گرنگ

تورکیا، چاکسازی لە بۆڕی جەیهان وەک فشار بەکار دەهێنێت


 
تورکیا، چاکسازی لە بۆڕی جەیهان وەک فشار بەکار دەهێنێت
بۆڕیەکە هیچ کێشەیەکی نیە و دوای بومەلەرزەکە ٤٥ ڕۆژ نەوتی پێدا هەناردەکراوە
لەسەر دەست پێنەکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم و کەرکوک، بۆ بەندەری جەیهان لەتورکیا کۆمپانیای سۆمۆ و وەزارەتی نەوتی عێراق ڕاپۆرتێکیان بۆ مەحەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق ناردووە وەکو وەڵامێک بۆ بیانووی تورکیا لەسەر چاکسازیکردن لە بۆڕی هەناردەکردن و ئەوەیان ڕاگەیاندووە ئەو بیانوەی تورکیا دوورە لە ڕاستییەوە سەبارەت بەگرفت لە بۆڕیەکە. ئاماژەیان بەوەداوە لە دوای بومەلەرزەکەی ٦ی شوباتی ڕابردوو لە تورکیا، تەنها بۆ ماوەی ۲٤ کاتژمێر هەناردەی نەوت ڕاگیرا. دواتر بەبێ گرفت هەناردە دەستی پێکردەوەو بۆ ماوەی ٤٥ ڕۆژ بەردەوام بوو تا ۲٥ی ئازاری ڕابردوو.
ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەگرفتەکانی مێژووی بۆڕیەکە داوە وەک تەقینەوەو گرفتی تەکنیکی لە وێستگەکانی پەمپ کە تەنها ۲٤ کاتژمێر تا سێ ڕۆژی پێویست بووە بۆ چاککردنەوە. ئەوە ڕوون کراوەتەوە لە وەستانی هەناردەی نەوتەوە تا ساتی نوسینی ڕاپۆرتەکە هیچ تیمێکی تەکنیکی لە تورکیا کاری لەسەر بۆڕیەکە نەکردووە.
لەلایەکی ترەوە عەدنان جابری ئەندامی لیژنەی نەوت و غازی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هۆکارەکانی دەستپێنەکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم و کەرکوک بۆ فشاری تورکیا دەگەڕێنێتەوە لەسەر عێراق.
جابری بەئاژانسی مەعلومەی ڕاگەیاندووە ”بابەتی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم و کەرکوک، لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکی لەلای لایەنی عێراقی و هەرێمەوە هیچ گرفتێکی نییە. تەنها تورکیا بەهۆی چەند بابەتێك ڕێگا بەهەناردەکردن نادات و ئاماژەی بەوەداوە لە عێراق هیچ کێشەیەك نییە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم. چونکە بەغداد و هەولێر ڕێکەوتنیان هەیە و هەردوولا خوازیارن بەزووترین کات هەناردە دەست پێبکاتەوە”.
عەدنان جابری ڕایگەیاندووە ”تورکیا فشار دەخاتە سەر عێراق بۆ ئەوەی دەست لە مافی قەرەبووکردنەوەی دارایی بێنێت کە دادگای نێو بژیوانی ژووری بازرگانی پاریس بەسەر تورکیادا وەک سزا سەپاندوویەتی.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color