گرنگ

بینای مەکتەبی سیاسی یەکێتی موڵکی گشتی بووەو لەسەر ئیدارەی گشتی تاپۆکراوە


 
بینای مەکتەبی سیاسی یەکێتی موڵکی گشتی بووەو لەسەر ئیدارەی گشتی تاپۆکراوە
یەکێتی، مەکتەبی سیاسی لە سلێمانی لە بیناکەی ئێستای دەگوازێتەوەو بیناکە وەک هەنگاوی یەکەم بۆ نوسینگەی جێگری سەرۆکی حکومەت بەکار دەهێنرێت. بیرۆکەی ئەوەش هەیە لەلایەن ئیدارەی گشتی یەکێتیەوە بۆ پڕۆژەی بازرگانی بەکار بهێنرێت و باڵەخانەیەکی نوێ بۆ مەکتەبی سیاسی دروست بکرێت هاوشێوەی هەولێر و کەرکوک.
بەپێی زانیارییەکانی بوار، لە ئێستادا ئامادەکاری چۆڵکردنی بینای مەکتەبی سیاسی دەکرێت و بەشێک لە مەکتەبی سیاسی دەگوازرێتەوە بۆ کۆمەڵگای مەکتەبەکانی یەکێتی لە کارێزەوشک. ڕەنگە بەشی دەستەی کارگێڕی تا دابینکردنی شوێنێک بۆیان لە بەشێکی بیناکە بمێننەوە و بڕیارە لەئایندەدا بینایەک بۆ مەکتەبی سیاسی لە بناری چیای گۆیژە دروست بکرێت و بۆ ئەو مەبەستە پارچە زەویەک لەسەر یەکێتی تاپۆ کراوە.
بەپێی زانیاریەکانی بوار، بینای مەکتەبی سیاسی یەکێتی و چوار بینای پاشکۆی لەدیوی پشتەوە لەسەر یەکێتی تەملیک کراوە. لە ساڵی ۲۰۱٨، دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی لە نوسراوێک بۆ قوباد تاڵەبانی داوای تەملیککردنی بینای مەکتەبی سیاسی و پاشکۆکانیان کرد بەو پێیەی لەسەر بودجەی یەکێتی نۆژەن کراوەتەوە.
بینای مەکتەبی سیاسی یەکێتی، لە سلێمانی دەکەوێتە سەر شەقامی سالم و بریتییە لە هەردوو پارچە زەوی ۳۷ و ۷٦ی کەرتی ٨ی ئابڵاخ، ڕووبەرەکەی ۲٥ هەزار مەتر دووجایە.
بینای مەکتەبی سیاسی یەکێتی پێشتر بینای پەیمانگای مامۆستایانی سلێمانی بووە، دواتر لە دوای ساڵی ۱۹۹٦ کراوەتە بینای سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی ئیدارەی سلێمانی تا یەکگرتنەوەی هەردوو ئیدارەی سلێمانی و هەولێر لەساڵی ۲۰۰٥. دواتر مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە قەڵاچوالانەوە گوازرایەوە بۆ سلێمانی.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color