گرنگ

وردەکاری دانانی کامێراکانی چاودێری تیژڕەوی ناسراو بە خاڵ بۆ خاڵ


 
وردەکاری دانانی کامێراکانی چاودێری تیژڕەوی ناسراو بە خاڵ بۆ خاڵ
دوای چەند مانگێک لە دواکەوتنی خستەکاری کامێراکانی چاودێری تیژڕەوی کەوتنەکار و بۆ ماوەی هەشت ڕۆژ تێست دەکرێن و لە کۆتای ئەم مانگەوە بە فەڕمی سزای تیژڕەوی ئەژمار دەکەن.
بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سلێمانی ڕایگەیاندووە ”شوفێرانی پارێزگای سلێمانی کە پرۆژەی کامێرای چاودێری تیژڕەوی ناسراو بە Point to Point وەکو هەنگاوی یەکەم ٢٤ کامێرا لە نێوان تاسڵوجە تا دوکان لە رۆژی یەک شەممە، ٢١ی ئایار، تا ڕۆژی یەک شەممە، ٢٨ی ئایاری ٢٠٢٣، دەچنە قۆناغی تاقیکردنەوە و تیژڕەوی تۆمار دەکەن، بەڵام سزا ئەژمار ناکەن. لە رۆژی دوو شەممە ٢٩ی ئایاری ٢٠٢٣ ەوە کاتژمێر ٠٨:٠٠ ی بەیانی کامێراکان تیژڕەوی تۆمار دەکەن و شوفێری سەرپێچیکار سزای دارایی بە گوێرەی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران ژمارە (٧٩)ی ساڵی ٢٠١٦ دەدرێت.
بڕیاربوو لە کۆتای ساڵی ڕابردوو کامێراکان بکەونە کار، بەڵام لە مانگەکانی ئاب و ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوو لە ڕێگای ”دوکان- سلێمانی” دووجار تەقە لە کامێراکان کراو کۆمپانیای جێبەجێکار ناچاربوو کامێراکان هەڵبگرێتەوە، دواتر لەناو بۆکسی درع جێگیریان بکاتەوە.
لە خۆپیشاندانی هاوڵاتیانی شارۆچکەی پیرەمەگرونیش هەوڵی سوتاندنی دوو کامێرا درا و بەو هۆیەوە کارکردن بە سیستەمەکە دواکەوت.
بەپێی گرێبەستێک لە نێوان کۆمپانیای ئێرلی فیوچەر بۆ ئەلیکترۆنیات و وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم، کۆمپانیاکە ۲۲٥ کامێرای چاودێری تیژڕەوی لە شەقامەکانی ناوشاری سلێمانی و ڕێگاکانی دەرەوەی شار لە سنوری هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە دادەنێت.
کۆمپانیای ئێرلی فیوچەر، خاوەنەکەی فەرحان عەبدولکەریم حەسیب تاڵەبانییە و کەسێکی نزیکی هەریەک لە بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانییە. گرێبەستی کامێرای تیژڕەوی بە شێوازی ڕاستەوخۆ و تایبەت بێ تەندەرین و کەمکردنەوەی نهێنی یان زیادکردنی ئاشکرا پێیدراوە.
گرێبەستەکە پێویستی بەڕەزامەندی ئەنجومەنی وەزیران بووەو قوباد تاڵەبانی وەک جێگری سەرۆکی حکومەت ڕەزامەندی داوە. لە ۱۱ی ٤ی ۲۰۲۱یش گرێبەستەکە لە نێوان خاوەنی کۆمپانیاکەو ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ واژۆ کراوە.
بەپێی گرێبەستەکە، کۆمپانیاکە بەشێوازی پۆینت تو پۆینت ۲۲٥ کامێرای چاودێری خێرای ئۆتۆمبێل بە دوو ئاڕاستە دادەنێت و بۆماوەی ۱٥ ساڵ. لە دوای تەواو بوونی دانانی کامێراکان داهاتی سزای خێرای شۆفێران ۷۰ لە سەدی بۆ کۆمپانیای ئێرلی فیوچەر دەبێت و ۳۰ لەسەدی دەگەڕێتەوە خەزێنەی حکومەت.
بەپێی گرێبەستەکە دەبێت لە ماوەی ٥۰۰ ڕۆژ کۆمپانیاکە کارەکانی تەواو بکات. ئێستا لە قۆناغی کۆتایدایەو چاوەڕوان دەکرێت پێش ساڵی نوێ دەست بەکارکردن بکات.
گرێبەستەکە بەبڕی ٥۳ ملیار و ٥۹۰ ملیۆن دینار ئەنجام دراوە و ئەو بڕە پارەیە بریتیە لە تێچووی دانانی سیستەم و دروست کردنی بیناو کڕینی ٤۰۳ ئۆتۆمبیل بۆ دەزگاکانی وەزارەتی ناوخۆ لە سلێمانی.
