گرنگ

بەڵێندەرێکی ئەمریکی، بەتۆمەتی دروستکردنی کارگەی چەک لە سلێمانی، زیندانی هەتاهەتایی دەکرێت


 
بەڵێندەرێکی ئەمریکی، بەتۆمەتی دروستکردنی کارگەی چەک لە سلێمانی، زیندانی هەتاهەتایی دەکرێت
ڕۆس ڕۆگیۆ، بەڵێندەرێکی ئەمەریکیە لە ساڵی ۲۰۱٤ لەڕێگای کریستینا سیدیرۆپۆڵۆ کە کارمەندێکی بەڕەگەز یۆنانییە بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئەو کاتی گروپی فاروق هۆڵدینگ بوو دەگاتە شاری سلێمانی. سەرەتای کارکردنی لەگەڵ کۆمپانیای زەریا کۆنسترەکشن دەبێت کە لەلایەن زەریای کوڕی فاروق مەلا مستەفا سەرمایەداری کوردەوە خاوەندارێتی دەکرێت.
بەمەبەستی کارکردن لە دروستکردنی چەند باڵەخانەیەکی بەرز لەگەڵ کۆمپانیای زەریا کۆنسترەکشن ڕوودەکاتە سلێمانی، بەڵام کار لە باڵەخانەکان ناکرێت، بەڵکو کارەکە دەگۆڕێت بۆ دروستکردنی کارگەیەکی چەک لەسلێمانی. لەڕێگای ڕۆس ڕۆگیۆ چەندین کارمەندی بیانی لەوڵاتانی ئەوروپای ڕۆژهەڵات بەتایبەت ئیستۆنیا و کرواتیا و جۆرجیا دەهێنێتە سلێمانی لە نزیک شاری سلێمانی لەناو چەند جەمەلۆنێک کارگەکە بنیات دەنرێت.
پاش گەڕانەوەی بۆ ئەمەریکا، ڕۆگیۆ لەلایەن پۆلیسی فیدڕاڵی ئەمریکییەوە دەستگیردەکرێت و لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت، ۳۷ تۆمەتی جیاوازی ڕووبەڕوو دەکرێتەوە هەر لە ئەشکەنجەدانی دوو کارمەندی کارگەکە و هەتا دروستکردن و بە قاچاخ بردنی چەک و کارکردن لەگەڵ کۆمپانیای سکویریتی چەکداری نەناسراو.
دادگایکردن و لێکۆڵینەوە لە تۆمەتەکانی سەر بەڵێندەرە ئەمەریکییەکە زیاتر لە چوار ساڵ دەخایەنێت، لە کۆتایی ساڵی ۲۰۱٨ وە دەست پێدەکات. بەپێی زانیاری میدیا ئەمریکیەکان دواجار دادگای پەنسلڤانیا لە هەفتەی ڕابردوو سزای ۷۰٥ ساڵ زیندانی واتە سزای هەتا هەتایی بەسەردا سەپاندو تا ۲۰ی ئاب دەتوانێت تانە لە بڕیارەکەی دادگا بدات و لە دوای ئەو کاتەوە سزاکەی دەست پێدەکات.
ڕۆگیۆ بەهاوکاری کۆمپانیای زەریاو کۆمپانیایەکی سکویریتی و بەرپرسانی دەزگایەکی ئەمنی لە سلێمانی کارگەکە دادەمەزرێنێت. چەند جۆرێک چەکی ئەمەریکی و کرواتی دروست و کۆپی دەکەن. بەتایبەت چەکەکانی M16 و M4 و دەمانچەی کڵۆکی ۱۷ و ڕیتا و دەمانچەی کرواتی. کە لە بازاڕی ناوخۆی هەرێم و عێراق ساغ دەکرێنەوە.
