گرنگ

لەفڕۆکەخانەی کەرکوک دوو گروپی حەشدی شەعبی بەچەک ڕووبەڕووی یەک بوونەوە


 
لەفڕۆکەخانەی کەرکوک دوو گروپی حەشدی شەعبی بەچەک ڕووبەڕووی یەک بوونەوە
دوا نیوەڕۆی ڕۆژی ۲۱ی ئەم مانگە لە ناو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی کەرکوک دوو گروپی حەشدی شەعبی بەچەک ڕووبەڕووی یەکتر بوونەتەوە و بۆماوەیەک تەقەکردن لەنێوانیاندا بەردەوام بووە، بەو هۆیەوە سێ کەس برینداربوون.
سەرچاوەیەک لەفەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی کەرکوک بە بوارنیوزی ڕاگەیاند، هێزێکی حەشدی شەعبی سەربە میحوەری ڕۆژهەڵاتی دیجلە بەفەرمانی ئەبو حیسام سەهلانی چوونەتە سەر بیناکانی بەشی سەربازی وپاراستنی فڕۆکەخانەکە و داوایان کردووە لیوای ۱٦ی حەشدی شەعبی کە سەر بە میحوەری باکوری حەشدە چەند بیناو بارەگایەکی ناو فڕۆکەخانەکە و پشتی فڕۆکەخانە چۆڵ بکات، بەڵام هێزەکانی لیوای ۱٦ی حەشد داواکەیان ڕەت کردووەتەوە و لە ئەنجامدا ڕووبەڕوو بونەوەی چەکداری دروست بووە.
هەر بەو هۆکارە بۆ ماوەی دوو کاتژمێر کارەکانی فڕۆکەخانەی کەرکوک ڕادەوستێت و دواتر هێزێکی زۆری سوپای عێراق لەسەر داوای فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی کەرکوک دەگەنە فڕۆکەخانەکە و کۆتایی بەشەڕەکە دەهێنن و چواردەوی فڕۆکەخانەکە کۆنترۆڵ دەکەن و ڕێگاکانی گەیشتن بەسەربازگەی کەیوان دادەخەن .
چەند کاتژمێرێک دوای دەستپێکردنی شەڕەکە هێزێکی زۆری سەربە میحوەری باکوری حەشد لە دووز خورماتوو و تازەو داقوقی باشوری کەرکوکەوە بەرەو ناوشاری کەرکوک بەڕێدەکەون و مەترسی هەبووە پەلاماری هێزەکانی میحوەری ڕۆژهەڵاتی دیجلەی حەشد لەنزیک سەربازگەی کەیوان بدەن .
بەپێی زانیارییەکانی بوار، هۆکاری سەرەکی شەڕەکە دەگەڕێتەوە بۆ ناکۆکی نێوان ئەبو ڕەزا نەجاڕ فەرماندەی میحوەری باکوری حەشدی شەعبی و ئەبو حسام سەهلانی فەرماندەی میحوەری ڕۆژهەڵاتی دیجلەی حەشدی شەعبی و ڕەنگیداوەتەوە بۆ ململانێی گروپەکانی حەشد لەسەر کۆنترۆڵکردنی فڕۆکەخانەی کەرکوک کە بڕیارە لەئایندەیەکی نزیکدا هێڵی گواستنەوەی کەلوپەل وگومرکی لێ دابمەزرێت و لە ئێستادا لیوای ۱٦ی حەشدی شەعبی کە زۆرینەی چەکدارەکانی تورکمانە سەربە ڕێکخراوی بەدرن کۆنترۆڵی بەشێکی زۆری فڕۆکەخانەکەیان کردووە.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color