین نموونەی سەرکەوتنمان هەیە بەسەر نەخۆشییەکەدا.
زینە حمەدەئەمین، تەمەنی هەژدە ساڵەو پۆلی دوانزەی ئامادەییە، خەڵکی شاری هەولێرەو تووشبوی شێرپەنجە بووە، چیرۆکی سەرکەوتنی خۆی دەگێڕێتەوە بەسەر شێرپەنجەداو دەڵێت" ساڵی پار بوو خەریکی وانەکانم بووم هەستمکرد قاچم ئازاری زۆرەو ناتوانم هەنگاو بنێم و لەهێز کەوتم، سەرەتا هەستمان نەکرد بەوەی نەخۆشییەکی ئەوەندە قورس بێت، دوای چەندین پشکنین منیان ناردە نەخۆشخانەی نانەکەلی کە نەخۆشەکانم بینی هەستێکی ناخۆشم بۆ درووستبوو، دوای ئەوەی بڕیاردرا دەرمانم بۆ بەکاربهێنن، بەیانییەک کە لە خەو هەستام سەر جێگاکەم پڕ بوو بوو لەتاڵەکانی قژە درێژەکەم، هەستم بە دڵتەنگیەکی زۆر کرد، ڕۆشتم و لەماڵەوەمانم پرسی کە بۆچی قژم دەوەرێت؟ بەڵام ئەوان بۆ منیان ڕوون نەکردبوویەوە، نەخۆشییەکەم چییە تەنها گووتیان هی دەرمانەکانەو ئاسایی وەریبگرە تێدەپەڕێت. هیچ سوودی نەبوو، چونکە من رۆژانە وەرینی تاڵەکانی قژم دەبینی، دواتر کە نەخۆشییەکەم وردە وردە قورستر دەبوو زانیان ناتوانن لێم بشارنەوە براکەم کە پزیشکی دەرمانساز بوو هات و پێی وتم تۆ نەخۆشی شێرپەنجەت هەیەو پێویستە قژت سفر بکەی.
زینە لەدرێژەی قسەکانیدا گووتی" خانمان زۆر گرنگی بەقژیان دەدەن، بۆیە زۆر قورس بوو ئەو هەواڵە بۆ من، هەرگیز نەمدەویست دەستکاری قژم بکەم یان سفری بکەم، بەڵام ناچار بووم، دوای ئەوەی قژم سفر کرد هەستمکرد زۆر گۆڕاوم، من لەخوێندن دابڕابووم، خەم و گریانی هاوڕێ و ئەندامانی خێزانەکەمم دەبینی بڕیارمدا زاڵبم بەسەریداو زۆر بەهێزبم، هەموو کات دڵی خۆمم دەدایەوەو بڕیارمدابوو بەهێز بم و پشتم بەخودا بەستوو هەمیشە دوعام دەکرد، توانیم نەخۆشییەکەم تێپەڕێنم سەرکەوتم بەسەریداو ئێستا سوپاس بۆ خودا زۆر باشم.
زینە زیاتر باسی چیرۆکەکەی دەکات و دەڵێت" لەکۆمەڵگەی ئێمەدا هەمیشە شتەکان بەجۆرێکی تر لێی دەڕوانرێت، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی زانیاری تەواو دەربارەی زانست و نەخۆشییەکە، هەندێجار بەچاوێکی نامۆ سەیریان دەکردم وەک ئەوەی کە ئیتر ئەمە کۆتایەکانی ژیان بێت بۆ من، دوای کێشانی ئازارێکی زۆرو نەشتەرگەری و دوای پێنج مانگ توانیم لەسەر پێیەکانی خۆم بووەستم و بگەڕیمەوە ناو خانەوادەکەم، ئەوانیش بەفرمێسکی خۆشی، خۆشی خۆیان بۆ باش بوونی من دەربڕی، شێرپەنجە ئەو نەخۆشییە نییە کە خەڵک بەخاڵی کۆتایی ببین و ئیتر بێ هیواببن، ئینسان پێویستە جار جار باوەش بەخۆیدا بکات و بڵێت من باش دەبم و هەموو شتێک باش دەبێت، دوای ئەوەی من سەرکەوتم بەسەر نەخۆشییەکەمدا، ئێستا من بوومەتە نموونەیەکی بەهێزو هانی ئەو کەسانە دەدەم کە نەخۆشن و بتوانن سەرکەوتووبن بەسەریدا.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color