لویس کۆسێدا یاریدەدەری بەڕێوەبەری FBI لە ویلایەتی پەنسلڤانیا بۆ میدیای ئەمریکی ئاشکرای کردووە ڕۆگیۆ جگە لە پێشێلکردنی یاسای ئەمریکی بەوەی بەنایاسایی کارگەی چەکی دروست کردووە. لە ژێر ناوی کۆمپانیادا پارچەی دروستکردنی چەکی لە ئەمریکاوە بۆ عێراق بردووە بۆ شەڕی دژی تیرۆر بۆ هێزە عێراقییەکان، بەڵام پارچەکان بەدەستی لایەنی حکومی نەگەیشتون و لە کارگەیەکی نایاسایدا لە دروستکردنی چەک بەکارهاتوون.
ڕۆگیۆ لە هەرێم پاسەوانی تایبەتی بۆ دادەنرێت لەلایەن کۆمپانیایەکی سکویریتی و دەزگایەکی ئەمنی سلێمانییەوە. لە ناو کارگەکە دەسەڵاتێکی ڕەهای دەبێت، ئەشکەنجەی دوو کارمەندی داوە کە یەکێکیان کارمەندێکی تەکنیکی کارگەکە بووە کە خەڵکی وڵاتی ئیستۆنیای ئەوروپایە لەسەر ووتەی ڕۆگیۆ لەلایەن چەکدارە کوردەکان و کۆمپانیا سکویرێتییەکەوە ئەشکەنجەی توند دەدرێت، چونکە ناڕەزایی لە هەندێک کاری ڕۆگیۆ دەردەبڕێت لە بابەتی کۆپی چەک و کارمەندێکی تری کوردی کارگەکە بەهەمان شێوە بۆ ماوەی ۳۹ ڕۆژ لەسەر داوای ڕۆگیۆ بەند دەکرێت و ئەشکەنجە دەدرێت.
ڕۆگیۆ، تا ساڵی ۲۰۱٨ لە سلێمانی دەبێت و لەدوای کۆتایی شەڕی حکومەتی عێراق و هەرێم لەگەڵ گروپە تیرۆریستیەکان بازاڕی کارگەکە لاواز دەبێت. ڕۆگیۆ بڕێکی زۆری پارەی فرۆشتنی چەک وەک پشکی خۆی دەخاتە سەر ئەژماری خۆی. لە کۆتایدا ناکۆکی لە نێوان ڕۆگیۆو کۆمپانیای زەریا دروست دەبێت.
بە لێکۆڵەرەکانی FBI ڕاگەیاندووە کە پێشتر بەڵێندەر بووە و لە هەرێمی کوردستانی عێراق. لەگەڵ کۆمپانیای زەریا کاری کردوە کە یەکێکە لە گەورەترین کۆمپانیاکانی عێراق بەناوی فاروق هۆڵدینگ گروپ کە سەرمایەکەی ملیارەها دۆلارە و لە پارتی دەسەڵاتداری سلێمانبیەوە نزیک بووە. ڕۆگیۆ بانگەشەی ئەوەی کردووە کاتێک ویستویەتی هەرێمی کوردستان جێبهێڵێت لە فڕۆکەخانەی سلێمانی ڕفێنراوە، لە کاتی ڕفاندنیدا خاوەنی کۆمپانیای زەریا داوای کردووە چەند ملیۆنێک دۆلار بداتە کۆمپانیاکەیان و دواتر بەشێوەیەکی زەحمەت هەرێمی کوردستانی بەجێهێشتووە.
لە لێکۆڵینەوەی FBI دەرکەوتووە، لە سەرەتای دروستکردنی کارگەکەوە هاوبەشەکانی ڕۆگیۆ لە مانگی دووی ٢٠١٥ زیاتر لە یەک ملیۆن و ٣٠٠ هەزار دۆلار لە بانکی نێودەوڵەتی کوردستان لە هەولێر دەخەنە سەر حسابی کۆمپانیاکەی رۆس لە بانکیPNC و دواتر ٢٠ جار حەواڵەی تر بۆ ئەژماری ڕۆگیۆ دەڕوات.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color