کۆمپانیاکە شەقامەکانی پارێزگای سلێمانی بەم شێوەیە بۆ پێنج قۆناغ دابەش کردووە:
۱-ڕێگای نێوان پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی ڕاپەڕین کە لە تاسڵوجەوە تا دوکان و ڕانیەو قەڵادزێ دەگرێتەوە.
۲-ڕێگای نێوان سلێمانی و چەمچەماڵ لە تاسڵوجەوە تا بازگەی مەقان لە چەمچەماڵ دەگرێتەوە.
۳-ڕێگاکانی نێوان سلێمانی تاهەڵەبجەو سیدسادق و پێنجوێن و شارەزوور.
٤-ڕێگای ”سلێمانی- گەرمیان” کە دەربەندیخان تا کفری و کەلار دەگرێتەوە.
٥-ڕێگاکانی شاری سلێمانی ۱۰۰ مەتری و ٦۰ مەتری تا تاسڵوجەو عەربەت و تونێلی ئەزمەڕ.
لە داهاتوشدا هەر ڕێگایەک دروست بکرێت کۆمپانیاکە دەتوانێت سیستەمی کامێرای لێ جێگیر بکات وەک چۆن ئێستا ڕێگای ۱۰۰ مەتری تەواو نەبووە، بەڵام لە گرێبەستەکە ئاماژەی پێدراوە.
لە ڕێگاکانی دەرەوەی شار لە هەر پێنج کیلۆمەترێک کامێرایەک دادەنرێت. ئەگەر شۆفێرێک لە نێوان شارێک بۆ شارێکی تر لە کاتی دیاریکراو زووتر بگات سزا دەدرێت و چیتر شۆفێران ناتوانن لە نێوان دوو کامێراش خێرا بڕۆن، چونکە کامێراکان بە سیستەمی کات کاردەکەن.
بڕگەیەکی تری گرێبەستەکە کڕینی ٤۰۳ ئۆتۆمبێلە بۆ دەزگانی وەرارەتی ناوخۆ بەم شێوەیە: ۲٥٨ ئۆتۆمبێلی پیکاب جۆری میستۆبۆشی و ۱٤٥ ئۆتۆمبێلی جۆری ڕاف فۆڕ و ئۆتۆمبیلەکان ڕادەستی حکومەت کراون.
لە بەشێکی تری گرێبەستەکەدا هاتووە کە ۲۱ کامێرای جێگیر کە کۆمپانیای باڤیان دایناوە بۆ هاتوچۆی سلێمانی دەدرێتە کۆمپانیای ئێرلی فیوچەرو تێکڕا کامێراکان دەبنە ۲٤٦ کامێراو ئیتر کار بە کامێرا جوڵاوەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتوچۆ ناکرێت. چاوەڕوان دەکرێت داهاتی کامێراکانی هاتووچۆ چەندین هێندەی ئێستا بێت.
خاڵی قورسی گرێبەستەکە پابەندکردنی حکومەتە بە پارەدان بە کۆمپانیاکە بە شێوەی مانگانە و چاوەڕوان نەکردنی کاتی وەرگرتنی سزاکانە لە شۆفێران. دەبێت حکومەت هەموو مانگێک لە داهاتی ناوخۆی سلێمانی پارەی کۆمپانیاکە بدات و بچێتە ژێر باری سزای ئەو ئۆتۆمبێلانەش کە هەڵگری تابلۆی سلێمانی نین.
کۆمپانیای ئێرلی فیوچەر، نۆ باڵەخانە بۆ بەڕێوەبردنی کامێراکان دروست دەکات. بینایەک لەناو بەڕێوەبەرێتی هاتوچۆو بەڕووبەری ۲۰۰ مەتر و هەشت بینا بەڕوبەری۱۰۰ مەتر لە شوێنەکانی تر بۆ کۆنترۆڵکردنی سیستەمی کامێراکان. حکومەت پابەندە زەوی بۆ بیناکان تەرخانبکات. ئەمە جگە لەوەی کە نابێت حکومەت لە ماوەی ۱٥ ساڵی داهاتوو هیچ بڕیارێک بدات بە ئاڕاستەی زیانگەیاندن بەکۆمپانیاکە وەکو کەمکردنەوەی پارەی سزای شۆفێران و لێخۆشبوون.
حکومەت دەبێت خەرجی چاککردنەوەی کامێراکان بدات کاتێک بە هۆی ڕووداوی هاتوچۆو خۆپشاندان و کاری تێکدەرانەوە و هۆکاری سروشتیەوە زیانیان پێ دەگات. هەر کاتێک حکومەت بیەوێت گرێبەستەکە هەڵبوەشێنێتەوە دەبێت سەرجەم خەرجی و قازانجی پێشبینی کراوی ۱٥ ساڵ بداتە کۆمپانیاکە.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color